كوردى

پێشمەرگە بە چوار مەرج دەگەڕێتەوە كەركووك

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو – سلێمانی 

بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە فرە ئاراستەیی لەنێو هێزە چەكدارەكانی عێراق و سوپاكەیدا بە گێژاوێك دەزانن كە دوور یان نزیك، سەرۆكوەزیرانی عێراق تێیدەكەوێ كاتێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان دانوستاندن بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكات.

مانگی نیسانی ئەمساڵ دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و دەوروبەری هێندە گەرم بوو كە چاوەڕوان دەكرا بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشوو دەرگای گفتوگۆی لەسەر بكاتەوە، بەڵام مەرجەكانی حكومەتەكەی بەلای سەركردەكانی كوردەوە قبوڵكراو نەبوون. چونكە دەبوو پێشمەرگە وەك هێزێكی عێراقی بگەڕێنەوە، ئەوەش بە واتای ئەوە بوو كە راستەوخۆ  لە بەغداوە فەرمان وەربگرن.

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە رەتیكردەوە هیچ بەرەوپێشچوونێكی نوێ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت سەبارەت بە پێشمەرگە و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی پێش 16ی ئۆكتۆبەر “هیچ گفتوگۆیەكی فەرمی نییە و تەنیا ماوەتەوە چاوەڕێی تەواوبوونی حكومەتی نوێی عێراق بین، بزانین چۆن دانوستاندن دەكەن”.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ گفتوگۆی ئەوان لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی دەوەستێتە سەر چوار خاڵ “بازگەكان ببنە بازگەی هاوبەش، ژووری ئۆپەراسیۆنەكان هاوبەش بن، هێزی هاوبەش، لیژنەی باڵای هاوبەش هەبن”. وەك ئەو بەرپرسە باسی دەكات، ئەگەر حكومەتی نوێی بەغدا ئەو چوار خاڵە پەسەند بكات :”گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە ئاسان دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ هەمان دۆخی پێش هاتنی داعش”.

رەشید عەدای، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی نەسر لەوبارەوە دەڵێت، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەیە و دەیەوێ ئەم پەیوەندییانە بەكاربهێنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. گوتیشی: “حكومەتی عێراق دەیەوێت بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێزە كوردییەكان بگێڕێتەوە بۆ كەركووك”.

ناوبراو، ئەو چارەسەرە بە قورس نابینێت و دەڵێ سەرۆك وەزیران تەئكیدی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ئەو كێشانە چارەسەر دەبن و رێككەوتنی لەسەر دەكەن.

بەڵام شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەكەكانی 70 لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە (رووداو)ی گوت، هیچ هەواڵێكی نوێ نییە لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە و هێشتا حكومەتی نوێی عێراق یەكلانەبووەتەوە تاوەكو لەوبارەیەوە گفتوگۆ بكەن “لەسەرەتاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكی و هێزەكانی هاوپەیمانان قسەوباسمان زۆر كرد لەبارەی شێوازی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، ئێستا دەركەوتووە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپا ناتوانن ئارامی ئەو ناوچانە بپارێزن و بۆیان دەركەوتووە پێشمەرگە لەوێ بێ‌ گرنگە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتن”.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە 22ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەركردەكانی عێراق گفتوگۆی لەبارەی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان كوردستان و عێراق كرد. بارزانی، لەو سەردانەدا پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگەی وەك یەكێك لە پاڵنەرە بەهێزەكانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خستبووە روو، بەڵام یەكلانەبوونەوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی وایكرد، ئەو بابەتە بۆ ئەو لیژنانە جێبهێڵدرێ كە دواتر پێكدەهێنرێن بۆ وردەكارییەكان .

 بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ: “ئێمە هەستدەكەین عادل عەبدولمەهدی خواستی ئەوەی هەیە لانیكەم بگاتە چارەسەرێكی مامناوەندی، بەڵام دەشزانین ئەوە ئاسان نابێت، چونكە هێز و گرووپە چەكدارەكانی عێراق لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتدا نین”. ئەو نموونە بە بڕیاری هەڵگرتنی بازگە گومرگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەهێنێتەوە كە دواجار لەژێر گوشاری هێزەكانی حەشدی شەعبیدا، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرینەگرت :”نەخوازە پرسێكی گرنگ و هەستیاری وەك گەڕانەوەی پێشمەرگە، بە دڵنیاییەوە كێشەی بۆ دروستدەكەن”.

لیوا قارەمان كەمال، قسەكانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ: “كێشەكە تەنیا سەربازی نییە و سیاسییە، هێزە عێراقییەكان بۆچوونی هاوبەشیان بەرامبەر پێشمەرگە نییە، بۆ ئەوەش دەبێ هەماهەنگی هەبێ و هەموو یەك قسە بن، نەك هەر هێزە و بەجۆرێك بڕیار بدات”.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك