كوردى

گەڕانەوە بۆ بەغدا و كای كۆن بەباكردن

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews


دواى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق و لە یەکەم دانیشتنى پەرلەمانیدا، جارێکى دیکە کورد گەڕایەوە بەغدا و بەنیازە لە حکوومەتى داهاتووى عێراقدا بەشدار بێتەوە. بینیمان لە چەند رۆژى رابردوودا لایەنە عێراقییەکان چۆن سەرکۆمارى عێراقیان هەڵبژارد، کە بەدەر بوو لە سازانى کوردستانى، لە خولەکانى رابردووى هەڵبژاردنى سەرکۆماردا، هەمیشە پەیڕەوى سازانى نیشتمانیى کوردستانى دەکرا و لایەنە کوردستانییەکان بەیەکەوە پاڵێوراوێکیان بۆ سەرکۆمارى عێراق دەپاڵاوت، بەڵام شێوازى ئەمجارە وای کرد ئەم سازانە کوردستانییە نەمێنێت و لایەنە عێراقییەکان و کەسانى دیکە لەجیاتى گەلى کوردستان بڕیار بدەن کێ بکەن بە سەرکۆمارى عێراق، بێ گومان ئەمەش پێشینەیەکى باش نییە بۆ داهاتوو، (من وەک خۆم باوەڕم بە عێراق نییە و باوەڕم نە بە هیچ دەسەڵاتێکى رابردووى عێراق و نە دەسەڵاتێکى ئێستا و ئایندەى عێراقیش نابێت)، بەڵام لەو روانگەیەى کە تا ئێستاش ئێمەى گەلى کوردستان لە چوارچێوەى نەخشەى داتاشراوى عێراقدا ماوینەتەوە، پێویسە لەسەر تەواوى ئەو پرسانەى پەیوەستن بە کوردستان و عێراق، سازانى نیشتمانیى کوردستانیمان هەبێت.

بێ گومان دواى دەستبەکاربوونى سەرۆکى پەرلەمان و سەرکۆمار، بەڕێز عادل عەبدولمهەدى بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێى عێراق راسپێردراوە، لە رۆژانى داهاتوودا پێكهێنانی ئەو حكوومەتە لەلایەن (عەبدولمهەدى)ییەوە دەبینین، بێ گومانم لەوەى دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆكانی پێشووی (عەلاوی و جەعفەری و مالیكی و عەبادى)یە، واتە كای كۆن بەباكردنە، نەك دەوڵەتداری و بیناكردنی حكوومەتێكی دامەزراوەیی و سیستماتیك و مۆدێرن. لە عێراقدا خەڵك كێشەی گۆڕینی دەموچاوەكانی نییە، بەڵكوو كێشەی سەرەكیی، گۆڕینی عەقلیەت و شێوازی بیركردنەوەیە، گۆڕینی شێوازی مامەڵەكردنە لەگەڵ پێكهاتەكانی چوارچێوەی نەخشەی داتاشراوی عێراق، كێشەی خەڵكی عێراق ئەوەیە كەوا پێكهاتەیەك دەبێتە كوێخا و خۆی دەكاتە دەمڕاستی هەموو لایەك و بە چاوی هاووڵاتیی پلە دوو سەیری پێكهاتەكانی دیكە دەكات، ئەمەش وای كردووە كێشەكانی عێراق، بێ چارەسەر بمێننەوە.

گەڕانەوەى کورد بۆ بەغدا و بەشداربوونەوەى لە پرۆسەى سیاسیى عێراق بەو رەوشەى ئێستاى، کە زۆربەى لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ یەک ناکۆکن و سازانى کوردستانى وەک جاران نەماوە، ئەوە وا دەکات کورد لە بەغدا بەلاوازى سەیر بکرێت، ئەمە لە لایەک، لە لایەکى دیکەوە رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و 2ى ئۆکتۆبەرى 2018 درزیان خستە یەکڕیزىی کوردستانى و سازانى کوردستانییان نەهێشت، ئەمەش وای کردووە بەغدا بە چاوى کاراکتەرێکى لاواز و پێکناکۆک لە کورد بڕوانێت، بەتایبەت هەڵبژاردنى سەرکۆمارى عێراقیش بەم شێوازەى ئێستا، وای کردووە لایەنە عێراقییەکان بە چاوێکى نزمتر لە جاران سەیرى کورد بکەن، بۆیە پێویستە سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستان هەڵوەستەى جدی لەسەر ئەم خاڵانە بکات، ئنجا بەشداریى حکوومەتى داهاتووى عێراق بکات. 
ئەگەر كورد وەك جارانی پێشوو بێ سوودوەرگرتن لەڕابردوو، ئەمجارەش بەم رەوشەى ئێستاى لەم حكوومەتەی عێراقدا بەشدار بێت، ئەوا کاریگەرییەکى ئەوتۆى نابێت، لەبەرئەوەی سەركردایەتیی كورد لە كاتی رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە 2003ەوە تا ئێستا، لە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا بەشدار دەبێت و بەردەوام لە دانوستان و گفتوگۆدایە بۆ وەدەستهێنانی خواستەكانی گەلی كوردستان، كەچی تا ئێستا پرسەكان بەهەڵواسراوی ماونەتەوە، كاتی خۆی عەلاوی چارەسەری دۆسێی كوردی بۆ جەعفەری بەجێ هێشت، جەعفەرییش بۆ مالیكی، ئنجا مالیكی لەجیاتی چارەسەر، دۆسێكەی پڕ كێشە و ئاڵۆزتر كرد و بۆ عەبادیی جێ هێشت، عەبادیش گۆڵمەزێکى ناوەتەوە، کێشەکانى قووڵتر کردووەتەوە و بۆ عادل عەبدولمهەدیى جێ دەهێڵێـت، دڵنیا بن عەبدولمهەدیش بۆ ئەوەی دوای خۆی جێ دەهێڵێت، واتە ئەم یارییە سەرەتاى هەیە و کۆتایى نییە. بۆیە پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هیچی دیكە كات بەفیڕۆ نەدات و بەو دەستی دەستییە رازی نەبێت و بە ڕاوێژ لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بڕیاری نەتەوەیی و نیشتمانی و یەكلاییكەرەوەی خۆی بدات و بە زووترین کات ئەنجوومەنێکى سیاسى لە تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان پێک بهێنێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق ئەو ئەنجوومەن بڕیار بدات، نەک هەر کەس و لایەنێک چى بخوازێت ئەوە بکات، پرسى ئێمە لەگەڵ بەغدا پرسێکى نەتەوەیى و نیشتمانییە، بۆ پێویستیمان بە کۆدەنگیى هەیە، نەک کەسانێک بە ئارەزووى خۆیان و بۆ بەرژەوەندیى خۆیان بازرگانى بەم پرسەوە بکەن.
ئەو رەوشەى ئێستا كوردى تێدایە، لە سەركردایەتییی سیاسیى كوردستان دەخوازێت سوودی لێ وەربگرێت و لەدەستی نەدات، بە هاوكاری و پشتیوانیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئەنجوومەنى سیاسى یا بەرەیەكی فراوانی كوردستانی پێك بهێنێت و هیچ لایەنێك پەراوێز نەخات، لەبەرئەوەی هەموو لایەكمان دڵسۆزیی بەشێکى زۆرى لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەبینین، كەوا چۆن بەرەڤانی لە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دەكەن و پشتیوانیی سەركردایەتیی سیاسی كوردستانن، هەقە لەمەودوا سەركردایەتیی كوردستان ئەمە بەهەند وەربگرێت و چاو بە هەڵوێست و سیاسەتەكانیدا بخشێنێتەوە و زیاتر ناوەندی سیاسیی كوردستان رێك بخاتەوە و بەهێزی بكات، قسە و بیروڕا و بۆچوونی وڵاتپارێز و دڵسۆزانیش بەبایەخەوە وەربگرێت و بە سینگێكی فراوانیشەوە بەپیر رەخنە و گازندەكانی خەڵكەوە بچێت، ئەوەی كە بۆ ئەملا و ئەولای دەكات، با بۆ خەڵكی كوردستانی بكات، ناعەدالەتی و پەراوێزخستن لە كوردستان هەیە، ئەمە واقیعێكە و پێویستە دانی پێدا بنێین و كار بۆ نەمانی بكەین، لەم رەوشەدا پێویستە بە گیانێكی كوردستانییانە كار بكەین و راوێژی تەواو لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكاندا هەبێت، ئەگەر بەو ئاراستەیە کار نەکەین، لە ناوخۆى کوردستان، لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکەش بە لاوازى سەیر دەکرێین.
پێویستە هەموو لایەكمان لەم قۆناخ و رەوشە هەستیار و ناسكەدا، جلی حزبایەتی فڕێ بدەین و جلی كوردایەتی بپۆشین، لەبەرئەوەی ئەو هەڕەشانەی كە هەن لەسەر كوردن، نەك ئەم حزب و ئەو حزب، كە دەمانكوژن ناپرسن: كام حزبن؟ بەڵكوو كە سەیر دەكەن كوردین بە چاوێكی دیكە سەیرمان دەكەن، بەدرێژایی مێژوو پرسی ئێمە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانى بووە، لە رابردوودا دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوام هەوڵیان داوە كورد وەكوو نەتەوە بە خاك و خەڵكەوە نەهێڵن، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە دەسەڵاتدارانى عێراق چاویان بە پێشكەوتنەكانی گەلی كوردستان هەڵنایەت و شەڕی كورد و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەكەن، لە هەوڵى لاوازکردن و سنووردارکردنى دەسەڵاتى کوردستاندان، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمانە كەوا بەخۆماندا بچینەوە و سیاسەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی پێڕەو بكەین، پێویستە حزب بكەینە هۆكارێك بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستان، نەك گەلی كوردستان بخەینە خزمەتی حزب.
لایەنە عێراقییەکان سەرەڕاى ناکۆکیی نێوانیان، هەموویان لەسەر لاوازكردنى پێگەى کورد یەک هەڵوێستن و بەردەوام کار لەسەر ناکۆکى و دووبەرەکیى لایەنە کوردستانییەکان دەکەن تا پێگەى کورد لاواز و بێ کاریگەر بکەن، باشترین چەکى ئێمەش بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەم پیلانە و پووچەلکردنەوەی و سەرکەوتنمان، یەكڕیزی و یەكدەنگیمانە.

كاركردنی هەموو لایەكمان بەو ئاراستەیەی باسمان كرد، سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستان زیاتر دەكەنە جێی ئومێدی جەماوەر و بوونێكی كاریگەریشمان دەبێ لە ناوەندی سیاسی و عێراق و وڵاتانیش بەردەوام بیر و بۆچوونەكان بەهەند وەردەگرن و مامەڵەیەکى گونجاوترمان لەگەڵدا دەکەن، بەدەر لەمە، هەموو لایەکمان زیانمەند دەبین و لە رەوتى نیشتمانى و نەتەوەیى دەردەچین، بۆیە پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە هەموو لایەکمان كارمان بنیاتنانە نەك تێكدان.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك