كوردى

نیشانەیەک لەسەر ڕێگای سەربەخۆیی

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

حەز بەوە ناکەم ڕیفراندۆمی 25 ئەیلوولی 2017 بکەمە بۆنەیەک، کە ساڵانە یادی بکرێتەوە، ئیتر چ بە باری ستایشکردنەوە بێت، یان لۆمە و سەرکۆنەکردن، چونکە ئەو کەسانەی کە هەوڵ دەدەن ڕیفراندۆم و ئەنجامەکەی وەک (سەرکەوتنێکی مەزن)، یان (دەسکەوتێکی بێ نموونە) وێنا بکەن و پەخشی بکەنەوە، لە باشترین حاڵەتیاندا، دووفاقن. هەرچی ئەوانەن کە هەوڵ دەدەن ڕیفراندۆم وەک (شکستێکی ناچیزە)ی کورد بەگشتی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هی بەڕێز مەسعود بارزانی، وێنای بکەن و بیگوازنەوە، هەموو ئەوانە پێڕێکن لەو کەس و لایەنانەی، کە کینەی نەتەوەیی، یان حزبی، یاخود سیاسی، یا کەسی، دڵ و چاوەکانی ڕەش داگەڕاندوون. لەسەر ئەو بنەمایە، ڕیفراندۆم بەوەی هەیەتی و لەسەریەتی، بووە ڕابردوو، کە بە گونجاوی نازانم بکرێتە بۆنەیەک، یان سرووتێکی ساڵانە، کە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردی، یادی بکرێتەوە. بە جۆرێک لایەنگرانی ڕیفراندۆم وەک جۆرێک لە نماییش و بەپیرۆزکردن و بەنەمریکردنی حزبی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی بەکاری بهێنن. لەگەڵ ئەمەشدا، ڕێگام بدەن، ئەم چەند خاڵانەی خوارەوە باس بکەم:  

یەکەم: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان، کە کوردی عێراق پیادەی کرد، مافێکی ڕەسەن و سروشتییە. شتێکی سروشتی و پێویستیشە کە سەرۆکایەتیی هەرێم، لە نوێنەرایەتیی خودی بەڕێز مەسعود بارزانی، لە پێشەنگی ئەوانە بێت کە پشتگیری و پشتیوانی و پاڵپشتیی ئەوانە بێت کە سەرکردایەتیی کاروانی پیادەکردنی ئەو مافە دەکەن، بەڵکوو ئەوەی کە لەو نێوەدا سروشتی نییە، ئەگەر کاک مەسعود چۆکی بۆ فشارە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان دادابوایە و دوودڵ بوایە و بەمەش مافی خۆی و گەلەکەی بخاتە بەرپێی فشار و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، چونکە مافی بڕیاردانی چارەنووس لە بڕگەی دووەمی ماددەی یەکەمی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، هەروەها لە بەشی 11، لە ماددەی 73ی هەمان میساقدا باس کراوە. هەروەها ئەم مافە یەکێکیشە لە بنەما و پرەنسیپەکانی سەرۆکی ئەمەریکی ودرۆ ویڵسۆن، وەک چۆن ئەو مافە وەک پرەنسیپێک لە میساقی ئەتڵەسیی ساڵی 1941دا ئاماژەی پێ کراوە. ئاماژە پێکردن و باسکردنیشی لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەوەدایە، کە دانپێدانانێکی جیهانییە بە پرەنسیپەکە، وەک شتێکی بنەڕەتی لەپێناو پاراستنی پەیوەندییە دۆستایەتی و ئاشتیخوازییەکانی نێوان دەوڵەتان. هەروەها وەک مافی تەواوی گەلان لە ماددەی یەکەمی هاوبەشی پەیمانگای جیهانیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری دانی پێدا نراوە، کە دواتر لە ساڵی 1976دا هەردووکیان چوونە واری جێبەجێکردنەوە. هاوکات مافی گەلان لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان، لە زۆرێک لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا، دانی پێدا نراوە. لەنێویاندا جاڕنامەی بنەما و پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە پەیوەندییە دۆستایەتییەکان و هاوکاریی نێوان ئەو دەوڵەتانەی ساڵی 1970 لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەرگیراون. هەروەها لە میساقی کۆتایی هیلسنکی، کە کۆنگرەی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا (CSCE) لە ساڵی 1975 ڕەزامەندیی لەسەر دا. هەروەها لە میساقی ئەفریقی بۆ مافەکانی مرۆڤ و گەلان لە ساڵی 1981 و لە میساقی کۆنگرەی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا بۆ ئەوروپای نوێ، کە ساڵی 1990 ڕەزامەندیی لەسەر دراوە. پەیوەست بەمە، بڕیاری پابەندبوونی تەواو بە میساقی کۆتایی هیلسنکی ڕاگەیەندرا و سەرلەنوێ جەخت لە “یەکسانیی گەلان لە مافەکاندا و مافیان لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بەگوێرەی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێساکانی یاسا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان” دەکاتەوە. هەروەها مافی بڕیاردانی چارەنووس لە جاڕنامە و بەرنامەی کاری ڤییەننادا هاتووە، کە لەلایەن کۆنگرەی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە 25/6/1993دا دەرچووە. وەک چۆن دادگای نێودەوڵەتی لە کێشەی نامیبیا، کێشەی بیابانی ڕۆژئاوا و کێشەی تەیمووری ڕۆژهەڵاتدا، جەختی لەسەر ئەو مافە کردووەتەوە. کەواتە ئەگەر سەرکردایەتیی کوردستانی عێراق ملی بۆ ئەو فشارانە دابدابوا و لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پاشگەز ببوایەتەوە، ژێرپێخستن و بەلاوەنانی هەموو ئەم میساق و پەیماننامە نێودەوڵەتییانە بوو.

لەوانەیە کەسێک هەبێت و بڵێت: خاوەنی ئەم پەیماننامە و میساقانە و ئەوانەی واژۆیان لەسەریان کردووە، ڕێزیان لە پەیماننامە و واژۆکانیان نەگرتووە! ئەوە ڕاستە، بەڵام ڕێزنەگرتنیان لەم میساق و پەیماننامانە، بۆ ئەوان داڕمان و شکستێکی ئەخلاقی، سیاسی و یاساییە، کە پێم وانییە سەرکردایەتیی کوردستان هەمان ئەم شکست و داڕمانە ئەخلاقی، سیاسی و یاساییەی بۆ خۆی قەبوڵ کردبا و پێی ڕازی ببا.

دووەم: سەرکردەکانی هەرێم و بەتایبەتی کاک مەسعود، بەردەوام لە لێدوانەکانیاندا جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە و دووبارەیان دەکردەوە کە: “ئەنجامەکان هەرچییەک بن، ئەوان ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەن”. کاتێکیش ئەنجامەکە بێئومێدکەر دەبێ و ئەو ئامانجانەی چاوەڕوان بوون، نایەنە دی، بە چاوپۆشین لە هۆکارەکان و بارودۆخەکە، ئەوە بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیی هەرێمە و بەتایبەتی هی کاک مەسعود. دواجار لەسەر خۆی و حکوومەتی هەرێم پێویست بوو، وەک چۆن بە ئازایەتی و جەربەزەییەوە بەرەو ئەنجامدانی ڕیفراندۆم چوون، دەبوو سەرکردایەتیی کوردی لە پەیوەست بە ئەنجامەکە و ئەو بارودۆخەی گەلی کوردی تێکەوت، بۆ خەڵکی روون بکەنەوە لە کوێدا سەرکردایەتیی کورد کورتی هێنا؟ لە کوێدا خوێندنەوەی هەڵەی بۆ هەڵوێست و بارودۆخەکان کرد؟ بەداخەوە ئەمە نەکرا.

سێیەم: بە بڕوای من، کە پێشتریش لەمیانی کۆڕێکمدا لە زانکۆی زاخۆ (نيسانی 2017)، هەروەها لە وتارەکانی دیکەیشمدا، باسم لەوە کردووە، حکوومەتی هەرێم پلان و نەخشە و ئامادەکارییێکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی بەهێز و هەمەلایەنەی نەبوو، کە پاڵشت بێت بۆ ڕیفراندۆم، بەڵکوو هەموو ئامادەکارییەکەی لەسەر ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی سادە بوو، هەروەها نوێنەرایەتییەکانی هەرێم و ڕێکخستنەکانی حزبە کوردییە عێراقییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا، بە ئاراستەی پشتییوانی و سەرخستنی ڕیفراندۆم، نەکەوتنە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی، بەڵکوو کارەکە لە هەندێک چالاکی و ئاهەنگی پشتیوانی بۆ ڕیفراندۆم تێپەڕی نەکرد، چالاکی و ئاهەنگگەلێک، کە ئەنجام و دەسکەوتی سیاسی و دیبلۆماسی وەدەست بێنێت. لەکاتێکدا پێویست بوو کە پێش ڕووداوی ڕیفراندۆم، هەڵمەتێکی چڕ و فراوانی پەیوەندیگرتنی فراوانی نێودەوڵەتی لەگەڵ سەنتەرەکانی توێژینەوە و ناوەندەکانی بڕیار و لۆبییەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکا، بەڕێوە چووبا، نەک ئەوەی پەیوەندیکردن بە هەندێ کەس و بەس. ئەمەش بۆ خۆی ڕەخنەیەکە و ئاراستەی حکوومەتی هەرێم دەکرێ، بەتایبەتیش ئەو باڵەی کە لایەنگری ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بوو.  

چوارەم: ڕاستە بەرهەمی ڕیفراندۆمی 25/9/2017 پێنەگەیشت، بەو ئاراستەیەی کە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی خۆی لە دەوڵەتی عێراق وەدەست بێنێت، ئەو عێراقەی کە لە باری حوکمڕانییەوە، بە هەموو پێوەر و بنەماکانی، ملکەچی داگیرکاریی ئێرانە. هەروەها ئەوەیش ڕاستە کە ڕەتکردنەوەی عەرەبی (وڵاتانی کەنداو و میسر و…هتد) و تورکیا و ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، جۆرێک بوو لە ڕێپێدان بە مانەوەی تەواوی عێراق، لە باشووریەوە تا باکووری، لەژێر داگیرکاریی ئێران، عێراقێک کە (ڕێپێدراوی سامی)ی ئێرانی، نوێنەری ویلایەتی فەقیه، جەنەڕاڵ قاسم سولێمانی، بەڕێوەی دەبات. دوای ئەمە، ئەوەی کە هەنووکەش بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ ڕووخاندن، یان کەمکردنەوە و بەتاڵکردنەوەی ئۆتۆریتەی ئێرانی لە عێراقدا دەیکات، هەنگاوی یەکەمی ئەم بوارە دەبوا، سەربەخۆیی کوردستان بوا، حکوومەتی هەرێم لەمەشدا نەیتوانی ئەوکات لەم ڕووەوە بڕوا و قەناعەت بە ئەمەریکا بهێنێت.

پێنجەم: ڕاستە ڕیفراندۆم بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، ئامانجەکانی خۆی نەپێکا، بەڵام ژاوەژاو و ئاڵۆزییێکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی دروست کرد، کە دەکرێ وەک جووڵاندنی، یان ختووکەدانی لایەنە کوردییەکان لەناوەوە و دەرەوەی عێراق دابندرێت، هەروەها وەک جووڵاندن و بزواندنی (هاوپەیمانەکان) بەر لە دوژمنەکان، لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشدا. بەمەش ڕیفراندۆم لەو چرکەساتە یەکلاییکەرەوەیە، دەمامک و ماسکەکانی لەڕووی ڕاستەقینەی هەر یەکە لە ئێران، تورکیا، سعوودیە، ئەمەریکا و ئەوروپا ڕاماڵی. بۆیە پێم وایە هەنگاونان بەرەو ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کارێکی ڕاست و باش بوو، بۆ ئەوەی لە ئاستی کوردی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، زۆرترین ڕاستی و تێوەگلانەکان ئاشکرا ببن، هەروەها بۆ ئەوەی کورد بزانێت، کە لە باری دیبلۆماسیدا چەندە لاوازە.  

شەشەم: ڕاستە کەرکووک یەکێک بوو لە قوربانییەکانی ڕیفراندۆم، بەڵام ڕاستییەکەی تریش ئەوەیە، کە هەر لەبنەڕەتدا کەرکووک بەشێک نەبوو لە نەخشەی کارگێڕیی ئێستای کوردستان، بەڵکوو لە چوارچێوەی ناوچە کێشەلەسەرەکان بوو. وەک چۆن ئەوەی لە کەرکووک ڕووی دا، جارێکی دیکە و لە مێژوودا سەلماندی، کە لە ئاستی کوردی و ناوخۆیی کورددا، کێ لەگەڵ سەربەخۆییدایە و کێش دژی سەربەخۆییە؟ چۆن ڕق و کینەی حزبی و کەسی، لە چرکەساتێک لە چرکەساتەکاندا، کە هەمیشە لە مێژووی هاوچەرخی کورددا دووبارە دەبێتەوە، خەون و ئامانج و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی لەبار برد؟ پێم وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان شتێکم بە مانایەک لەو مانایانە نووسی: دەکرێ بەبێ کەرکووکیش، کوردستان سەربەخۆ ببێت، مەرج نییە هاتنەوەی ئەم پارێزگایە بۆ ناو نەخشەی هەرێمی کوردستان، مەرجی یەکلاکەرەوە بێت بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵکوو دەکرێ سەربەخۆیی ڕابگەیەندرێت، دوای ئەوە ڕوو لە چارەسەکردنی کێشەی کەرکووک بکرێت.

لە یاسا تێناگەم، بەڵام پێم وایە بۆ دادگاییکردنی حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەر پابەندنەبوونی بە دەستوور و جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140ی دەستوور، کە دەبوا ساڵی 2007 کۆتایی هاتبوا، دەتوانین پەنا بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی ببەین. هەروەها لەوانەیە بتوانین تایبەت بە بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی عێراقی و نێودەوڵەتیدا، سکاڵا لە حکوومەتی بەغدا بکەین، بەو پێیەی بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی عێراقی، یان نێودەوڵەتی، ئەم کارەی کرد و ئەمەش پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسای عێراقی و نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافەکانی هەرێمە خۆبەڕێوەبەر، یان فیدڕاڵییەکانە، چونکە بڕینی بودجە، وەک جۆرێک لە سزادانی بەکۆمەڵ و سەپاندنی گەمارۆ و برسیکردن بەسەر تەواوی کۆمەڵگایەکدا، لە خودی خۆیدا تاوانێکە کە بەغدا لە دژی کوردستان دەیکات. دەکرێ سەرکردایەتیی هەرێم لیژنەیەکی یاسایی تایبەت و پڕۆفیشناڵ، کە پارێزەری نێودەوڵەتی لەخۆی بگرێت، پێک بهێنێت، بۆ ئەوەی لەبەرامبەر دادگای دادی نێودەوڵەتیدا، سکاڵا لەسەر عێراق تۆمار بکەن. لەم چوارچێوەیەشدا، پێویستە بە ئاراستەی دروستکردنی لۆبییەک کار بکرێت، کە کێشەی کەرکووک بخاتە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان و لەبەر ڕۆشنایی بەندی 12ی تایبەت بە چاودێریی نێودەوڵەتی، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و کاتێکی سنووردار، تا ئەوەی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دانیشتووانی هەرێم (پارێزگا) کۆتایی دێت، بەوەی دەیانەوێ لە چوارچێوەی حکوومەتی فیدڕاڵیدا بمێننەوە، یان بێنە سەر هەرێمی کوردستان، یاخود ببنە هەرێمێکی سەربەخۆ. بەو پێیەی لە ماددەی 75ی بەندی 12دا هاتووە: “نەتەوە یەکگرتووەکان سیستەمێکی چاودێریی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتیی خۆی دادەمەزرێنێ، ئەمەش بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەرێمانەی کە بەگوێرەی ڕێککەوتنە کەسییەکانی داهاتوو، ملکەچی ئەم سیستەمە دەبن و سەرپەرشتی دەکرێن و ئەم هەرێمانەش بە هەرێمەکانی چاودێری، یان ئەو هەرێمانەی چاودێری دەیانگرێتەوە، ناو دەبرین”. ئەمەو لەگەڵ ماددەی 76ی تایبەت بە ئامانجەکانی چاودێری، کە تیایدا هاتووە:

ا – پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

ب – کارکردن لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خەڵکی هەرێمەکانی چاودێری لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فێرکردن، لەگەڵ گەشەپێدانی پێشکەوتنەکەی بەرەو ئۆتۆنۆمی، یان سەربەخۆیی، ئەمەو بەگوێرەی ئەو بارودۆخە تایبەتەی کە لەگەڵ هەر هەرێم و گەلێک دەگونجێت و لەگەڵ ویست و ئارەزووی ئەو گەلانە دێتەوە، کە بەتەواوی ئیرادەیان و ڕێک وەک ئەوەی لە مەرجەکانی هەموو ڕێککەوتنەکانی چاودێریدا هاتووە.

ج – هاندان بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو لایەک، ئەمەو بەبێ جیاوازی و هەڵاواردن بەهۆی ڕەگەز، یان زمان، یاخود ئایین. هەروەها بەبێ جیاکردنەوەی پیاو و ژن. هەروەها هاندان بۆ ئەوەی جۆریک لە درککردن لەنێوان گەلانی جیهاندا هەبێت، بەوەی کە بەیەکەوە گڕێ دراون.

د – زامنکردنی یەکسانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کاروبارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و بازرگانییەکان بۆ سەرجەم ئەندامانی (نەتەوە یەکگرتووەکان) و خەڵکەکانیان، هەروەها زامنکردنی یەکسانی لەناو خودی خەڵکەکە، لەوەی کە پەیوەندیی بە کاروباری دادگا هەیە، ئەمەو بەبێ سەرپێچیکردن لە ئەنجامدانی مەبەستە پێشینەییەکان، لەگەڵ ڕەچاوکردنی حوکمەکانی ماددەی. هاوکات ماددەی 80، جۆری ئەو هەرێمانە روون دەکاتەوە کە سیستەمی چاودێرییان بەسەردا دەچەسپێ:

ا – ئەو هەرێمانەی ئێستا ئینتیداب دەیانگرێتەوە.

ب – ئەو هەرێمانەی لە ئەنجامی جەنگی دووەمی جیهانی لە دەوڵەتە دوژمنەکان دادەبڕێندرێن.

ج – ئەو هەرێمانەی کە دەوڵەتانی بەرپرس لە بەڕێوەبردنیان، بەوپەڕی هەڵبژاردنی خۆیان دەیانخەنە ناو چاودێرییەوە.

حەوتەم: هەندێک کەس وەک (سەرکەوتنی خۆیان و ئەجێندا و باوەڕەکانیان)، هەروەها وەک هەنگاوێکی ناڕاست لە شوێنکاتێکی ناڕاستدا، مامەڵەیان لەگەڵ شکستی ڕیفراندۆم لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی کرد. پێم وایە ئەم ڕایە پشت بە تێگەیشتن و درککردنی پێدراوی مێژوویی لە دروستبوونی دەوڵەتان لە ماوەی ئاڵۆزی و جەنگەکاندا، ناوخۆیی، یان هەرێمایەتی، یاخود نێودەوڵەتی، نابەستێت. لەوانەیشە ئەوانە نەزانن، یان خۆیان لەوە نەبان بکەن، کە تا ئێستاش ئەو هەڵوێستە کوردییەی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سوور و پێداگر بوو، پشت بە زەمینەیەکی پتەوی یاسایی و ئەخلاقی و سیاسی دەبەستێت، ئەمەو سەرەڕای بوونی ئیرادەی گەلێریی کوردی. کەچی بەرژەوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، لە ڕابردوودا و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئاستەنگ دەخەنە بەردەم هەوڵەکان و مافی سەربەخۆیی کورد، بەڵام ئەم بەرژەوەندی و ئاستەنگانە تا هەتایە هەروا نامێننەوە، بەوەی هەوڵی کورد بەرەو مافی سروشتی و ڕەوای خۆیان لە سەربەخۆیی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی، پەک بخەن. پاشان ئەوە هەر تەنیا کورد و ڕیفراندۆمەکەی نین، کە ئامانجەکەی دیاریکردنی چارەنووس بوو، ڕووبەڕووی فشار و ترساندن بووبێتەوە، بەڵکوو هەمان حاڵەت لەگەڵ هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا دووبارە بووەوە. کەتەلۆنییەکانیش لە هەوڵیاندا بۆ سەربەخۆیی، سەرنەکەوتن، کەچی ئەمە هەرگیز بەو مانایە نایەت، کە وازیان لە مافەکانیان هێناوە.

ڕاستە لە ئەنجامی ئەوەی کە لە پێش و دوای ڕیفراندۆم ڕووی دا، کورد بەگشتی و لە کوردستانی عێراق بەتایبەتی، هەروەها بەڕێز مەسعود بارزانی، تاڵی و تفتیی نائومێدییەکەیان چەشت، بەڵام بارزانی وەک ئەزموونەکانی پێشووی نەکرد، کە داوا لە پێشمەرگە بکات چەک دابنێن. بەپێچەوانەوە، بە خۆڕاگری مایەوە. تەنیا شتێک کە ڕەنگە لەسەر کاک مەسعود بە ڕەخنە بگیرێت، ئەوە بوو کە روونی نەکردەوە پرۆسەکە لە کوێدا هەڵە بوو.

هەرگیز ئەم قسەیە بەو مانایە نایەت کە (ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەڵە بوو). نەخێر، بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە، کە پێویستە سەرۆک خاڵەکانی هەڵە و کەموکوڕییەکان لە هەنگاونان بەرەو پرۆسەی ڕیفراندۆمدا روون بکاتەوە، چونکە ئەوە هەڵەیەکی مێژوویی و گەورەیە کە هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی ئەو مافەی کە پەیماننامە و میساقە نێودەوڵەتییەکان دانیان پێدا ناوە، بە هەڵە بزانین. نەخێر، هەرگیز، بەڵکوو ئەوەی لە مافی خۆی بێدەنگ دەبێت، ئەو هەڵەیە، نەک ئەوەی داوای مافەکەی دەکات و هەوڵی بەدیهێنانی دەدات.

هەرچۆنێک بێت، ڕۆژی 25 ئەیلوول، بەوەی هەیەتی و لەسەریەتی، بووە ڕابردوو، پێویست بە پیرۆز و نەمری کردن و زێدەڕۆیی لە ستایش و پیاداهەڵدان ناکات، وەک چۆن پێویست بە لۆمە و سەرکۆنەکردن، بەرنەفرەت خستن و خەنجەرلێدان و جەڵدکردنی خود ناکات. لە باشترین حاڵەتدا، دەکرێ ڕۆژی 25 ئەیلوولی 2017 تەنیا وەک (پڕۆڤە)، یا هەوڵێک، یان وێستگەیەک، یاخود نیشانەیەکی گرنگی سەر ڕێگای کورد بەرەو سەربەخۆیی دابندرێت. ئەو ڕێگایەی کە بۆ هەمیشە پڕە لە سورپرایزەکانی نوشوستی و شکست و خیانەتکاری و…..، هاوکات ئەو ڕێگایەشە، کە ڕۆژگار درێژ بێت، یان کورت، کۆتاییەکەی هەر سەربەخۆیی و ئازادی و ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانەیە.  

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك