كوردى

ماوەی هەفتەیەکە لە داقووق کوردێک دەستگیرکراوە؛ بە کەفالەتیش ئازادناکرێت

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو – کەرکووک

 نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌كه له‌ گوندی یه‌نگیجه‌ی تاڵه‌بانی،‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان بەتۆمەتی ئەوەی رێگری‌ له‌ دابه‌شكردنی زه‌وی گونده‌كه‌یان به‌سه‌ر عه‌ره‌بی هاوردەدا‌ کردووە،  هاونیشتمانییەکیان ده‌ستگیركردووه‌.

هاونیشتمانییه‌كه‌ ناوی “عادل ستار” و باوكی شه‌ش منداڵه‌. هەرچەندە باری ته‌ندروستی ناجێگیره‌، بەڵام له‌ بنكه‌ی پۆلیسی داقووق ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌، به ‌بڕیاری دادوه‌ری بینینی قه‌ده‌خه‌كراوه‌ و به‌كه‌فاله‌تیش ئازادناكرێت.

سه‌باح ستار، برای عادل دەڵێت “براكه‌م له‌ بری حه‌وت هه‌زار دۆنم زه‌وی ده‌ستگیركراوه‌، ده‌بێ ده‌ستبه‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌دا بگرن ئه‌وكات ئازادی ده‌كه‌ن، ئەوش نابێت، ئه‌وه‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه؛‌ نه‌ ده‌توانین بیبینین و نه‌ به‌كه‌فاله‌تیش ئازادده‌كرێت، داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین فریامانبكه‌وێ، ئه‌وه‌ منداڵه‌كانیه‌تی هه‌فته‌یه‌كه‌ داوای بینینی باوكیان ده‌كه‌ن و رێگەیان پێنادرێت، خودا قبوڵناكات”.
 
خه‌ڵكی گونده‌كه‌ ده‌ستگیركردنی عادلی ته‌مه‌ن 43 ساڵ به‌ هه‌وڵێك ده‌زانن بۆ ترساندنی خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ی ئاماده‌نه‌بوون‌ زه‌وییه‌كانیان جێبهێڵن. بە خەڵکی گوندەکە گوتراوه‌ تاوه‌كو ناو‌چه‌كه‌ چۆڵنه‌كه‌ن عادل ستار ئازادناكرێت.
 
رێبوار جه‌لال، مه‌لای گوندی یه‌نگیجه‌ی تاڵه‌بانی ده‌ڵێت “بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێكردنی قسه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ زه‌وییه‌كانمان داگیربكه‌ن. ده‌ڵێن ئازادی مه‌كه‌ن تاوه‌كو زه‌وییه‌كان چۆڵده‌كه‌ن، واتا ده‌یانه‌وێ له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی عادل ستار مافه‌كانمان بخۆن، ده‌یانه‌وێ به‌و هه‌نگاوه‌ بمانترسێنن، خه‌ڵكی ئه‌م گونده‌ش ئه‌وه‌ قبوڵناكه‌ن چونكه‌ زه‌وی باوک و باپیرانمانه‌”.

نزیكه‌ی 153 هه‌زار دۆنم زه‌وی له‌ سنووری داقووق مه‌ترسی ته‌عریبکردنیان له‌سه‌ره‌، كه‌ حه‌وت هه‌زار دۆنمیان ده‌كه‌وێته‌ گوندی یه‌نگیجه‌ی تاڵه‌بانی. عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان پشتئه‌ستوور به‌ نووسراوه‌كانی پارێزگاری كه‌ركووك به‌وه‌كاله‌ت له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌.
 
هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌ڕێگەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركووك به‌وه‌كاله‌ت هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ و كێشه‌كانی سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ یه‌كلاییبكرێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند جارێك عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان چوونه‌ته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كان و هه‌وڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌وییه‌كانی كوردیان داوه‌.

جه‌مال شكوور، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەڵێت “داواكاری ئه‌و‌ خه‌ڵكه‌مان به‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق و وه‌زاره‌ته‌كانی داد و كشتوكاڵ گه‌یاندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێبكرێ كه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه،‌ به‌و كاره‌ش تاپۆ و زه‌وییه‌كان ده‌گەڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌كانیان. لەبارەی دەستگیرکردنی ئه‌و هاونیشتیمانیه‌ش دێینه‌ ده‌نگ و ده‌بێ یاسا سه‌روه‌ر بێ نه‌ك به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ خه‌ڵك ده‌ستگیربكرێت”.

به‌پێی دوایین ئاماری لقی كه‌ركووكی رێكخراوی جوتیارانی كوردستان، نزیكه‌ ملیۆنێك و 300 هه‌زار دۆنم زه‌وی كورد له‌دوای 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ مه‌ترسی ته‌عریبکردنیان له‌سه‌ره‌ و زۆربه‌یان ده‌كه‌ونه‌ سنوری شارۆچكه‌كانی داقووق و دووبز.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك