كوردى

ئارام قادر: لە ئێستاوە خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئامادەدەکەین

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو – هەولێر

ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی دەڵێت، حیزبەکەیان دەیەوێ لەگەڵ ئەو لایەنانەی داوای چاکسازی دەکەن بەرەیەک دروستبکات، لە ئێستاشەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنەکانی دیکە ئامادەدەکەن.

رۆژی هەینی لە هەولێر کۆبوونەوەی گشتیی هاوپەیمانی بەڕێوەچوو، بەکۆی دەنگی نزیکەی 350 ئەندام ناوی حیزبەکە بۆ “هاوپەیمانی نیشتمانی” گۆڕدرا. دواتریش بە دەنگدانی نهێنی ئارام قادر، یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرکردەی پێشوو لە کۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژێردرا، کە بەرهەم ساڵح بناخەکەی دانا و دواتر لێی جیابووەوە.

هاودیدانی هاوپەیمانی نیشتمانی لەنێوان حەوت بەربژێر بە 244 دەنگ ئارام قادر-یان بە سەرۆک هەڵبژارد، یەکەم پەیامی سەرۆکی نوێش گەڕاندنەوەی “هاودیدە دڵشکاوەکان” بوو.

ئارام قادر بە (رووداو)ی گوت “بەرنامەمان ئەوەیە کە هاودیدە دڵشکاوەکان کۆبکەینەوە. بەرنامەی سیاسیشمان ئەوەیە ئەو هێزانەی داوای گۆڕانکاری و چاکسازی دەکەن لە بەرەیەکدا کۆببینەوە. هەر لە ئێستاشەوە خۆمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئامادەدەکەین”.

هاوپەیمانی پێشتر د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی بوو، دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی و هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆمار یەکێک لە داواکارییەکانی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی بوو، هەروەها بارەگاکان و دەزگای راگەیاندنی هاوپەیمانیشی لێوەرگرتنەوە.

هاوپەیمانی حەوت کەسی وەک دەستەی دامەزرێنەر هەبوو، چوار یەکێتی و سێ کەسایەتی کە پیشتر لە حیزبە ئیسلامییەکان کاریانکردبوو. ئێستا تەنیا ئارام قادر، سەرگوڵ قەرەداغی و  محەممەد رەئووف (کە دووانیان لە کۆمەڵی ئیسلامی و ئەوی دیکەش لە یەکگرتووی ئیسلامییەوە وازیانهێناوە) وەک دەستەی دامەزرێنە ماون، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسلامیبوونی هاوپەیمانی رەتدەکەنەوە.

سەرگوڵ قەرەداغی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی گوتی “راستە ئێمە پێشتر ئیسلامی بووین و شانازی پێوەدەکەین، بەڵام بنەمای دامەزراندنی هاوپەیمانی نیشتمانیبوونە و سەنتەربوونی مرۆڤە دوور لە ئایدۆلۆژیا، ئێمە دەمانەوێ هەموو رەنگ و توێژەکان کۆبکەینەوە”.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك