كوردى

سەرمایەداران وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا ناکەن

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

لە 924 مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان تەنیا 30 پڕۆژەی کشتوکاڵی هەیە

بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، لە رێگەی مۆڵەتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان 52 هەزار و 491 دۆنم زەوی لە شار و شارۆکەکانی هەرێمی کوردستان دراوەتە وەبەرهێنەران، کە دەکاتە سەرووی 131 ملیۆن مەتری چوارگۆشە زەوی، بەشێک لەو زەوییانە کشتوکاڵی بوونە، بەڵام پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانییان لەسەر ئەنجام دراوە، کەرتی کشتوکاڵ سێ هەزار و 626 دۆنمی بۆ تەرخان کراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات. لە کوردستان چارەگێکی ئەو زەوییانەی بۆ نیشتەجێبوون تەرخان کراون، نەدراوەتە سێکتەری کشتوکاڵ.

ئەنوەر عومەر، بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە (باس)ی راگەیاند، لە بواری کشتوکاڵیدا وەبەرهێنەرانی خۆماڵی و بیانی کەمترین پڕۆژەیان لە کەرتی کشتوکاڵیدا هەیە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، بەراورد بەو سەدان پڕۆژانەی لە بوارەکانی تری وەکوو کەرتی نیشتەجێبوون و بازرگانی کراون، وەبەرهێنانێکی کەم لە بواری کشتوکاڵدا کراوە، گوتیشی: “30 پڕۆژەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆ نموونە ئێران وڵاتێکی نزیکە لە ئێمە‌، بەڵام ئەوان لەو پڕۆژانەدا نیین، بۆیە خوازیارین وەبەرهێنەرانی بیانی بێن هاوکاریی کوردستان بکەن و سەرمایەگوزاری لە کەرتی کشتوکاڵدا بکەن“.

روونیشی کردەوە، لە رێگەی کشتوکاڵەوە دەیانەوێت پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجام بدرێت.

دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە 924 پرۆژە داوە، بەڵام 107 پرۆژەیان بەهۆی پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەکانی وەبەرهێنان، مۆڵەتەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، کەچی تەنیا 30 پڕۆژەی کشتوکاڵی هەن.

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر بە (باس)ی راگەیاند، ئێستا زیاتر گرنگی بە مۆڵەتدانی ئەو پڕۆژانە دەدەین کە کشتوکاڵیی و پیشەسازیین، گوتی: “ئامانج لە گرنگیدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی بۆ بوژانەوەی هەلی کار و گرنگیدانە بە بەرهەمی خۆماڵی و چوونە دەرەوەی پارەی خۆمانە، چونکە بەهۆی نەبوونی پڕۆژەی کشتوکاڵی، پارەیەکی زۆری کوردستان بۆ دەرەوە دەڕوات”.

روونیشی کردەوە، ئێستا پڕۆژەی باشی کشتوکاڵی لە سنوری پارێزگای هەولێر هەیە و پڕۆژەی باشیش پێشکەش کراون بۆ ئەوەی لەداهاتوودا مۆڵەتیان پێ بدرێت.
لەگەڵ ئەوەی یاسای وەبەرهێنانی کوردستان ئیمتیازی زۆری تێدایە، لەوانە تاپۆکردنی زەوی و بەخشین لە باج بۆ ماوەی 10 ساڵ، بەڵام وەکوو پێویست وەبەرهێنانەرانی بیانی روویان لە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا نەکردووە.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە (باس)ی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی كێشەیەكی گەورەیان بۆ مۆڵەتنەدانی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان هەیە.

پێیشی وایە، یەکێک لە هۆکارەکانی سستیی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بۆ کێشەی موڵکداریی زەوی دەگەڕێتەوە، گوتی: “پڕۆژە پێشکەش دەکرێت بۆ سەرمایەگوزاری لە کشتوکاڵدا، بەڵام کێشەی موڵکداریی زەوی کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەکات، دەست بۆ هەر پڕۆژەیەک دەبەین کێشەی موڵکداری ساڵێک دوامان دەخات، ئەوەش لەمپەرێکی گەورەیە”.

روونی کردەوە، پێشنیاری پڕۆژەی گەشتیاری و کشتوکاڵی دەکەین، بۆ ئەوەی جێگرەوەیەک دروست بکەین بۆ کەرتی نەوت.

بەپێی ئامارێک کە دەست (باس) کەوتووە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی پڕۆژەی کشتوکاڵی بە جۆرێک لاوازە، لە ساڵی 2006 بۆ 2016 تەنیا 3 پڕۆژەی کشتوکاڵی هەبووە، ئەوەش ئەوە دەردەخات وەبەرهێنەران بە تایبەت وەبەرهێنەرانی بیانی، کەمتر روویان لەو پارێزگایە بووە بۆ پڕۆژەی کشتوکاڵی.

ئازاد شمقار، ئەندامی ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر پڕۆژەی کشتوکاڵی زۆر بێت، ئەوە بەروبوومی کشتوکاڵی زیاد دەبێت، دەتوانین بەروبووم لەدەرەوەی هەرێم نەهێنین، گوتی: “ئەو پارە قورسەی لە هەرێمەوە دەچێتە دەرەوە بۆ هێنانی سەوزە و میوە لە ناوخۆدا بەکاری بهێنین بۆ پرۆژەی گەورەتر و بۆ دانی مووچە و بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە داراییە”.

روونیشی کردەوە: “بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەمێکە کە دەتوانین ڕکابەریی وەبەرهێنانی نەوتی پێ بکەین، لەبەرئەوەی ئەم وڵاتە لە هەموو روویەکەوە باشە بۆ کشتوکاڵی، بۆیە هانی سەرمایەداران و کۆمپانیاکان دەدەین کارگە لە بواری کشتوکاڵی بکەنەوە و پڕۆژە ئەنجام بدەن”.

نووری عوسمان، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بە (باس)ی راگەیاند، بەشێکی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان توانیویانە ژێرخانی ئابووریی کوردستان بەهێز بکەن: “بایی چەندین ملیار دۆلار پڕۆژەی کشتوکاڵیمان هەیە و بۆ ژێرخانی ئابووری گرنگن، بەڵام کوردستان پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتری کشتوکاڵی هەیە”.

ئاشکراشی کرد، سەدان پڕۆژەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی خراونەتە بەردەم وەبەرهێنەرانی بیانی، گوتیشی: “پێشینەی کارەکانمان پڕۆژەی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارییە، ئەوەی لەم بوارانەدا وەبەرهێنان بکات ئاسانکاریی بۆ دەکەین”.

بەپێی ئامارێکی دەستەی وەبەرهێنان، کە دەست (باس) کەوتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە مۆڵەت بە 35 پرۆژە دراوە، بەڵام یەک پڕۆژەی کشتوکاڵی مۆڵەتی پێ نەدراوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، هۆکاری شکستهێنانی بەشێک لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ بۆ (باس) ئاشکرا دەکات و گوتی: “بەشێک لە کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران مەبەستیان پرۆژە نییە، مەبەستیان زەوییەکەیە، دەیانەوێت زەوییان دەست بکەوێت و بازرگانیی پێوە بکەن، ئەوەش زۆر مەترسیدارە و بە لایەنە پێوەندیدارەکانم داوە”.

روونی کردەوە، چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵی مۆڵەتیشیان پێ دراوە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، یان جێبەجێ نەکراون، گوتیشی: “10%ی ئەو پرۆژانەی بە ناوی کشتوکاڵی مۆڵەتی وەبەرهێنانیان پێ دراوە، بەرهەمیان نییە و کاریگەرییان بۆ پێشخستنی کشتوکاڵ نییە”.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك