كوردى

ژن لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

نووسینی: دیان دوکریە

و. شێرزاد هەینی

کاروانی ژنە زیرەکەکە
لە ١٣ی ئۆگستی ساڵی ١٩٣٩ لە بوخاراست، کیژێکی ئەسمەری لێو قەیتانی ناسک، بە ناوی لنوتا پترسکۆ، دەچێتە ناو بازنەی سەمای باخی شار. لنوتا کیژە یاخییەکە، وەک کیژەکانی نێوان هەردوو شەڕە جیهانییەکە بەناز نەبوو. تازەش لەبەر کوڕە دڵدارەکەی نیکۆلا، بە شاژنی ئاهەنگی شار هەڵبژێردراوە. کیژە جووتیارەکە لە ٧ی ینایری ساڵی ١٩١٦ لە گوندی پترسی ڤالاشیای باکوور لەدایک بووە، لەوێ سەرەتاکانی نووسین و خوێندنەوەی دیبوو، بەشێک بیرکاریی خوێندبوو، تەواونەکردنی خوێندنەکەی لێ بووبوو بە گرێ، هەروەها ئاکار و هەیبەتی دەرەوەیشی شانسی بەختیاریی پێ نەدەبەخشی، بەڵام کیژەکە لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا دەیتوانی لەبەردەم خەڵک، بە روونی و باش لێدوان بدات، ئەوە و بوونی بە شاژنی شەوچەرەکە، دەبێتە مایەی سەرنجی نیکۆلا.

باوکی، کیژەکە دەنێرێتە پایتەخت، بەو هیوایەی لەناو کارگە نوێیەکان کارێک بدۆزێتەوە، ئەویش لە کارگەیەکی چنین دادەمەزرێت، لەوێ بە کەسایەتییە بزێو و چالاکەکەی، زوو دەبێتە دەمڕاستی نێوان کرێکار و خاوەن کارەکان.

بەردەوام بەشداریی گردبوونەوە ناشەرعییەکانی کرێکارەکانی سەندیکای کردووە. حزبی شیوعیی رۆمانییش لە ساڵی ١٩٣٦ەوە لەلایەن کارولی پاشای وڵات دەچەوسێندرایەوە، شەڕەکانی ئەسپانیاش دۆخی ئەوروپا دەهەژێنن و فشاری سەر شیوعییەکان لەلایەن پاسەوانی ئاسنین توندتر دەبێت، دادگاییکردنی ئانا پوکر و سزادانی بە دە ساڵ زیندان، زۆرتر شیوعییەکان هەراسان دەکات و لە بەرچاوان ون دەبن.

لنوتا هاوکاریی جیابووەکان دەکات، لە کارە تێکدەرییەکانیان بەشداری دەکات، دەیەوێ خەونەکانی لەو بوارە دیار بکات و ببێتە جێگرەوەی ئانا پوکر. پاشای وڵات بۆ خۆنمایش و رازیکردنی کرێکارەکان لە ئەیاری ساڵی ١٩٣٩ رێپێوانێکی مەزن ساز دەکات، لەو بۆنەیەدا لنوتا بە هاوشانی براکەی مارتن، دەبێتە پێشەنگی خەڵکەکە، لەبەردەم پاشا هاوار دەکات: نان و ئازادیمان دەوێت.

لەو رۆژە نیکۆلا کە تازە لە زیندان ئازاد کرابوو، نەدەکرا لەو نمایشە دەربکەوێت، چونکە پۆلیس چاودێریی دەکرد، ئەگەرچی ئەو گیرابوو، بەڵام هەندێک دەڵێن گیرانەکەی لەسەر چالاکیی سیاسی نەبووە، بەڵام لەوێ کادیرە چالاکە شیوعییەکان دەناسێت و ئاشنای ئەو بزاڤە بووە.
نیکۆلا لە ٢٦ی ینایری ساڵی ١٩١٨ لەدایک بووە و لە تەمەنی دە ساڵی بۆ کرێکاری و ئیشکردن هاتووەتە بۆخارست.

لە بەهاری ساڵی ١٩٣٩ لنوتا دەبینێت، هاوبەش دەبن لە هزری رووخاندنی رژێمەکە، بەڵام نیکۆلا لەلایەن پۆلیسەوە داواکراو بووە، بە سێ ساڵ زیندانیش سزا درابوو، خۆی رادەستی پۆلیس ناکات، بەڵام دەگیرێت، لە زیندان دەکەوێتە نزیک سەرکردەیەکی بەتوانای بزاڤەکە جورجیو داج، کە سۆڤیەت وڵاتەکە دەگرێت، جورجیو لە زیندان رادەکات، بەڵام برادەرەکەی ناو زیندان لەبیر ناکات. لەبەر ئەوەی لە سۆڤیەتییەکان نزیک دەبێت، دەبێتە پیاوی دەسەڵاتدار و بەهێزی وڵاتەکە، ئیتر نیکۆلا دەبێتە سکرتێری یەکێتیی لاوانی شیوعی، ئەوەی هەرگیز زووتر یەک کۆبوونەوەی جەماوەرییشی نەکردبوو.

نیکۆلا کیژەکە دەدۆزێتەوە، لە ٢٣ی دیسمبەری ساڵی ١٩٤٧ هاوسەرگیری دەکەن، لەو رۆژەوە ناوی لنوتا کە مانای ناسک و نیان بوو، دەگۆڕێت بە ئایلانا، چونکە ناوە کۆنەکەی شیاوی رێزگرتن نەبووە. تا ژنەکە تەمەنی لە پیاوەکە بچووکتر بێت، قەیدی نفووسەکەی دەگۆڕێت و ئایلانا تشاوتشیسکو مەوالیدەکەی دەبێتە ١٧ ینایری ساڵی ١٩١٩.

لە مانگی یۆنیۆی ساڵی ١٩٧٥ ژن و مێردەکە میوانی شا حوسێنی ئوردن بوون، لەسەر بەلەمێک، لەسەر کەنداوی ئەلعەقەبەی دەریای سوور، بەناو ئاوەکەدا گەشتێک دەکەن، ژنەکە یەکەمجار بوو سواری بەلەم دەبێت، ئێوارەکەی ئایلانا لەبەردەم مێردەکەی بۆ پەیداکردنی بەلەمێک دەگریێت و دەنوزێتەوە و دەڵیت: من بێ بەلەم ناگەڕێمەوە. تشاوشیسکۆ بیر لەوە دەکاتە، بوونی بەلەم و دیارییەکی وا سادە بۆ نازدارەکەی چییە، ئاساییە دەوڵەتێکی شیوعی سەرۆکەکەی بەلەمی تایبەتی هەبێت، بۆیە بە نەرمی بە وەرگێڕەکەیان دەڵێن، بە شا حوسێن بڵێت با بەلەمەکە بکاتە دیاری بۆ ئایلانا، بەڵام ئەو پێیان دەڵێت ببوورە، زووتر بەلەمەکە کراوەتە دیاری عەلیا، کیژە نازدارەکەی شانشینی ئوردن، ئەگەرچی ئەوان دڵسارد و نائومێدیش دەبن، دەیانەوێ بڕیاری ساردی و بڕینی پەیوەندییەکانیان بدەن، بەڵام شاحوسێن زوو لە هەڵوێستەکە تێ دەگات و پێیان دەڵێت:

خەم مەخۆن و نائومێد مەبن، دەنێرم لە ئەمەریکا یەکێکی وەک ئەوەتان بۆ بێت، ئیتر پێشنیار دەکەن بەلەمەکە ناو بنێن بەلەمی دۆستایەتی.

پیاوەکە هەموو داوا و رێنماییەکانی ژنەکە جێبەجێ دەکات، بەوەش ژنەکە بەنازتر دەبێت، بۆیەش راشکاوانە گوتبووی:

با بەو چاوە سەیری مەسەلەکان بکەین، رۆمانیای ئیمڕۆ زۆر لە بورجی ئیڤلی ئەوروپای خۆرئاوا ناسراوترە، زۆر لە شاژنی ئینگلتراش بەڕێزترە، هەموو ئەوانەش بە کۆشش و خەباتی من و هاوڕێیەکەمە.

لەو دە ساڵەی نیکۆلا سکرتێری یەکەمی حزبی شیوعی بووە، سەردانی دبلۆماسیی دەرەوەیان دەکرد، خانەخوێیەکان، خاوەن ماڵەکان پەرۆش و کۆششکار دەبوون دڵی ژنەکە، بە دیارییەکان رازی بکەن. ئایلانا مەبەستی بووە دۆلابی جلەکانی زۆرتر و گەورەتر بێت! ژنەکە دەیویست منداڵەکانی ئۆتۆمبێلیان هەبێت! ئەوەش بە ناسیاری و نزیکبوونەوەی لە راوێژکاری فەرەنسی و ئەڵمانی دەستبەر دەبوون، چونکە ژنەکە، ئارەزووی جلی فەرەنسی و ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی کردووە. رۆژێکیان لەبەردەم ژەنراڵ ئایون پاسیبای، راوێژکار و بەرپرسی ئاسایشی تایبەتی نیکۆلا بوو، گوتوویەتی:

بەبیر ئەڵمانەکان بهێنەوە، بەس وشەی ئۆتۆمبێل بڵێ، ئەوەش ئاماژەیە. دەزانی بەو شێوەیە چەند ئۆتۆمبێلمان بە دیاری وەرگرتووە؟ لیمۆزین مارسیدس٦٠٠ بۆ هاوڕێ و یەکێکی ٤٥٠ بۆ (…) و کوبیەیەک بۆ زویا (کیژەکەیان) و ئاودی بۆ نیکۆ و ماڵێکی سەفەری دە مەتری وەک ئۆفیسی سەفەری بۆ هاوڕێ.

ژنەکە بەوانەش تێر نەدەبوو: ئەزیزەکەم لەبیرتە، حوسێن چۆن بەلەمەکەی بۆ دابین کردین؟

پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر سەردانەکەیان بۆ ئوردن، بەلەمێکی نوێ دەگاتە ئەستانبۆل، بەنهێنی و بە پاسەوانیی تەواو دەگاتە مانگالیا. ئیمڕۆش یەکێک لە کۆمپانیاکانی گەشتیاری ریکلام بۆ گەشت و سەیران لەسەر ئەو بەلەمە دەکات. لە مانگی مارسی ١٩٧٥ تشاوتشیسکۆ، دەبێتە سکرتێری گشتیی حزب، ژن و پیاوەکە دەیانەوێ ببنە سەرداری هەموو بابەت و لایەنەکانی وڵاتەکە، نیکۆلا دەیەوێ بۆ رۆمانیا پەنجەرەیەک لەسەر مەیدانی دبلۆماسیی دەولی بکاتەوە، ژنەکەش بچێتە ناو بوارەکانی هزر و زانست.

نیکۆلا دەیویست هاوشانی هزری سەربەخۆیی خۆرئاواییەکان بکات، ناڕەزایی هێرشی سۆڤیەتییەکان بۆ کپکردنی سەرهەڵدانی براگ دەردەبڕێت، لەگەڵ تیتۆ و یۆگۆسلاڤیا پەیوەندیی پتەو دەکات، دۆستایەتیی لەگەڵ چینییەکانیش خۆشتر دەکات. ژنەکەش، دەیەوێ چیتر کیژە شەرمنەکە، کرێکارەکەی کارگەی چنین نەبێت، لەو بوارەدا کار دەکات، دەبێتە سەرۆکی بەشی کیمیا لە ئەنجومەنی ئابووری و گەشەپێدانی سۆڤیەتی و رۆمانی. بەوەندە ناوەستێت و دەستی لە هەموو پلان و بەرنامە زانستییەکانی بوارەکانی زانست و توێژینەوە دەبێت، بەڵام زۆریش لەو بوارە گاڵتەی پێ دەکەن و هەڵەی زەق لە توێژینەوەکان دەکات، بەڵام ئەو سڵ ناکاتەوە، دەگاتە پلەی دکتۆرا لە بواری کیمیا، لە ساڵی ١٩٧٥ نامەی دکتۆراکەی لەسەر چەسپاندنی لاستیکی پیشەسازی بووە، بۆیەش خەڵکێکی زۆر چاوەڕوانی رۆژی گفتوگۆکەی دەکەن، کە بەرپرسەکەی گاڵتە بە نامە و توێژینەوەکەی دەکات، دەیگۆڕن و لە پۆستەکەی دووری دەخەنەوە، یەکێکی تر نامەکەی قبووڵ دەکات، نامەکەی بە سەرکەوتوویی وەردەگرن، بۆ خەڵاتکردنی مامۆستاکە دەبێتە سەرۆکی زانکۆ.

ژن و پیاوەکە، تا ساڵی ١٩٧١ بەیەکەوە کەم دەردەکەوتن، نیکۆلای رابەر و پێشەوای نیشتمانی و شیوعیی رۆمانیای یەکگرتووی سەربەخۆ، ئایلاناش نیشانەی پێشکەوتنی زانستی و پیشەسازی. لەگەڵ هەموو ئەوانەش، ژنەکە زۆرتر وەک سومبڵێکی شەڕەفی بووە، کەمیش لەتەنیشت مێردەکەی دەردەکەوت. لە ٢ی یونیۆی ساڵی ١٩٧١ سەفەرێکی دوورودرێژی ئاسیا دەکەن، دەچنە چین و کۆریای باشوور، لە پەکین ماو و ژنەکەی پێشوازییان دەکەن. لەو گەشتە رەسمییە، گوێ لە رێنمایی سەرکردەی وڵاتەکە دەگرن، نیکۆلا مەبەستی بووە لە شکۆی پارێزەرەکەی مۆسکۆ دوور بکەوێتەوە، دەیانەوێ بوارێکی تر بدۆزنەوە رۆمانیا زۆرتر بەرەو نوێگەریی سۆسیالیزمی ببەن، بۆیەش نیکۆلا، نیگا لە دیدگا و بۆچوونەکانی ماو و سیاسەتەکەی دەکات. بەڵام گەشتەکە بۆ ژنەکە زۆرتر سوودی دەبێت، تا وەک ژنی سەرکردەیەکی شیوعی دەربکەوێت و جیانگ کینگ رێنمایی دەکات، گوێ لە ئەزموونەکەی کۆماری چینی میللی رادەگرێت، چۆن وەک رێبەرێک دەردەکەوێت.

رۆژنامەکانی چین و رۆمانیا بە شکۆوە باسی سەفەرەکە دەکەن، ژنەکە ورد ورد گوێ لە ئامۆژارییەکانی ژنی ماو رادەگرێت، بۆ ئەوەی وڵات بەرەو گۆڕان ببەن و دەست لەناو دەست، لەگەڵ نیکۆلا بوەستێت و دەزانێت وەستانی هاوشانی مێردەکەی چ جۆرە شانازییەکە، بڕیار دەدات زۆرتر لە سەردانە رەسمییەکانی هاوشانی بێت.

کە ژنەکە دەگەڕێتەوە بۆخارست، خەڵکی وڵاتەکە ژنەکەی نیکۆلا بە ئاکار و پۆشاکی نوێ دەبینن، سەیر دەکەن ژنەکە قژ و دیمەن و ئاکاری گۆڕیوە، زۆرتر بە دیار کامێرا و ستۆدیۆکان دەوەستێت، دوور لە ژیانی و کەسایەتیی مێردەکەی ریکلام دەکات.

لە مانگی ئۆگستدا یەکەم جار و دوور لە نیکۆلا، ژنەکە لەناو جەماوەرێکی زۆر دەوەستێت وتار پێشکەش دەکات. رۆژنامە رەسمییەکەی وڵاتیش، شێوازە نوێیەکەی ژنەکە دیار دەکەن، بێجگە لە هاوسەری سەرۆک و هاوڕێ ئایلانا، بەناوی ئەندازیار و دکتۆر و سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی زانست و تەکنەلۆژیای بەرێز ناوی دەبەن. هەنگاوەکە سەردەکەوێت، پاش ساڵێک، ژنەکە یەکەم پۆستی حکوومی لەو بەرنامەیەدا وەردەگرێت.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك