كوردى

نەجم جبووری: لە بۆردوومانەکەی قەرەچووغدا 13 چەکداری داعش کوژراون

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو-هەولێر 

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند، لە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی قەرەچووغدا 13 چەکداری داعش کوژراون. دەشڵێت بەهۆی بۆردوومانەکانەوە داعش لە سووریاوە هەوڵی دزەکردنە نێو عێراق دەدات.

لیوا نەجم جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە دوایین هێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە سنووری چیاکانی قەرەچووغ – کە رۆژی شەممە ئەنجامدرا- 13 چەکداری داعش کوژراون.

بەگوتەی لیوا نەجم جبووری “چەکدارانی داعش لە سنووری نەینەوا، سەلاحەدین و ئەنبار ناوەناوە هێرشدەکەنە سەر گوندەکان، بەڵام توانای ئەوەیان نییە ناوچەیەک داگیربکەن و ناتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر موسڵ و شارەکانی دیکە”.

نەجم جبووری گوتیشی “بەهۆی بۆردوومانەکان لە سووریا، لە ئەنبار و قائیم، داعش 20 جار هەوڵی دزەکردنی بۆ نێو عێراق داوە، بەڵام سنوورەکان کۆنترۆڵکراون و رێگرییان لێدەکرێت”.

سەبارەت بە هاوئاهەنگی نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا گوتی “پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق، بەردەوام لەگەڵ وەزیر و سوپاسالاری پێشمەرگە لە هاوئاهەنگیداین”.

موقەدەم ئەحمەد سدیق، لە فەرماندەیی سەفینی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “لە کاژێر 8:05 خولەکی بەیانی رۆژی شەممە (10-11-2018)، دوو فڕۆکەی هاوپەیمانان بەچڕی بۆردوومانی پێگەکانی داعشان لە سنووری چیای قەرەچووغ کرد، “.

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ – مەخمووری هێزی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “پێشبینیدەکەین 35 چەکداری داعش لە بەشی رۆژهەڵاتی قەرەچووغ هەبن، بۆردوومانەکانی ئەمڕۆ زیانی مادی زۆریان بەو گرووپە گەیاند، چونکە نۆ جار بۆردوومانکراوە، کوژراو و برینداریشیان هەیە”.

سیروان بارزانی گوتیشی “بۆردوومانی هاوپەیمانان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە دەبێت، چونکە چەکدارانی داعش زۆر لە پێشمەرگەوە دوورنین”.  

چیای قه‌ره‌چووغ ناوچه‌یه‌كی سه‌خت و دژوارە، لەم وەرزەدا كه‌شوهه‌وا سارده‌ و مه‌ودای بینین زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌، ئەگەری هێرشی داعش لەئارادایە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو،  لانیکەم 300 چه‌كداری داعش له‌ ده‌وروبه‌ری چیای قه‌ره‌چووغ ماون‌، هه‌ندێكیشیان خێزان و منداڵیان له‌گه‌ڵدایه‌.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك