كوردى

کاسبکارانی موسڵ لەسەر ئەرکی خۆیان بازاڕەکان نۆژەندەکەنەوە

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

 رووداو – هەولێر 

زۆربەی خاوەن دووکان و پیشەوەرانی بازاڕی کۆنی موسڵ گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و دەستیانکردووە بە نۆژەنکردنەوەی دووکانەکانیان. بەگوتەی پیشەوەرانی بازاڕەکە بازاڕەکەیان لەسەر ئەرکی خۆیان نوژەنکردووەتەوە و  حکومەتی عێراق یارمەتی پێشکەش نەکردوون. 

کورەکان گەرمن و ئاسنگەرەکانیش خەریکی کارەکانیان لە بازاڕێکی موسڵ، کە بە “بازاڕی ئاسنگەر و دارتاشەکان” ناوبانگی دەرکردووە و، مێژووی دروستکردنی بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە. 

لە ماوەی تەمەنی دروستبوونیدا “بازاڕی ئاسنگەر و دارتاشەکان” چەندینجار رووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە و دوایینیشیان لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە بوو لە ساڵی 2014. 

شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە زیانی گەورەی بە بازاڕەکە گەیاند، بەڵام خاوەن فرۆشگەکان هەر گەڕانەوە و دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی فرۆشگاکانیان کردەوە. 

محەممەد شاکر، ئاسنگەرە لە بازاڕەکە و دەڵێ “گەڕاینەوە و بە هەوڵی خۆمان فرۆشگاکانمان کردنەوە. دانە دانە هەموو فرۆشگاکانمان کردنەوە، تاوەکو بازاڕەکە بەتەواوی کرایەوە. لەم بازاڕەدا دوو جۆر کەس کاردەکەن، ئەوانیش ئاسنگەر و دارتاشن و هەردووکیشیان تەواوکەری یەکدین. مەبەستم ئەوەیە، ئێمە پشت بەوان دەبەستین و ئەوانیش بە ئێمە”. 

رۆژانە ئاسنگەر و دارتاشەکان خەریکی راپەڕاندنی کاری خۆیانن، بەڵام هەرکامیشیان بدوێنیت رەخنەیەکی زۆری لە حکومەتی عێراق هەیە. ئەوان دەڵێن، رێکخراوی داعش زیانی گەورەی پێگەیاندن و لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چەکدارانی داعشیش لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، فرۆشگەکانیان رووخان، بەڵام حکومەتی عێراق لە نۆژەنکردنەوەکەدا هیچ جۆرە یارمەتییەکی پێشکەش نەکردوون. 

خالد زەین، ئاسنگەرێکی دیکەی بازاڕەکە دەڵێ “دوای ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەکە، گەڕاینەوە بۆ بازاڕەکە و خۆمان ئێرەمان خاوێن کردەوە. بە هەوڵ و پارەی خۆمان دەستمان بە دروستکردنەوەی فرۆشگاکانمان کرد. بەو جۆرەش توانیمان جارێکی دیکە ژیان بۆ ئێرە بگەڕێنینەوە و جارێکی دیکەش دەست بە کارکردن بکەینەوە”. 

ژمارەیەکی زۆر کەس بۆ بەدەستهێنانی بژێوی رۆژانەی خۆیان و ماڵ و منداڵیان لەم بازاڕەدا کاردەکەن. ئەوان دەڵێن، باب و باپیرانیشیان لێرە کاریانکردووە و نایانەوێت جێیبهێڵن. 

یوسف عەبدوڵڵا، دارتاشێکی بازاڕەکە دەڵێ “ئێمە لە ناوچەی دەروازەی پردی کۆنین. ئەمە یەکێکە لە بازاڕە کۆنەکانی موسڵ. زۆرینەی فرۆشگاکانی ئێرە ئاسنگەریی و دارتاشین. خانەوادەکەم ماوەی 200 ساڵە لێرە دەژین و پێنج نەوەمان لەم پیشەیەدا کاریکردووە”. 

موسڵ لە 10ـی حوزەیرانی 2014 کەوتە دەستی داعش و لە تەمموزی 2017 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵکرایەوە. 
 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك