كوردى

بەرگێکی دیکە لە فەرهەنگی زارەکیی موکریان چاپ و بڵاو کرایەوە

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

هەشتەمین بەرگی پرۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەژێر ناوی(خوردوخۆراک)  نوێترین بەرهه‌می فەرهه‌نگ‌نووسی کورد “سەلاح پایانیانی” لە مەهاباد چاپ و بڵاو کرایەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵی (هاژە) لە مەهاباد، هەشتەمین بەرگ لە پرۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەژێر ناوی (خوردوخۆراک) لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر و توێژەری بەتوانا و سەلاح پایانیانی چاپ و بڵاو کرایەوە ئەم کارە لە زنجیرە کارەکانی پڕۆژەی گەورەی فەرهەنگی زارەکیی موکریانە کە تەواوکەری فەرهەنگێکی جامع و کامڵ لە چەشنی ئینسیکلۆپیدیایە.

 

بەشی (خوردوخۆراک) وەک لە عینوانی فەرهەنگەکەدا دیارە گوزارشت لە شتێکی تایبەت دەکا. دوکتور جەعفەری شێخولئیسلامی پێشەکیی ئەم بەرگەی لەژێر ناوی “زمان وەکوو جەستە، ئاوێنە و ئایدیۆلۆژی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا” نووسیوە. بە تێروتەسەلی و زانستییانە فەرهەنگەکەی شی کردووەتەوە و حەقی خوی داوەتێ. نووسەری پێشەکییەکە، چەمکی “زمانناسیی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵناسیی زمان”ی باس کردووە. لە بەشەکانی دیکەدا “زمان و دیالەکت”، “گوتار”، “شیکاریی ڕەخنەگرانەی گوتار”، “ئایدیۆلۆژی” و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی هێناوەتە بەرباس.

 

بەپێی هەمان سەرچاوە فەرهەنگی “خوردوخۆراک” سێ بەشی لەخۆ گرتووە: بەشی یەکەم (چێشت)، بەشی دووەم (ڕسق) و بەشی سێیەمیش (نان)ە و چاوساغی ئەلف‌بێیی و چاوساغی بابەتیی و وێنەی ئەو ژنە ڕووسوور و خۆنەویستانەش دوو ئەوەندەی دیکە فەرهەنگەکەی ڕازاندووەتەوە.

 

ئەم فەرهەنگە لە ئەژماری هەزار بەرگ‌دا و لەژێر چاوەدێریی بڵاوکەرەوەی “سەرای هێمن” لە مەهاباد چاپ و بڵاو بووەتەوە.

 

دکتۆر حەمید حەسەنی (فەرھەنگ‌نووس و توێژەری باڵای فەرھەنگستانی زمان و وێژەی فارسی) سەبارەت به سەلاح پایانیانی دەڵێت: کاری وشەناسیی مەیدانیی زۆر سەخت و تاقەت­پرووکێنە. لەم بوارەدا توێژەرانی ئەورووپایی، وەک دەیڤید نیل مەکێنزی، ئۆسکارمان و ویلھێلم ئایلێرس ھەندێک بەرھەمیان لێ کەوتۆتەوە. فەرھەنگی زارەکیی موکریان، نەک ھەر لە ناو کورد و ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژھەڵاتی ناوین­دا تاقانەیە. بەتایبەت کە بنەمای ئەو بەرھەمەش لەسەر توێژینەوەی مەیدانییە. پایانیانی ھەر بەو تاقە بەرھەمە ناوی خۆی لە توێژینەوەکانی ڕۆژھەڵاتناسییدا بردۆتە ڕیزی نەمران.

 

پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەنپوور لە پێشەکیی یەکێک لە بەرگەکانی ئەم فەرهەنگەدا بەم شێوەیه ڕای خۆی دەربڕێوە: فەرھەنگی زارەکیی موکریان بەرھەمێکی بە کەڵک و ڕیکوپێکە کە کەلێنێکی گەورە لە زمانی سەرکوتکراوی کوردی پڕ دەکاتەوە. کاک سەلاح لێھاتوویی و چازانیی خۆی ھەم لە زمانی کوردی و ھەم لە ھونەری فەرھەنگنووسیندا، لە لاپەڕەکانی ئەو کتێبە دەربڕیوە.

 

سەلاح پایانیانی توێژەر و فەرھەنگ‌نووسی کورد، ٢٠ی خاکەلێوە‌ی 1357ی هەتاوی لە شاری مەھاباد لەدایک بووە و ئێستا بەڕێوەبەری سەرای ھێمنە. پایانیانی زیاتر لە بیست ساڵە بێوچان شانی وەبەر توێژینەوە و فەرھەنگنووسیی زمانی کوردی داوە و کۆمەڵێک بەرھەمی بەپێزی پێشکەش کتێبخانە و نەتەوەی کورد کردووە. ئه‌م نووسەره تا ئێستا 8 بەرگ فەرهه‌نگی زارەکیی موکریان، بەرگێک ئه‌دەبیاتی زارەکی موکریان، دوو بەرگ ئه‌دەبیاتی زارەکیی منداڵانی ناوچەی موکریان و بەرگێک “کانی مرادان”ی چاپ و بڵاو کردووەته‌وە.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك