كوردى

 هه‌یام، به‌ تەنیشت‌ خوشكه‌كانییه‌وه‌ خۆیدەکوژێت چیرۆکێکی تری ئافرەتان کە ئەوسەری دیار نییە

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

November 10, 2018 at 5:48 pm

هه‌یام ئیلیاس (17 ساڵ) فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – كه‌ركوك ناو

له‌ ئێواره‌یه‌كی ساردی‌ درەنگانێکی پاییزدا و لە ئاوارەییدا لە دهۆک، هه‌یام ئیلیاس، لە تەنیشت خوشكه‌كانییه‌وه لە سەرکار‌ كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا و خه‌مێكی بێكۆتایی خستەسەر خەمی ئاوارەیی و ئەو تاوانانەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرامبەر ئێزییەکان کردی دوای دەستگرتن بەسەر نیشتیمانی دێرینی پێکهاتەکانی نەینەوا لە ئابی ٢٠١٤دا.

هه‌یام (17 ساڵ) ئێزیدی بوو و خه‌ڵكی گوندی (گرزه‌رك)ی‌ سه‌ر به‌ناحیه‌ی (گڕعوزێر)ی قه‌زای‌ شه‌نگال بوو؛ بچوكترین كچی خێزانه‌ 14 كه‌سییەکە‌ی بوو؛ باوان و هه‌شت خوشك و سێ برا.

هه‌موان سه‌ریان له‌وه‌ سوڕماوه‌ هۆكاری په‌نابردنی‌ خانمە بچکۆلەکەیان بۆ خۆكوشتن چیبووه‌؛ روداوه‌كه‌ ئێواره‌ی‌ 5ی‌ تشرینی دووه‌می‌ 2018 له‌ كامپی مام ره‌شان لە دهۆك رویدا. باوكی هه‌یام، ئیلیاس خەیری، به‌ چاوی‌ پڕ فرمێسكه‌وه‌ بە (كه‌ركوك ناو) وت، “رۆژى 5ى ئةم مانطة هەیام له‌گه‌ڵ دوو خوشكیدا بۆ كاركردن ده‌چنه‌ باخه‌كه‌مان، به‌ڵام وادیاره‌ پێشتر هەیام به‌نهێنی ده‌مانچه‌كه‌می له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه‌ و له‌كاتی سه‌رقاڵبوونی خوشكه‌كانی‌ به‌ كاركردنه‌وه‌، له‌ ناكاو به‌ چه‌ند فیشه‌كێك كۆتایی به‌ ژیانی‌ خۆی دێنێت”.

“كچه‌كه‌م هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی نه‌بوو، به‌و روداوه‌ هه‌موانی‌ توشی شۆك كرد، ماڵی وێرانكردین، هەیام له‌ منداڵه‌كانی ترم خۆشه‌ویستر بوو، چونكه‌ كچی بچوكی ماڵه‌كه‌م بوو”. ئیلیاس ئاماژە‌ی به‌وه‌شكرد ته‌نیا ئه‌و رۆژە له‌گه‌ڵ كچه‌كانی نه‌چۆته‌ ناو كێڵگه‌، چوونکە‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كه‌مپ كاری هه‌بووه‌.

كه‌مپی مام ره‌شان له‌ ساڵی 2015دا دروستكراوە، ئێستا 1698 خێزانی ئێزیدی و 100 خێزانی عه‌ره‌بی شیعه‌ مه‌زهه‌ب تێیدا نیشته‌جێن .به‌پێی ئامارێك كه‌ ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌، له‌سه‌ره‌تای دروستكردنی كه‌مپی مام ره‌شانه‌وه‌، 10 حاڵه‌تی هه‌وڵدانی خۆكوشتن له‌و كه‌مپه‌دا تۆماركراوه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌میان رزگاركراون و ته‌نیا حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان كه‌ تۆماركراوه‌، روداوه‌كه‌ی هه‌یامە.

دهۆك، كه‌مپی مام ره‌شان، باوك و براكانی هه‌یام له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یاندا له‌ ئاواره‌یی فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

دیارە رەشان ڕۆژانێکی ڕەشی بۆ خانەوادەکەی هەیام هێنا؛ خالیده‌ ئیلیاس خوشکی قوربانییەکە بەچاوی پڕفرمێسکەوە دەڵێت، “پێش ده‌رچونمان له‌ماڵه‌وه‌ به‌ره‌و كێڵگه‌، له‌گه‌ڵ هه‌یام نانی به‌یانیمان خوارد ، دواتر هه‌یام وتی كه‌ شه‌و خه‌ونێكی ناخۆشی بینیوه‌ و زۆر ترساوه‌، چونكه‌ له‌ خه‌ونه‌كه‌یدا من گیانم له‌ ده‌ستداوه‌، من زۆر قسه‌ی خۆشم بۆ كرد تا ئارام بێته‌وه‌، به‌ڵام دیاربوو ئه‌و خه‌ونه‌ زۆر كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر دانابوو”.

“دوای‌ نیوه‌ڕۆ به‌ره‌و كێڵگه‌ به‌ڕێكه‌وتین، دوای‌ 10 خوله‌كێك له‌ كاركردن له‌ناكاو هه‌یام وتی تۆزێك ماندووم و ده‌چمه‌ ناو خێمه‌ی باخه‌كه‌وه‌ پشوو ده‌ده‌م، به‌ڵام دوای‌ تێپه‌ڕبوونی 10 خوله‌كێك ده‌نگی ته‌قه‌ هات، كاتێك چوومه‌ نێو خێمه‌كه‌وه‌ بینیم هه‌یام چەند فیشه‌كێكی له‌ سكی خۆیداوه‌ و خوێنێكی زۆر لێ رۆیشتووه‌”

“نزیك باخه‌كه‌مان ئۆتۆمبێلی لێنه‌بوو، بۆیه‌ به‌ برینداری هه‌یاممان خسته‌ نێو تراكتۆره‌وه‌ و تا گه‌یشتینه‌ سه‌ر شه‌قامی گشتی، دواتر به‌ پیكابێك گه‌یاندمانه‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام له‌ رێگا هه‌یام گیانی‌ له‌ده‌ستدابوو” خالیده‌ وای‌ وت.

شێرۆ سمۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كه‌مپی مام ره‌شانه و له‌باره‌ی‌ روداوه‌كه‌وه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “ئێواره‌ی‌ رۆژی دووشه‌ممةى رابردوو‌، كچێكی ته‌مه‌ن 17  ساڵ به‌ناوی‌ هەیام كه‌ دانیشتوی كه‌مپه‌كه‌ی ئێمه ‌بوو له‌ نێو كێڵگه‌کەیاندا كۆتایی به‌ ژیانی‌ خۆی هێنا”.

پۆلیسی قه‌زای‌ شێخان، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ روداوی‌ خۆكوشتنی هیام ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا هۆكاریی سه‌ره‌كی روداوه‌كه‌یان بۆ ئاشكرانه‌بووه‌.

هه‌یام زۆر حه‌زی له‌و وێنه‌گرتن بووە و به‌رده‌وام وێنه‌ی خۆی‌ گرتووە؛ هاوکات یه‌كێك له‌ ئاره‌زووه‌كانی‌ به‌شدارییكردن بووە له‌ ئاهه‌نگ و گه‌شتكردن، به‌تایبه‌ت به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی‌ شوێنە پیرۆزه‌كانی  ئێزیدیان و بە‌شدارییكردن له‌ بۆنە ئایینییه‌كانیاندا.

هه‌یام زۆر حه‌زی له‌و وێنه‌گرتن بووە و به‌رده‌وام وێنه‌ی خۆی‌ گرتووە

ئیتر نە بواری ئەوە ماوە هەیام وێنەیەکی تری خۆیبگرێت و نە بەشداری بۆنەیەکی تری ئێزیدیان بکات لە دەشتی نەینەوا؛ تەرمی هەیام لە گوندە دێرینەکەی خۆیان بەخاک ناسپێردرێت، بۆیە  ناچار له‌ گۆڕستانی ناحیه‌ی باعه‌درێ لە‌ شێخان به‌ خاكده‌سپێردرێت، تا لە دایکی نزیکبێت و بتوانێت “لانیكه‌م هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك بچمه‌ سه‌ر گۆڕە‌كه‌ی”.

هەیام لەگەڵ دەیان کچ و ئافرەتی تری ئێزیدی شەڕی داعش دەباتەوە و خۆیان دەگەیەننە سەر چیای شەنگال؛ هه‌یام له‌ كاتی هێرشی داعشدا بۆ سه‌ر شه‌نگال، له‌گه‌ڵ دایكی و خوشكه‌كانی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ به‌ دیل ده‌گیرێن، بەڵام بە ووتەی دایکی، ” له‌گه‌ڵ نۆ كچه‌كه‌م و 20 كچ و ژنی تری ئێزیدی كه‌وتینه‌ ده‌ست داعش و سێ رۆژ له‌ ماڵێكدا له‌ گوندی (ته‌لل به‌نات) ده‌ستبه‌سه‌ركراین؛ به‌ڵام دواتر فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كان چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شه‌نگالیان بۆردومانكرد و به‌وهۆیه‌وه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ پاسه‌وانییان ده‌كردین هه‌ڵاتن،  ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان به‌ده‌رفه‌ت زانی و خۆمان رزگارکرد و دوای چه‌ند رۆژێك رێكردن گه‌یشتینه‌ سەر چیای‌ شه‌نگال”.

دهۆك، كه‌مپی مام ره‌شان، دایكی هه‌یام دوو وێنه‌ی كچه‌كه‌ له‌ باوه‌ش گرتووه‌ و خه‌مێكی فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

هیچ شتێک ئەوەندەی کۆچی دوایی هەیام لە سەر دڵی دایکی قورس نییە بۆیە ،نادیرا خدر، دایكی هه‌یام له‌باره‌ی‌ روداوی‌ خۆكوشتنی كچه‌كه‌یه‌وه‌ بە (كه‌ركوك ناو)ی وو، “كاره‌ساتی‌ شه‌نگال بۆ ئێزیدییه‌كان به‌ تایبه‌تی و جیهان به‌ گشتی خه‌مێكی زۆر گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام كۆچی هه‌یام بۆ من له‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕتر بوو، خه‌مێكی خسته‌ دڵمه‌وه‌ كه‌ تا له‌ ژیاندا مابم ساڕێژ نابێت‌”.

وەک دەیان چیرۆکی تری خۆکوشتن لە وڵاتدا، زانینی هۆکاری سەرەکی خۆکوشتنی هەیام تا لێکۆڵینەوەی پۆلیس تەواو دەبێت بەکراوەیی دەمێنێتەوە.

پەیامی باوکی هەیام ئەوەیە، “لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌ی‌ هۆكاری‌ خۆكوشتنی هه‌یام ده‌ستیپێكردووه‌ و هه‌ركه‌سێك بوبێته‌ هۆكاری‌ خوكوشتنی كچه‌كه‌م، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێی خۆشنابم”.

هه‌یام ئیلیاس (17 ساڵ) فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك