كوردى

لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان چی روویدا؟

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو-هەولێر

لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی کوردستاندا سەرۆک هەڵنابژێردرێ و تەنیا دەنگ بۆ خولێکی تازەی پەرلەمان دەدرێ. پەرلەمانی کوردستان یەکلاکردنەوەی پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی خستە خولی پێنجەم، بڕیاردرا لە وەرزی دووەمدا دەنگی لەسەر بدرێت. 

پڕۆژەی هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی و گۆڕانەوە پێشنیاز کرابوو، یەکگرتووش لە پڕۆژەیەکدا داوایکرد سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نەمێنێ. بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە و دەبێ بمێنێ.

پەرلەمانی کوردستان دیسانەوە خۆی لە قەرەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دا. ئەمجارە داوایانکرد لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێ سەرۆک بۆ هەرێمی کوردستان هەڵنەبژێردرێ.

لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو قەوماندی و قاقای خستە نێو پەرلەمان. بەڵام کاتێ قسەی فەرمییانکرد، یەکگرتوو داوایەکی پێشکەشکرد هیج حیزب و فراکسیۆنێکی دیکە تاوەکو ئێستا ئەو داوایەی پێشکەش نەکردووە.

بەهزاد زێباری، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: “ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بێت”.

بەڵام یەکێتی لەنێو پەرلەماندا دەڵێت نابێت دەست بۆ دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ببرێت. دلێر ماوەتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی: “بەلای ئێمەوە سەرۆکایەتی هەرێم گرینگە و تایبەتمەنی خۆی هەیە، رەمزی هەرێمی کوردستانە و رەمزی نەتەوەیی و نیشتمانییە”.

سەرباری ناڕازایەتی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو، بەڵام دوای زیاتر لە دوو کاژێر گفتوگۆ، یاسایەکە پەسەندکرا.

ناوەڕووکی یاساکە سێ خالی سەرەکی لە خۆی دەگرێ

یەکەم:  هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان هەڵپەسێردرا.

دووەم: دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەمێنێت و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

سێیەم: خولی داهاتووی پەرلەمان راسپێردرا کە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە.

دوای پەسندکردنی یاساکە، یەکێتی دەڵێ ئەمە باشترین هەنگاوبوو لێ دەرچووین. دلێر ماوەتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: “ئێمە بە نوێنەرایەتی یەکێتی پێمانباش بوو کە ئەمە دەرچەیەکی مامناوەند بوو بۆ ئەم قۆناخە. ئێمە هەمیشە گوتوومانە بەشێک دەبین لە چارەسەر و نەبووینەتە گرێ”.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك