كوردى

ژمارەیەک پەرلەمانتار پرسی خاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەبەنە پەرلەمان

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو-هەولێر

حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا ئامادە نییە خاڵە گومرگییەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لەسەر رێگەی سەرەکی هەولێر- کەرکووک و سلێمانی-کەرکووک لابدات و پرسی ئەو خاڵە سنوورییانە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

ژمارەیەک پەرلەمانتاریش دەیانەوێ لە پەرلەمانی عێراق ئەو پرسە بخرێتە بەرنامەی کارەوە تاوەکو حکومەت ناچار بکەن ئەو خاڵە گومرگییانە لابدات. بەگوتەی سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، دانانی خاڵی گومرگی کاریگەری راستەوخۆی کردووەتەوە سەر سستبوونی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.

بەپێی دەستوور، حکومەتی عێراق پێویستە ئازادی هاتووچۆ لەنێوان هەرێـمی کوردستان و عێراق دەستەبەر بکات، بەڵام حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، تاوەکو داهاتی سەرجەم خاڵە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان نەدرێتە بەغدا، ئامادە نییە کە ئەو خاڵە گومرگییە لابدات. 

ژماریەک پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی خاڵی گومرگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەیانەوێت داوا لە حکومەتی عێراق بکەن گومرگەکە هەڵبگرێت، کە پێشتر لە سنووری سەفرا بوو ئێستا گواستراوەتەوە بۆ سەر رێگەی هەولێر- کەرکووک و سلێمانی-کەرکووک، بەهۆی ئەوەی خاڵە گومرگییەکە نادەستوورییە و لە ماددەی 24ی دەستووری عێراقدا هاتووە: “دەوڵەت ئازادی گواستنەوە بۆ کرێکار و شمەک و سەرمایەداران دەستەبەر دەکات لەنێوان هەرێم و پارێزگاکاندا”. 

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند کە ژمارەیەک پەرلەمانتار داوادەکەن پەرلەمان پرسی گومرگ لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بخاتە بەرنامەی کارەوە.

ئەحمەد حاجی رەشید  باسی لەوە کرد کە زیاتر لە جارێک داوای لابردنی گومرگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقمان کردووە بەڵام حکومەتی عێراق دەڵێت: “تاوەکو تەعریفەی گومرگی یەک نەخرێت و هەموو داهاتەکان نەگەڕێنەوە بۆ حکومەتی ناوەندی، خاڵە گومرگییەکان لانابرێن”.

عەتا شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خاڵی گومرگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، کاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەر لاوازکردنی بازرگانی و عێراق هاوشێوەی وڵاتان گومرگ لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، هەندێک کات زیاتر لە وڵاتان گومرگ لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.

جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەو کاڵا و بەرهەمانەش گومرگ دەکرێن کە لە بەغداوە هاوردەدەکرێن بۆ هەرێمی کوردستان.

پێشتر وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، لەگەڵ حکومەتی عێراق قسەیان کردووە بۆ ئەوەی گومرگ لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵبگیرێت و ئەوانیش لەبەرامبەردا بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیان داوە.

دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر ئەو بەڵێنە، هێشتا گومرگ لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵنەگیراوە و بازرگانانیش داوادەکەن هەردوو حکومەت چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك