كوردى

ئەسیل نوجەیفی: لە چەند ناوچەیەکی موسڵ داعش ئازادانە دەسوڕێنەوە

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو  هەولێر

ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا دەڵێت، داعش لە دەوروبەری موسڵ جموجۆڵی زیاتر بووە و لە چەند ناوچەیەک “بە ئازادی دەسووڕێنەوە بەبێ ئەوەی رێگریان لێبکرێت”، ئەمەش بووەتە جێی گومان و پرسیار دەشڵێ دۆخی ئێستای موسڵ هاوشێوەی پێش 2014یە کە سووکایەتی بە خەڵک دەکرا و بەبێ لێکۆڵینەوە دەستگیردەکران.

لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنێکی هەواڵەکانی رووداو، ئەسیل نوجەیفی لەبارەی رەوشی موسڵ رایگەیاند “ماوەیەکە بە شێوەیەکی بەرچاو هەست بە جموجۆڵەکانی داعش دەکەین لەو ناوچانە، بە دیاریکراویش لە ناوچەکانی دەوربەری کەرکووک بە ئاراستەی مەخموور. هاوکات لە باشوور و رۆژئاوای موسڵ و ناوچەکانی حەزەر و دەوروبەری تاوەکو دەگاتە بەعاج و سنووری سووریا، ئێستا داعش بە ئازادانە دەسوڕێنەوە و چالاکیی ئەنجامدەدەن، هێزەکانی عێراقیش هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە بۆ ئەوەی رێگریان لێبکەن، لەڕاستیدا ئەمە گومانێکی زۆرمان لەلا دروستدەکات”.

ئەسیل نوجەیفی دەڵێت “بەرپرسیارێتی ئەو بۆشاییە ئەمنییە دروستبووە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەو سەرکردایەتیە سیاسی ئێستا لە بەغدایە. ئێمە ناڵێین حەشدی شەعبی یان دەزگا ئەمنییەکان و سوپا بەرپرسن، بەڵکو بەرپرسیاریێتیەکە دەخەینە ئەستۆی سەرکردایەتی سیاسی، تەنیا ئەوانن دەتوانن چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن، هەموو ئەو سەکردە ئەمنییانەی ئێستا لە موسڵن، سەر بە سەکردە سیاسییەکانن و فەرمانەکانیان جێبەجێدەکەن، بەڵام لە پارێزگای نەینەوا شتێک نییە بەناوی سەرکردایەتی سیاسی، ئەو سەرکردایەتییەی هەیە لە بەغدایە، ئەویش هەموو بەرپرسیاریێتیەکی دەکەوێتە ئەستۆ”.

پارێزگاری پێشووی نەینەوا بە دووری دەزانێت ئەو هێزانەی کە لە موسڵ هەن دڵنیایی بدەنە خەڵكی موسڵ و دەورووبەری کە لە داهاتوودا سەلامەت دەبن و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە “دۆخەکە پێش ساڵی 2014 چۆن بوو ئێستاش هەمان شت دووبارە دەبێتەوە لە  سووکایەتی پێکردنی خەڵک و دەستگیرکردنیان بەبێ لێکۆڵینەوە، بۆیە ئەو هێزانەی کە لە موسڵ هەن، ناتوانن ئەو دڵنیاییە بدەنە خەڵکی موسڵ، تەنها بە گرتنەبەری رێکاری سیاسی لەلایەن بەغدا و پێدانی رۆڵ بە سەرکردە نێوخۆییەکان لەنێو نەینەوا نەبێت”.

بەبڕوای ئەسیل نوجەیفی شەڕی داعش بۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراو قۆسترایەوە و دەڵێت “ئەوە روونبوو کە ئامانج لە هەندێک بڕیاری سیاسیی بۆ کۆتاییهێنان بە داعش نەبوو، بەڵکو لەو رێگەیەوە چەند دۆسیەیەکی سیاسی یەکلاکرانەوە و داعش کرایە بیانوو”.

لەبارەی هەمان پرس شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە بوڵتەنێکی هەواڵی رووداو گوتی “بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی لە موسڵ کردوومانە، ئێستا چەکدارانی داعش بە پارە ئازاددەکرێن، ئازادکردنی هەر چەکدارێکی داعش گەیشتووەتە 10 بۆ 20 هەزار دۆلار”.

بەگوتەی دووبەردانی یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە وایکردووە بۆ شایی ئەمنی لەنێو شاری موسڵ دروست ببێت ” گەڕانەوەی ئەو هێزانەیە کە پێش ساڵی 2014 لە موسڵ بوونە، بە هەمان ئەقڵیەتی پێش 2014 مامەڵە دەکەن، هاوکات هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی شارەکە نییە”.

شێروان دووبەردانی دەڵێ: “لەنێو موسڵدا هێزەکانی پاسەوانی نەینەوا، حەشدی شەعبی، حەشدی عەشائیری، فیرقەی 15 و 16ی سوپای عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و هەندێک لە بندیوارەکانی نێو پۆلیسی فیدراڵی هەن، بە گشتی 13 هەزار پۆلیس لەنێو شاری مووسڵدا هەن، پێش ساڵی 2014، 34 هەزار پۆلیسی هەبوو”.

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی پێیوایە “موسڵ لە بارودۆخێکی زۆر خراپی ئەمنیدایە، پێش چەند رۆژێکیش لە گوندی خەرابە سوڵتان داعش سێ هاووڵاتی ئەو گوندەی شەهیدکردن و دەستدرێژیشیان کردە سەر ئافرەتەکانیان، بەگشتی لە چەند ناوچەیەک و گوندێکی سەر بە موسڵ لەدوای ئێوارەوە دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی داعش”.

شێروان دووبەردانی ئاماژە بەوەدەکات “بەغدا مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ موسڵ دەکات، بەشێک لە بەرپرسانی موسڵ و بەتایبەتی هێزە ئەمنییەکان لە بەغداوە کڕدراون و خەڵکی موسڵ نین، هاتوون بۆ ئەوەی بازرگانی لە موسڵ بکەن لەسەر حیسابی خەڵکی موسڵ، هیچ هاوئاهەنگییەکیش لەنێوان ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکە و هێزە ئەمنییەکاندا نییە”.

شێروان دووبەردانی گوتیشی “دۆخی ئەمنی لە موسڵ رۆژبەڕۆژ بەرەو خراپبوون دەڕوات، هۆکارە سەرەکییەکەش ئەوەیە شارەکە بووەتە بازرگانییەکی گەورە لەنێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە. بەپێی ئەو زانیاریانەشی لەنێو موسڵەوە دەستمانکەوتوون، ئەو رۆژەی ئۆتۆمبێلێک لەنێو غاباتی موسڵ تەقییەوە، ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو نەبوو، بەڵکو هێزەکانی حەشدی شەعبی دایاننابوو وەکو هۆکارێک بۆ مانەوەیان لەنێو شاری موسڵ و ناردنی پەیامێک بۆ ئەوەی بڵێن دۆخی ئەمنی شارەکە تەواونییە و لەنێو شارەکەدا بمێننەوە”.

سەبارەت بە دۆخی کورد لە موسڵ و ناوچەکانی دەرووبەری و ئەو هەڕەشە و مەترسیانە لەسەریانە، پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: “مەترسی زۆرە، بەتایبەت لەلایەنی حەشدی شەعبییەوە، رۆژانە سکاڵامان بەدەست دەگات لەسەر مامەڵکردنی هێزەکانی فیرقەکانی 15 و 16ی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، بەڵام بەداخەوە کەس نییە گوێمانلێبگرێت”.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك