كوردى

سەرۆک بارزانی: نابێت داگیرکردنی کەرکووک ببێتە ئەمری واقیع

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

 

سەرۆک بارزانی، لە کۆبوونەوەیەکیدا، لەگەڵ کەسایەتی و پیاوماقوڵان و کادیرانی سنووری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیان کۆبووە و ڕای گەیاند: ”پێویستە دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت و نابێت داگیرکردنی کەرکووک ببێتە ئەمری واقیع“.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 1692018، سەرۆک بارزانی، لە سەلاحەدین لەگەڵ کەسایەتی، پیاوماقوڵان و کادیرانی لقەکانی سنووری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبووە، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی، ڕۆشنایی خستەسەر و پێشێلكارییە دەستوورییەكانی حكوومەتی عێراقی لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بڕیاری گەلی كوردستان لە ڕیفراندۆم، هەروەها ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و پێشێلکارییەکانی بەغدا لەدژی گەلی كوردستان شی كردەوە.

 

سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد: ”ناوچەی گەرمیان پشکی شێری لە قوربانیدانەکانی گەلەکەمان بەرکەوتووە و بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، خوشک و براکانمان لەو ناوچەیە ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و زوڵمی زۆر بوونەتەوە“.

 

سەرۆک بارزانی، لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەوەشی روون کردەوە، کە پێشتریش چەندینجار ڕایانگەیاندووە کە پێویستە کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و لەڕووی بەڕێوەبردنەوە، کورد زۆر بەخشندە بێت و لەپشکەکانی خۆشی بداتە پێکهاتەکانی دیکە، ئێستاش جەخت لەسەر ئەو بڕوایە دەکەنەوە کە کەرکووک شاری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکانە، بەڵام هیچ سازشێک لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک ناکەن و پێویستە دۆخی ئێستای کەرکووک و دەوروبەری و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی ١٤٠ـی دەستوور ئاسایی بکرێتەوە و نابێت داگیرکردنی کەرکووک ببێتە ئەمری واقیع.

 

هەروەها لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان، لەژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسیدایە و شکست دەهێنێت، بەڵام بەهیممەتی جەماوەری گەلەکەمان، پارتی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات و ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق.

 

سەرۆك بارزانی، لەو کۆبوونەیەدا، ئەوەشی خستەڕوو: ”ئەوانەی زوڵم ناهەقییان بەرنابەر گەلەکەمان کرد، زۆر هەوڵیان دا ڕق و کینە بخەنە دڵی هاووڵاتییانی عێراق، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەریخست کە هاووڵاتییانی عێراق ئەو دەموچاو و كەسایەتییانەی سزا دا كە كرداری نادەستوورییان لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دا بوو“.

 

هاوکات، سەرۆک بارزانی، لەبارەی دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی، ڕای گەیاند: ”ئێمە سێ بنەمامان داناوە و پێداگری دەکەین کە نابێ حوکمی تاکڕەوی هەبێت،  بۆ ڕێگەرتن لەوەش پێویستە حکوومەت لەسەر سێ بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە، تەوافق و هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست بکرێت، لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا لەگفتوگۆیەکی جیدیداین کە تا ئەوکاتەی ئەنجومەنی ئیتیحادی دادەمەزرێت، پێویستە ئەنجومەنێکی باڵای سیاسەت و پلانی ستراتیژی دابمەزرێت، تا بڕیارە گرنگەکان بەڕەزامەندیی نوێنەرانی پێكهاتەكانی عێراق پێكەوە لەو ئەنجومەنەوە دەربچن و کورد تێیدا بەشدار بێت بۆ ئەوەی  چیتر تاكڕەوی لە حوكمڕانی و پێشێلکاری دەستوور ڕوو نەدات و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلەکەمان کران دووبارە بکاتەوە“.

 

لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستانیشەوە سەرۆک بارزانی، ڕای گەیاند، کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە باوەڕی وابووە کە گەل سەرچاوەی بڕیار و شەرعیەتە، بۆیە بێ دوودڵی و بە شانازییەوە دەچێتە ناو ئەو هەڵبژاردنە، داوای لە کادیرانی پارتی کرد کە بەجۆش و خرۆشەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە بکەن، داواشی لە کادیرانی پارتی کرد بە زمانێکی بەرز باسی دەستکەوتەکانی پارتی بکەن و دەست بخەنە سەر کەموکوڕییەکانیش و خۆیان لە تەشهیر و بەڵێنی گەورەی بێ کردەوە دوور بگرن و بەتەواوی پابەندی قانوون بن، جەختیشی كردەوە کە پشتیوان بە گەلەکەمان، پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت و حکوومەتێکی بەهێز و تۆکمە دێتەکایەوە کە بتوانێ چاکسازیی ڕیشەیی بکات.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك