كوردى

فێربوون لەنێوان شکاندن و شکۆداریدا

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

منداڵێکی نوێ – 87

نووسینی: ئۆشۆ
و: شێرزاد حەسەن

 

+ پرسیار: ئۆشۆی خۆشەویست.. هەمیشە بە ئێمە دەڵێیت کە راست نییە بۆ هەمیشە و لەسەر شتی بچووک یان گەورە دادگایی خۆتان یان ئەوانی دیکە بکەن. دەی باشە.. من مامۆستام و وەک پیشە و ئەرکی سەر شانی خۆم زۆر جاران ناچارم، کە دادگایی قوتابییەکانم بکەم، گەر وا بکەم یان نەیکەم، رێنماییەکەی ئێوە نیگەران و دوودڵی کردم، وەک ئەوە وایە من رێبوارم بم و لە دووڕیانێکدا وەستابم و نەزانم کامەیان هەڵبژێرم؟ ئایا بە گەڕانەوە بۆ ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی خۆت دەتوانی یارمەتیم بدەیت و پتر تێم بگەیەنیت چی بکەم.. من چاوڕوانی کۆمەکی ئێوەی بەڕێزم؟

 

وەڵام: هەمیشە وەک مامۆستا ئەوە لەیاد نەکەیت، کە دەیەها شێوە و زار هەیە بۆ جیاکردنەوەی هەڵە لە راست، هەڵبەتە تۆش کە قوتابی بوویت و لەژێر مەرجێکدا بوویت، کە دەبوو فێر بیت، لەمیانەی پرۆسەی فێرکردندا دوچاری هەڵە و هەم راستیش دەبوویت، واتا لە تاقیکردنەوەکاندا ئەگەری وەدەستهێنانی نمرەی کەم و زۆر چاوەڕێت بووە، کەوتن یان دەرچوون، بەڵام هەموومان پێمان ناخۆش بووە لە کاتی دەرنەچوون یان کەوتن لە وانەیەک و دوو و پتریش، زۆرمان پێ ناخۆش بووە لەپای دەرنەچوون سووکایەتیمان پێ بکرێت، چونکە شکاندنمان لەبەرچاوی ئەوانی دی، کە لە باری دەروونییەوە بۆ هەتاهەتایە بریندارمان دەکات، یان هەتا گەر بەتەنیاش بین، بەبێ رسوایی و رۆحێکی زامدار ناچینە دەرەوە. کەواتە مەرجە ئێوەی مامۆستا کەوتن و دەرنەچوون و وەڵامی هەڵە و نادروست بە بەشێکی دانەبڕاوی پرۆسەی فێربوون بزانن، نەک کارەساتێکی پەروەردەیی. بە ڕای من هەڵەیەکی گەورەیە، کە لە بەرگی مامۆستایەتی دەربچین و ببین بە دادوەرێکی دڵڕەق و چێژ لەوە ببینین دادگایی قوتابییەکان بکەین و سزایان بدەین و ناو و ناتۆرەی ناشیرین بەسەریاندا ببەخشینەوە: تەمبەڵ و تەوەزەل و بێ دەماغ و مێشک پووت و گەمژە و چی و چی!
کەواتە بۆ ئێمەی پەروەردەکاران، گرنگە نەرم و نیان بین و بەدوای ئەو هۆکارانەدا بگەڕێین کە بۆچی کچەکان و کوڕەکانمان هێشتا لەو ئاستەدا نین دڵمان خۆش بکەن، چ ئامراز و شێوازێک و زمانێک و پێداگۆگییەک هەن بۆ ئەوەی وا بکەین ئەوان شەیدای زانست و زانیاری بن، چونکە هەموو منداڵێک وزە و توانا و بەهرەی شاراوەی هەیە، کە کار و ئەرکی ئێمەیە بیدۆزینەوە، بە واتا ئەوە ئێمەین کە تەمبەڵ و تەوەزەلین.

ئێمە هەرگیز مەبەستیشمان نییە دادگایی کەسەکان بکەین، بەڵکوو ئامانجمان ئەوەیە کە دادگایی کردارەکان و رەفتارەکان بکەین، گەر وامان هەست کرد هەڵەیەکی وا هەیە، کە شایستەی دادگاییکردن بێت، دوور لە بریندارکردنی هەست و نەستی قوتابییەکان، ئەوسا ناچارین کە بیر لە هەر هەنگاوێک بکەینەوە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان سەبارەت بە پرۆگرامی فێرکردن، کە پەیوەندیی بە زانستە مرۆیی و سروشتییەکانەوە هەیە، یان هەر بابەتێکی دیکەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، من نەمگوتووە گەر لە باری پەروەردەیی و مۆراڵەوە کەتنێکی وا رووی داوە، کە زیان بە کەتنکەرەکە و کەسانی دەوروبەری بگەیەنێت، ئەوسا بۆمان هەیە بکەوینە بەدواداچوون و لێپێچینەوە، ئەوەیان شتێکی جیاوازە.

بۆ نموونە، کەسێک دزییەکی کردووە – دەلوێت قسە و باسێک بکەیت سەبارەت بە خراپیی دزیکردن و ئاکامە نابەجێکانی، بەڵام پێویستت بەوە نییە کە دادگایی خودی ئەو کەسە بکەیت، بە زمانی هەڕەشە و گوڕەشە مەدوێ، سەرزەنشت و گلەیی سوودی نییە، چونکە خودی دزەکە تاکە کەسێکی پەتی و رووتەڵ و دابڕاو نییە لە سەدەها دیاردە و دۆخ و پێویستییەکانی دەوروبەری، ژیانی منداڵی و گەنجییەتی، جۆری پەروەردەی خانەوادەگی و پاشخانی فیکری و ئەو ژینگەیەی تیایدا ژیاوە. بەکورتی، ئێمە کە نەزانین زیندەگی لە رابردوودا چۆن بووە؟ بۆچی دزیی کردووە؟ لە کەنگێوە فێری دزی بووە؟ کەواتە کردەی دزیکردنەکەی هەرچی بێت لەچاو ئەو هەموو شتانەی کە باسمان کرد و پرسیارمان هەیە سەبارەت بە هەر هەموو ژیان و ماجەرای، کەتنی دزیکردنەکەی شتێکی چکۆلەیە، ئەوسا دەبێ وەک مرۆڤێکی قوربانی و بەدبەخت سەیری بکەین، نەک گوناهبار، دەکرێت وا سەیری بابەتەکە بکەین، کە کەسەکە بەو هەموو شتانەی کە دەکرێت پڕ نهێنیی گەورە بێت و ئێمە وەک دادوەر درکی نەکەین، ناچارین کە هێمن و هوشیار بین بەو رەفتارەی کە بەرامبەر ئەو زاتە دەیکەین، مەرجە بە سۆز و میهرەوە مامەڵەی لەتەکدا بکەین، ئەگەری ئەوەیان زۆرە کە خاوەن بەهای جوان و مرۆڤپەروەرانە بێت، خەسڵەتی وا جوامێرانەی هەبێت، کە ئێمە خۆمان خاوەنی نەبین، کەسێکی راستگۆ و رەسەن و جێگەی متمانە بێت، کەسێکی خۆشەویست بێت و هاوکاتیش هێزی بەخشینی لەرادەبەدەر بێت.

بەڵام ئەفسووس، کە ئەوەی لە ژیانی راستەقینەی خۆماندا دەیبینین، رێک پێچەوانەی ئەو داوا و خەونەی ئێمەیە بە بوونی دادپەروەری، لە راستیدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دادگایی کەسەکان دەکەن، نەک رەفتار و کردار و کەتنەکان، مەرجە ئێمە هەڵەکان راست بکەینەوە، ئەو هۆکارانە بنەبڕ بکەین کە بوونەتە بیانووی کردار و کەتنی نابەجێ، بەتایبەتی لە بواری پیشەیەکی هەستیاری وەک پەروەردە و فێرکردندا، دەیەها شێوە و رێگا هەیە بۆ چاککردنەوەی هەڵە و پەڵەکان، نەشیاوە چاوەڕوان بکەین هەر هەموو قوتابییەکان هیچ هەڵەیەک نەکەن، ئەوەیان ئەوپەڕی دڵڕەقی و نالۆژیکی و نامرۆییە.

مەرجە ئەوەمان لە یاد بێت، راستکردنەوەی هەڵەکان بەو شێوە کۆنەباوە نەبێت، کە سەردەمی بەسەر چووبێت، راستکردنەوەی ترادیشناڵ نامانگەیەنێت بەو ئامانجەی کە دیدگا و فەلسەفەیەکی تازەمان هەبێت، بەگوێرەی ئەو یاسا و رێسا کۆنینە نەبێت کە خوومان پێوە گرتووە، ئەوەش نەبێت کە تۆی مامۆستا وەک تاکەکەس پەسندی بکەیت و بەس، واتا تۆ پێت رەوا بێت و چش لەوانی دیکە، بە ناوی دابونەریتی بێ بنەما دەرهەق بە کەسانی چواردەورت ستەم مەکە، هەر کاتێک رێنمایی قوتابییەکانت دەکەیت بۆ خۆ راستکردنەوە، هەوڵ بدە پشوودرێژ و هێور بیت و هاوکاتیش تێڕامانێکی ورد و بەسەلیقەت هەبێت بۆ هەڵسەنگاندن و وردەکاری، لە هەموو لایەکەوە سەیری شتەکان بکە و لەسەرخۆ بە، پێویستت بە هەرا و شپرزەیی نییە، شیکاری زیرەکانە و نەخشەدانان بۆ ئەو گرفت و کێشە و ئاریشەیەی لەبەردەمتدایە لۆژیک و ژیری و عەقڵێکی گەورە و کراوەی دەخوازێت، لەوانەشە ئەوان لە هەموو رووێکەوە راست و رەوان بووبن، ئەگەری ئەوە زۆرە، کە خۆت بەهەڵەدا چووبیت و کەسانی چاوردەورت دەستخەڕۆ بکەیت.

ئەگەر ئێمە بڕوامان بەوەش بێت، کە کەڵک لە میرات و کەلەپووری دایک و داپیران و باوک و باپیران وەربگرین، پەند و وانەی وای تێدایە، کە لە باری کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە سوود و کەڵکی لێ ببینین، لە کۆنەوە گوتراوە، کە برینەکانی لەشمان گەر جێگەی تیغ و خەنجەریش بن، درەنگ و زوو، ساڕێژ دەبن، بەڵام جێگەی قسەی رەق و توانج و تانە و تەشەر هەرگیز وا زوو ساڕێژ نابن، دیارە ئەم دڵشکاندن و چاوشکاندن و سەرشکاندنە بۆ سەردەمی منداڵی و گەنجییەتی لە باری دەروونییەوە کوشندەترە و بگرە کاریگەریی نەرێنی و خراپی، بەدرێژایی تەمەن ئازارمان دەدات و بگرە نەخۆشمان دەخات.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك