كوردى

حه‌شدى شه‌عبی له‌ خورماتوو سه‌رانه‌ له‌ شوفێران وه‌رده‌گرن

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

سه‌رچاوه‌یه‌ك: وه‌رگرتنی سه‌رانه‌ و به‌رتیل له‌ناو داموده‌زگا حكوومییه‌كانیش هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ فه‌رمانگه‌كانى نفووس و شاره‌وانی

میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له‌ خورماتوو، سه‌رانه‌ له‌ شۆفێرانی بارهه‌ڵگر وه‌رده‌گرن و به‌رپرسێكى حزبیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ هه‌ردوو ده‌روازه‌ى باكوور و باشوورى خورماتوو، سه‌رانه‌ له‌ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگره‌كان له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ له‌ شۆفێران وه‌رده‌گیرێت.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌رسه‌لان عه‌لی، به‌رپرسی لێژنه‌ى ناوچه‌ى خورماتووى پارتی دیموكراتى كوردستان، بۆ هه‌فته‌نامه‌ى (باس) ڕای گه‌یاند: “له‌ هه‌ردوو ده‌روازه‌ى باكوور و باشوورى خورماتووه‌ سه‌رانه‌ له‌ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگره‌كان له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ له‌ شۆفێران وه‌رده‌گیرێ، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌ به‌رپرسەكانى حه‌شدى شه‌عبی ئه‌وه‌ى دركاندووه‌ كه‌ هه‌ر ئێوارانێك له‌ یه‌كێك له‌ بازگه‌كانى خورماتوو ده‌وەستێت و رۆژانه‌ى چوار هه‌زار دۆلارى هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ خۆی وه‌ری ده‌گرێت، واتا سه‌رانه‌ وه‌رگرتنه‌كه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌ نموونه‌ ئێواران له‌ یه‌كێك له‌ بازگه‌كان به‌ ده‌ست گرووپێكى چه‌كدارییه‌وه‌یه‌ و بۆ خۆیان پاره‌ له‌ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگره‌كان وه‌رده‌گرن و ئه‌وه‌شی كه‌ بمێنێته‌وه‌ ده‌یده‌ن به‌ به‌رپرسه‌كانیان”.

هاوكات، ئه‌رسه‌لان عه‌لی، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، هه‌ر ئۆتۆمبێلێكى بارهه‌ڵگر باری پێ بێت ئه‌و ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌ پاره‌یان لێ وه‌ردەگرن و ته‌نانه‌ت هێزێكى چه‌كدارى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبی له‌م رۆژانه‌ى رابردوو چوونه‌ته‌ سه‌ر عه‌لوه‌ى خورماتوو به‌ دوكانداره‌كانیان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌ر دوكانێك له‌ عه‌لوه‌ى خورماتوو پێویسته‌ له‌ قازانجی مانگانه‌یان له‌ %15 بده‌نه‌ ئه‌و گرووپه‌ى حه‌شدى شه‌عبی و به‌گوێره‌ى پسووله‌ی فرۆشتنى میوه‌كانیان له‌ سه‌ره‌مانگ كه‌سانى سه‌ر به‌ حه‌شد ده‌ڕۆن دوكان به‌ دوكان له‌ناو عه‌لوه‌ى خورماتوو ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ى بزانن له‌و مانگه‌دا چه‌ند رزقیان فرۆشتووه‌ و چه‌ند قازانیان كردووه‌ و دواتر له ‌یه‌كى ده‌ده‌نه‌وه‌ و ئینجا بڕی له‌ %15ى قازانجیان له‌ دوكان به‌ دوكان ده‌وێت، هه‌روه‌ها به‌رتیل له‌و شۆفێرانه‌ش له‌ سایلۆی خورماتوو وه‌رده‌گیرێ كاتێك كه‌ گه‌نم و جۆ راده‌ستی سایلۆى خورماتوو ده‌كه‌ن، ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ش دزییه‌كى ئاشكرایه‌ و له‌ خه‌ڵك له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وە ده‌كرێت و ئێستا زیاتر بووه‌.

شارى خورماتوو ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕێگاى سه‌ره‌كیى نێوان شاره‌كانی هه‌رێمى كوردستان و كه‌ركووك و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا و شاره‌كانى دیكه‌ى باشوورى عێراق، بۆیه‌ ڕۆژانه‌ هه‌زاران ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت و بارهه‌ڵگری و گواستنه‌وه‌ى هاووڵاتییان به‌ ناو شارى خورماتوودا تێپه‌ڕ ده‌بن و له‌ ده‌روازه‌ى باكوورى شاره‌كه‌ له‌سه‌ر پردى پڕۆژه‌ى ئاوى خورماتوو بازگه‌یه‌كى سه‌ره‌كی هه‌یه‌ و له‌ ده‌روازه‌ى باشوورى شاره‌كه‌ش له‌سه‌ر پردى رووبارى ئاوه‌سپی بازگه‌یه‌كى تر هه‌یه‌، كه‌ به‌ده‌ست پۆلیسی فیدڕاڵی و هێزى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا و گرووپه‌كانى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ خورماتوو كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاو بكه‌ینه‌وه‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: “هه‌ر ئۆتۆمبێلێكى بارهه‌ڵگر كه‌ باری پێ بێت، ئیتر باره‌كه‌ى هه‌رچییه‌ك بێت، پسووله‌یه‌كی وه‌همى له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ دروست كراوه‌، ئیتر به‌ نموونه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ له‌ بازگه‌ى باكوورى خورماتووەوه‌ بێت ئه‌وا له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانى ئه‌و بازگه‌یه‌وه‌ پسووله‌كه‌ى پێده‌درێت و له‌به‌رامبه‌ردا بڕی 15 هه‌زار دیناری لێ‌ وه‌رده‌گیرێ و كاتێك بیه‌وێت له‌ خورماتووش بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وا له‌ بازگه‌ى باشوورى خورماتوو ته‌نیا پسووله‌كه‌ نیشان ده‌دات و ئیتر تێده‌په‌ڕێت، هه‌ر ئۆتۆمبێلێكى بارهه‌ڵگرى له‌ بازگه‌ى باشوورى خورماتووش بێته‌ ژووره‌وه‌ هه‌مان بڕه‌ پاره‌ى لێ وه‌رده‌گیرێ، ئینجا ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگرانه‌ كه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌ى به‌غدا ده‌ڕۆن له‌ سنوورى ناحیه‌ى عوزێمى سه‌ر به‌ پارێزگاى دیاله‌ جارێكى تر له‌لایه‌ن گرووپه‌كانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ سه‌رانه‌یان لێ وه‌رده‌گیرێ، به‌ڵام له‌و شوێنه‌ به‌گوێره‌ى بارى بارهه‌ڵگره‌كان پسووله‌یان بۆ ده‌كرێت و پاره‌یان لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ بڕواته‌ ناو خه‌زێنه‌ى حكوومه‌ت و ته‌نیا دابه‌شی سه‌ر گرووپه‌ جیاجیاكانى حه‌شدى شه‌عبی ده‌كرێت”.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئێستا كه‌ وه‌رزى دروێنه‌ى گه‌نم و جۆ ده‌ستی پێكردووه‌ و جووتیارانیش كاتێك كه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ده‌یانه‌وێت گه‌نم و جۆكانیان ڕاده‌ستی سایلۆ بكه‌ن، چه‌ند چه‌كدارێكى حه‌شدى شه‌عبی له‌به‌رده‌م ده‌رگاى سه‌ره‌كیى سایلۆی خورماتوو، كه‌ به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین سایلۆ له‌ عێراق داده‌نرێت، وه‌ستاون و له‌ هه‌ر ئۆتۆمبێلێكى بارهه‌ڵگرى گه‌نم و جۆ بڕی 250 هه‌زار دیناری لێ وه‌رده‌گرن.

(باس) بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر وه‌رگرتنی سه‌رانه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ له‌ خه‌ڵك، په‌یوه‌ندى كرد به‌ چه‌ند به‌رپرسێك له‌ناو خورماتوو، له‌نێویانیشدا ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى قه‌زاى خورماتوو، به‌ڵام ئه‌وان ڕه‌تیان كرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ قسه‌ بكه‌ن.

سامان حه‌یده‌ر، جووتیارێكى ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ خورماتووه‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: “به‌هۆی ئه‌وه‌ى بارانى ئه‌مساڵ دواكه‌وت، بۆیه‌ جووتیارانی سنوورى خورماتوو چاندنى ئه‌مساڵیان به‌رهه‌مى كه‌م بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ساڵانه‌ له‌ مانگى 11 باران نه‌بارێت ئه‌و كاته‌ ده‌غڵودان به‌رهه‌مى وه‌ك پێویست نابێت، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك، له‌لایكى تریشەوە، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ و ده‌مانه‌وێت ڕاده‌ستى سایلۆی خورماتووى بكه‌ین، ئه‌وا بۆ ئه‌مساڵ له‌ هه‌ر ئۆتۆمبێلێكى گه‌نم و جۆ بڕی 250 هه‌زار دینار وه‌ك ڕه‌شوه‌ وه‌رده‌گیرێ، بۆیه‌ دۆخى جووتیارانی خورماتوو به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باش نییه‌ و دواى ئه‌وه‌ش كه‌ گه‌نمه‌كانمان ڕاده‌ستى سایلۆ ده‌كه‌ین، ئینجا پێدانى پاره‌كانمان له‌بری گه‌نم و جۆ وه‌رگرتن له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ زۆر دوا ده‌كه‌وێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ى پێشووى (باس) ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، وه‌رگرتنى سه‌رانه‌ و به‌رتیل ته‌نانه‌ت له‌ناو داموده‌زگا حكوومییه‌كانى خورماتوودا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و سه‌رانانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ وه‌رى ده‌گرن كه‌ سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبین و سه‌رانه‌ وه‌رگرتن زیاتر له‌ناو فه‌مانگه‌ى نفووس و شاره‌وانى هه‌یه‌ و ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كه‌ به‌ ئاشكرا بۆ ڕاییكردنی كاری هاووڵاتییان به‌رتیل له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن و هیچ لایه‌نێكى حكوومى و حزبی و ته‌نانه‌ت دادگاش له‌ ئاستنی وه‌رگرتنى سه‌رانه‌ و ڕه‌شوه‌ و به‌تیل له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبی و كه‌سانى سه‌ر به‌و تاقمه‌ چه‌كدارییانه‌وه‌ ده‌نگى ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕیوه‌.

شارى خورماتوو له‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان پێكدێت و یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیدارى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوو به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار، شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیر كرا و ئێستاش جگه‌ له‌وه‌ى دۆخى ئه‌منیى تێك چووه‌ و به‌شێكى زۆرى هاووڵاتییانى كوردى خورماتوو ئاواره‌ی هه‌رێمى كوردستان بوونه‌، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك