كوردى

١٠ رۆژە حه‌ویجه‌ بێكاره‌بایه‌

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

November 10, 2018 at 3:24 pm

كەركوك، 11-11-2017، دوای سێ‌ ساڵ كارەبای نیشتمانی بۆ حەویجە گەڕێندرایەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

١٠ رۆژە دانیشتوانی حەویجە بێکارەبان و ئەوەش بۆتەهۆی پەکخستنی توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و بەوتەی لێپرسراوانیش بێکارەبایی “پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دوادەخات”.

كۆتایی مانگی رابردوو، تاوه‌ر‌ێكی كاره‌با له‌ گوندی ئه‌لسیحه‌ی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ (55كم باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك) له‌ رێی بۆمبێكی چێندراوه‌وه‌ ته‌قێنرایه‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 10 رۆژە‌ ته‌واوی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ بێكاره‌بایه‌؛ هاوڵاتیان و لێپرسراوانی قەزای حه‌ویجه‌ له‌ بەردەوام به‌ ئامانجكردنی تاوه‌ره‌كانی‌ كاره‌با لە ناوچەکەیاندا نیگه‌رانن و داواكارن له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره باڵاکان چاره‌سه‌ری بنه‌ڕە‌تی كێشه‌كه‌ بكه‌ن.

لای خۆیەوە، ره‌عد جبوری، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای‌ حه‌ویجه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی، “سه‌ره‌تای مانگی تشرینی دوووه‌م به‌هۆی‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ تاوه‌رێكی كاره‌با له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی‌ قه‌زاكه کارەبا بڕاوە‌ و دوای‌ گه‌یشتنی تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ بۆ شوێنی روداوه‌كه‌، بۆمبێكی چێندراو پێیاندا ته‌قیوەته‌وه‌ بۆتەهۆی شەهیدبونی كارمه‌ندێک”.

وتیشی “به‌هۆی‌ مه‌ترسی بوونی بۆمبی چێندراوه‌وه‌، تیمه‌كانی‌ چاككردنه‌وه‌ ناتوانن بگه‌نه‌ شوێنی بورجه‌ ته‌قێنراوه‌كان و هیچ هێزێكی ئه‌منیش پاسه‌وانیان ناكه‌ن له‌كاتی كاری‌ چاككردنه‌وه‌دا”.

تیمه‌كانی‌ چاككردنه‌وه‌ ناتوانن بگه‌نه‌ شوێنی بورجه‌ ته‌قێنراوه‌كان

ئه‌حمه‌د ئه‌لجبوری، هاوڵاتیه‌كی دانیشتوی قه‌زای‌ حه‌ویجه‌یه‌ و نیگه‌رانه‌ له‌ به‌ ئامانجكردنی تاوه‌ره‌كانی‌ كاره‌با و بە (كه‌ركوك ناو)ی وت، “زۆر نیگه‌رانین له‌ پچڕانی ته‌زوی‌ كاره‌با‌، چونكه‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ رۆژانه‌مان وه‌ك ئاودانی‌ كێڵگه‌ كشتوكاڵیه‌كانمان و نه‌خۆشخانه‌ ‌بێ كاره‌با به‌ڕێوه‌ناچن”.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ هۆشداریدا لەوەی، “پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له‌ بۆ كێشه‌ی بێكاره‌بایی بدۆزنه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی‌ شه‌پۆلی كۆچكردنی هاوڵاتیان له‌ حه‌ویجه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی تر ده‌ستپێبكاته‌وه‌”. زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ناوچه‌كانی‌ باشور و باشوری رۆژئاوای‌ كه‌ركوك له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام جموجۆڵی چه‌كداری تێدا ماوه‌ و سه‌قامگیری یه‌كجاری بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وە. ”

لە ‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ ساڵێكدا، 36 جار تاوه‌ره‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ كاره‌با له‌ سنوری‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ جارێكیش تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج.

له‌مانگی‌ ته‌موزی‌ رابرودودا، راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رونیكرده‌وه‌ پارێزگاكه‌ پشكی ته‌واوی خۆی وه‌رناگرێت له‌ كاره‌با به‌هۆی به‌ئامانجگرتنی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی وزه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ باشور و خۆرئاوای شاره‌كه‌دا.

سه‌عد ناجی حه‌واس، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ هۆكاری‌ چاكنه‌كردنه‌وه‌ی‌ تاوه‌ره‌كانی‌ كاره‌با بۆ باران بارینی زۆر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت، ئامێره‌كانمان ناتوانن به‌هۆی‌ قوڕولیته‌وه‌ بگه‌نه‌ شوێنی تاوه‌ره‌كان و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا كاره‌بایی قه‌زاكه‌ دەگەڕێتەوە‌.

ئامێره‌كانمان ناتوانن به‌هۆی‌ قوڕولیته‌وه‌ بگه‌نه‌ شوێنی تاوه‌ره‌كان

حه‌واس بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “به‌ ئامانجكردنی تاوه‌ره‌كانی‌ كاره‌با له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بوونه‌ته‌ دیارده‌، ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی ناوه‌ندی وه‌رگیرایه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی‌ هێزێكی تایبه‌ت به‌ پاراستنی تاوه‌ره‌كانی كاره‌با و هێزه‌كه‌ش ده‌خرێنه ‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق”.

“كاره‌با پێویستیه‌كی سه‌ره‌كی هاوڵاتیانه‌، به‌ ئامانجكردنی به‌رده‌وامی‌ تاوه‌ركانی‌ كاره‌با كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر هاوڵاتیان و فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی وه‌ك ته‌ندروستی و ئاو ده‌بێت، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان دواده‌خات”، حەواس وای بە (کەرکوک ناو) ووت.

حه‌ویجه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2014 كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، به‌ڵام هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ 10-10-2017دا كۆنترۆڵكردنه‌وه‌یان راگه‌یاند و تائێستاش زۆرینه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بۆ نه‌گه‌ڕاوته‌وه‌.

كەركوك، 11-11-2017، دوای سێ‌ ساڵ كارەبای نیشتمانی بۆ حەویجە گەڕێندرایەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك