كوردى

خۆپیشاندان لە بەسرە دەستپێدەکاتەوە

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو – هەولێر

لە بەسرە، شاری پڕ نەوتی عێراق، هاواری خەڵک لە بێکاری، هەژاری، گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و دەیان قەیرانی چەقبەستووی دیکە بەرزبووەوە.

خۆپیشاندەران وێنەی قوربانییانی بەسرەیان بەرزکردەوە کە لە شەڕی داعشدا کوژراون، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی بە بەغدا بڵێن “شارێکی خاوەن دەیان قوربانیتان فەرامۆشکردووە”. 

حەشمیە موحسین، خۆپیشاندەر لە بەسرە دەڵێ “بەڵێنەکان جێبەجێناکرێن، چونکە هەرشتێک لەسەر شتێکی بێ بنەما بونیادبنرێت بێ بنەما دەبێت. حکومەت لەسەر بنەمای تایفی و حیزبی بونیادنراوە بۆیە پێم وانییە حەیدەر عەبادی بتوانێت لەنێو ئەم  وێرانکارییەدا شتێک بکات. مەگەر یەک شت بکرێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی و تواناکان پێکبهێنرێت دوور لە پشکپشکێنە، ئەو کاتە دەتوانێت گەل رزگار بکات”.

حەشمیە هەروەها دەڵێ “ئەم حکومەتە و حکومەتی داهاتووش ئەگەر هاوشێوەی ئەمەی ئێستا بێت، پێشبینی ناکەین ئەدای باش ببێت، خۆپیشاندانەکانیش بەردەوام دەبن و کۆتاییان نایەت، ئێمە بەشێکین لەو خەڵکانەی هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا لە ساڵی 2013ـەوە بەشداریمان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە تاوەکو ئێستا، بەردەوامیش دەبین تاوەکو ئەو دەمەی سەرجەم مافەکانی خەڵک دەستەبەر دەکرێن”.

بەدرێژایی خۆپیشاندانەکە خەڵک هاواریان دەکرد “هەموو پارتە سیاسییەکان بێ کەڵکن و پەرلەمان سەرچاوەی گەندەڵییە”. خۆپیشاندەران گلەیی یەکەمیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرەیە: دەڵێن داواکارییەکانمان لەوێوە ناگەنە بەغدا. 

مورتەدا قەرەقۆشی، خۆپیشاندەرێکی دیکەی بەسرەیە، ئەو دەڵێ “داواکارییەکی دیاریکراومان نییە، بەڵام داواکاریی سەرەتاییمان هەن، پێویستە بەرپرسان وەڵاممان بدەنەوە. ئەگەر ئەنجوومەن یاخود حکومەتی بەغدا وەڵامی یەک داواکاریشی دایەوە هەر باشە. ئەنجوومەنی ئێرە لە جێبەجێکردنی پەیمانەکانیدا شکستی هێناوە. تاکە بەرپرسێک لەکارەکەی دوورنەخراوەتەوە، کە وابێت سوودی  ئەنجوومەنی پارێزگا چییە؟ زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەن خاوەن کۆمپانیان، خاوەن سەرمایەن، چوونەتە نێو حکومەت تاوەکو پڕۆژەکانی خۆیان سەربخەن. ئەگەر لە خزمەتی خەڵکی بەسرەدابوونایە دەهاتنە ریزی خۆپیشاندەران. خۆ هەموو شتێک درووشم و راگەیاندن نییە”.

ئەمە یەکەمجار نییە خەڵکی بەسرە بەهۆی خراپی گوزەران و کەمی خزمەتگوزارییەوە هاواریان لێ هەڵدەستێت، لەوەش ناچێت دوایینجار بێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و دەیان قەیرانی دیکە کەوتوونەتە ژێر چەتری قەیرانی پێکهێنانی حکومەت. 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك