كوردى

حه‌شدی توركمانی: خۆپیشاندان دژی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێراكراوه‌ و دوو كه‌س برینداربون

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

June 14, 2018 at 1:00 pm

سه‌ڵاحه‌دین، 2018، چه‌كدارێكی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

له‌یلا ئه‌حمه‌د –  سه‌ڵاحه‌دین

ناكۆكی له‌نێوان هێزه‌كانی قه‌زای دوزخورماتوو دروستبوه‌ له‌سه‌ر پرسی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌، به‌هۆیه‌وه‌ حه‌شدی شه‌عبی توركمانی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا به‌ ته‌قه‌كردن له‌ هاوڵاتیانی خۆپیشانده‌ر تۆمه‌تبارده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هێزه‌ بونی ناكۆكی ره‌تده‌كاته‌وه‌.

عه‌لى حوسه‌ینى، وتەبێژى هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ باكوری عیراق، له‌لێدوانێكیدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرای به‌ “نه‌گونجان و وشك” له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ ناوبردو تۆمه‌تباریكردن به‌ ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌ران و برینداربونی دوو هاوڵاتی.

حوسه‌ینی وتی “سێشه‌ممه‌ 13ی حوزه‌یران لەنێو بازاڕى قەزاى خورماتوو خۆپیشاندان كراو داوای دورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا كرا له‌شاره‌كه، چونكه‌ سوكایه‌تیان به‌ خه‌ڵك كردوه‌‌”.

“خۆپیشاندانەکه‌ ورده‌ ورده‌ گه‌وره‌ بوو، چونه‌ سەر هێزى بەرپەرچدانەوەی خێرا، بۆیە  کاردانەوەى لێکەوتەوە و هێزى بەرپەرچدانەوەى خێرا بەدەستدڕێژى گولە دوو له‌ خۆپیشانده‌رانیان برینداركرد”، حوسه‌ینی وای وت.

خۆپیشانده‌رانی توركمانی شیعه‌ چونه‌ته‌ سەر هێزى بەرپەرچدانەوەی خێرا

له‌ 13-1ی ئه‌مساڵه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی عیراق  به‌ ئامانجی به‌رقه‌راركردنی ئاسایش، هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرای له‌ قه‌زای دوزخورماتوو جێگیركرد و دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌یان وه‌رگرت.

وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ خۆی توركمانی شیعه‌ مه‌زهه‌به‌، وتی “خۆپیشانده‌ران ته‌نیا توركمانه‌ شیعه‌كان بون، كوردو عه‌ره‌ب به‌شدارنه‌بون، کێشەكه‌ له‌ نێوان شیعەکان و هێزى بەرپەرچدانەوەى خێرایه‌… بەداخەوە هەڵسوکەوتیان وشکەو گونجاو نین بۆیە خەڵکیش نایەوێت لێره‌ بمێننەوە”.

به‌ڵام لێپرسراوی راگەیاندنى هێزه‌كانى بەرپەرچدانەوەى خێرا ره‌تیكرده‌وه‌ ناكۆكی و خۆپیشاندان دروست بوبێت.

نه‌قیب فراس وتى “خۆپیشاندانەکان نه‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت ئاژاوه‌ دروست بكه‌ن”، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی هیچ لایه‌نێك بهێنێت.

هه‌روه‌ها دڵنیایی دایه‌ هاوڵاتیانیش له‌ مانه‌وه‌یان و پاراستنی قه‌زاكه‌ له‌هه‌ر روداوێكی نه‌خوازراو وتی “به‌بێ جیاوازی ئه‌منیه‌تی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ده‌پارێزین و هه‌موان بۆ ئێمه‌ وه‌كو یه‌كن”.

سه‌ڵاحه‌دین، 2018، چه‌كدارێكی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك