كوردى

لە هەرێمی کوردستان چەندین جۆری دەرمان لە كوردستاندا قەدەخە دەكرێن

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی: 20 جۆر دەرمان لەبەر بوونی ماددەی هۆشبەر تیایاندا، فرۆشتنیان قەدەخە كراوە

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) كە بۆ (باس) نێردراون، دەردەكەوێت چەند جۆرە حەبێكی نایاسایی لە كوردستاندا هەن و قەدەخە كراون.

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات، جۆرێکی ساختەی حەبی چارەسەری فشاری خوێن “EXFORGE”ی کۆمپانیای “NOVARTIS” له بازاڕەکانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا پەیدا بووە.

بەڕێوەبەرایەتییەكە جەخت دەكاتەوە، كە دەبێ هاووڵاتییان خۆیان له بەکارهێنانی ئەم جۆره حەبه بپارێزن و داواش له کۆمپانیا و دەرمانخانەکان دەکات مامەڵەی پێوه نەکەن و له کاتی بەرچاوکەوتنی ئەم حەبه ئاگاداریان بکەنەوه، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بگرنە بەر.

كۆنترۆڵی دەرمان ئاشكراشی كردووە، چەندین جۆر دەرمانی گیایی نایاسایی لە كوردستاندا هەن، بۆیە چەندین ماددەی گیایی دەستیان بەسەردا گیراوە، کە بە ڕێی نایاسایی و نازانستی هاوردەی كوردستان کراون و هیچ جۆرە پشکنینێکیان له كۆنترۆڵی دەرمان بۆ نەکراوە.

دووپات كراوەتەوە، ئەو ماددە گیاییانه رێژەیەکی زۆری ماددەی قورسیان تێدایه، کە زیانی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە، بۆیە دەبێ هاووڵاتییان خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی ئەو دەرمان و ماددە گیاییانە، كە لەو شوێنانەی نایاسایین و هیچ مۆڵەتێکیان نییە.

جەختتیشی كردووەتەوە، هاووڵاتییان هیچ جۆره دەرمان یان دەرمانێکی گیایی نەکڕن، که ستیکەر (لەزگەی) کوالێتیی کۆنتڕۆڵیان لەسەر نەبێت و بەو رێکلام و پڕوپاگەندانه هەڵنەخەڵەتێن، که بۆ دەرمانی گیایی نایاسایی دەکرێن.

لە سەرێكی تریشەوە ئەوەش خراوەتە ڕوو، دوای بەدواداچوون و پشکنین له تاقیگەکان، دەرکەوتووە حەبی (Atacand 8mg)، که رێکەوتی بەرهەمهێنانەکەی مانگی “6/2015″ه، به ژماره باچی “NAED” خاسییەتەکانی نییه و هیچ کاریگەرییەکی چارەسەری نییه و تەنیا پارە لە خەڵك وەردەگیرێت.

ئەوان داوایان له هاووڵاتییان كردووە له بەکارهێنانی ئەم حەبه بەو ژماره باچه خۆیان بپارێزن، دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمانیش نەیفرۆشن.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەكە جۆرە كرێمێكی بە ناوی”NOBURN 1% CREAM قەدەخە كردووە، چونكە لە چەند پشكنینێكدا دەركەوتووە، ئەو كرێمە لە پشكنین دەرنەچووە، لەبەر ئەوەی گۆڕانکاریی فیزیاوی لەسەر ماددەکه رووی داوه، که بووەته هۆی ئەنجام‌نەدانی کاری راستەقینەی خۆی و بەکارهێنانی بۆ نەخۆش هیچ سوودێکی نییه، لەبەر ئەم هۆکاره مامەڵەکردن بەو کرێمه راگیراوە.

هاوكات، بەپێی بەڵگەكان دەردەكەوێت، جێڵی جۆری (Olfen Gel) به ژماره باچی “N 52335” له بازاڕەکانی دەرماندا هەیە، ئەو جێڵە بۆ هەوكردن و شكاندنی ئازار بەكار دێت، بەڵام دوای پشکنینی له تاقیگەکانی كۆنترۆڵی دەرمان دەركەوتووە، که ئەم ماددەیه دەقاودەق خاسییەتەکانی نییه و هیچ کاریگەرییەکی چارەسەریی نییه و رێژەی مادده چالاکەکەی سفره، بۆیە داواكراوە له هاووڵاتییان له بەکارهێنانی ئەم جێڵه بەم ژماره باچه خۆیان بپارێزن و له کاتی بەرچاوکەوتنیان له بازاڕەکانی دەرمان ئاگاداریان بکەنەوه.

د. گۆران ڕۆژبەیانی، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی بە (باس)ی راگەیاند، ئەو حەب و دەرمانانە لە هەر شوێنێك هەبن رێكاری یاساییان لە دژ دەگیرێتە بەر، گوتیشی: “هەر جۆرە دەرمانێكی قەدەغەكراو یان دەرنەچوو لە پشكنین لە دەرمانخانەیەك یان لە كۆگایەكدا ببیندرێت، ئەوە ئەو شوێنە دەدرێتە دادگا و ئەو كارەشمان كردووە و بەردەوامیشین”.

روونیشی كردەوە: “كاتێك دەرمانخانەكە یان كۆگای دەرمانەكە دەدرێتە دادگا، لێكۆڵینەوە دەكرێت لە چۆنیەتیی هاتنی دەرمانەكە و ئەو كەسانەی دەستیان لە كارەكەدا هەیە”.

جەختی كردەوە، ئەو حەب و دەرمانانەی قەدەغەیان كردوون، دەبێ هاووڵاتییان مامەڵەی پێوە نەكەن و هەر كاتێك بینییان، تیمەكانی چاودێریی تەندروستی ئاگادار بكەنەوە.

زیاتر گوتیشی: “چەندین باندی دەرمانمان لە ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش دەستگیر كردووە، ئەوانە لەپشت دەرمانی ساختە و قەدەغەكراو بوونە و دادگایی كراون و هەندێكیان حوكمی دادگایان بۆ دەرچووە و دەست بەسەر دەرمانەكانیشیاندا گیراوە”.

بەپێی زانیارییەكان، ناوی 20 جۆر دەرمان دراوەتە كۆگا و دەرمانخانەكان، بۆ ئەوەی ئەو دەرمانانە نەفرۆشن، لەبەرئەوەی ماددەی هۆشبەریان تێدایە.

بەرپرسەكەی كۆنترۆڵی دەرمان، دەشڵێت: “بە لیست ناوی دەرمانە قەدەغەكراوەكانمان داوەتە دەرمانخانە و كۆگا و كۆمپانیاكانی دەرمان، هەر شوێنێك پابەند نەبێت رێكاری یاسایی لە دژیان دەگیرێتە بەر”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەندیكای دەرمانسازان بە (باس) دراوە، لە تەواوی كوردستان هەزار و 800 دەرمانساز، لەگەڵ 800 دەرمانخانە و 95 كۆگای دەرمانی قانوونی هەیە، هەروەها 6 هەزار شوێنی نایاسایی و بێ مۆڵەت لە دەرمانخانە و كۆگا هەیە مامەڵە بە دەرمان دەكەن، زیاتر لە 150 كۆمپانیای دەرمانیش هەیە.

 

 

 

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك