كوردى

مایک پۆمپیۆ داوای ئازادکردنی چەند کەسێکی دیکەش لە تورکیا دەکات

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای ئازادکردنی چەند کەسێکی دیکەش لە حکوومەتی تورکیا دەکات.

 

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) خۆشحاڵیی خۆی بە ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لە تورکیا، نیشان داوە.

 

مایک پۆمپیۆ داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە ”بەخێرایی“ هاووڵاتییە ئەمریکییە دەستگیرکراوەکانی دیکە و هاووڵاتییە تورکەکان ئازاد بکەن، کە لە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا کاریان دەکرد.

 

دوای هەوڵی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا بۆ کودەتا بەسەر حکوومەتی تورکیا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ژمارەیەک کارمەندی کونسوڵخانەکان و باڵیۆزخانەی ئەمریکایان دەستگیر کرد، کە هاووڵاتیی تورکیا و ئەمریکا بوون.

 

رۆژی 15ـی تەمموزی 2016، بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا هەوڵی کودەتایان دا، بەڵام کودەتاکە شکستی هێنا.

 

رۆژی هەینی 12/10/2018، دادگای شاری ئیزمیر لە تورکیا، تۆمەتەکانی سەر ئەندرۆ برانسۆنی قەشەی ئەمریکی رەت کردەوە و بڕیاری ئازادکردنی دا.

 

بەهۆی دەستبەسەرکردنی ئەو قەشە ئەمریکییە، دۆناڵد ترەمپ چەندین سزای ئابووری بەسەر تورکیادا سەپاندبوو، کە سزاکان ببوونە هۆی خراپبوونی ئابووریی تورکیا و دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە.

 

چاودێران پێیان وایە بە ئازادکردنی ئەو قەشە ئەمریکییە، سزاکانی ئەمریکا بەسەر تورکیا کەم دەکرێنەوە و بەهای لیرەی ئەو وڵاتەش بەرز دەبێتەوە.

 

قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.

 

حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك