كوردى

روونکردنەوەیەک لە ناز عەبدوڵاوە

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

بەتەحەداوە دەیڵێم: زەویی دووھەزار مەتریم وەرنەگرتووە

 

ناز عەبدوڵا، خانمە ڕاگەیاندکار و چالاکوانی کورد، لەبارەی ئەو لیستەوە کە لە چەند ماڵپەڕ و پەیج و ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە کە گوایە ڕووبەرێکی فراوانی زەوییان وەرگرتووە، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە هیچ پارچە زەوییەکی لەو جۆرەی پێدرابێت.

ئەمەش دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:

 

چەند رۆژێکە، لە چەندین ماڵپەڕ و پەیج و ئەکاونتی تایبەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ھەروەھا ماڵپەڕی لابەلادا، لیستێک بڵاو بووەتەوە کە ناوی کۆمەڵێک ھونەرمەند و بێژەری ناسراوی کوردستانی لەخۆ گرتووە، گوایە ھەر یەک لەمانە بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی کوردستان، پارچە زەویی گەورەیان بەناوی پرۆژەی ھونەرییەوە وەرگرتووە، یەکێک لەو ناوانە ناوی منە، گوایە من (ناز عەبدوڵا – بێژەر) ٢٠٠٠م – دوو ھەزار مەتر زەوییم وەرگرتووە، ھەروەھا ناوی (ئاشنا عەبدوڵا)ی خوشکیشم ھاتووە گوایە ئەویش ٢٠٠٠م – دوو ھەزار مەتر زەویی وەرگرتووە.

من ئاگادار نیم و پێشم یەکلا نابێتەوە، ئاخۆ ھەموو ئەو کەسانەی لەو لیستەدا ناویان ھاتووە، بەڕاستی ئەو پارچە زەوییانەیان وەرگرتووە یان نا! ئەو بەڕێزانەی تر با خۆیان وەڵام بدەنەوە، بەڵام من خۆم بە تەحەداوە دەیڵێم و بێ منەتم، لێرەدا بە ھەموو خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و کوردانی ئازیزی ھەندەران و خوێنەرانی رادەگەیەنم، ھەروەھا ئەو کەسەشی کە ئەو بێویژدانییەی کردووە دەرھەق بە من و خوشکەکەم و ئەوانەشی کە بێ ھیچ بەدواداچوون و لێپێچینەوەیەک، دەمودەست ھەمان لیست بڵاو دەکەنەوە لای خۆیان، ھەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە، بە ھیچ شێوەیەک و لەژێر ھیچ ناو و ناونیشانێکدا و بۆ ھیچ پرۆژەیەک، نە من لە ژیانمدا دوو ھەزار مەتر زەویم وەرگرتووە و نە ئاشنای خوشکیشم ھەزار مەتر زەویی وەرگرتووە. من لە ٢٦ ساڵ خزمەت و کارکردنی میدیاییمدا، یەک جار پارچە زەوییەکی ٢٠٠م دووسەد مەتریم وەک میدیاکار و رۆژنامەنووس وەرگرتووە، ئەو زەوییانەش زۆربەی ھەرە زۆری رۆژنامەنووسان لە ھەموو حزبەکان وەریانگرتووە. من جگە لەو ٢٠٠ مەترە، یەک مەتر زەویی ترم وەرنەگرتووە، ئاشنای خوشکیشم بە ھەمان شێوە. ھەمووتان بێ منەت بن، بڕۆن بەنێو دۆسیە و ئەوراقی ھەموو کابینەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بگەڕێن، بە فایلەکانی شارەوانیی ھەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستاندا بگەڕێن، ھەر کەسێک و لە ھەر کوێیەک یەک بەڵگەی راستەقینە بۆ خەڵک بخاتە ڕوو کە بیسەلمێنێ رۆژێ لە رۆژان من یان ئاشنای خوشکم، ئەو دوو ھەزار مەترە زەویەمان وەرگرتووە، من ئامادەم ئەو خانووەی ئێستا تێیدا دەژیم، بەبەرچاوی میدیاوە بفرۆشم و پارەکەی تەسلیمی حکوومەت بکەمەوە، ئەمە تەحەدایە دەیکەم و کێ بڕوا ناکات با پێچەوانەکەی بسەلمێنێ.

من تێ ناگەم، چۆن ناوی من و ئاشنای خوشکم خراوەتە ئەو لیستەوە؟ ئەو رق و کینە گەورەیە لە کوێوە ھاتووە کە کەسێک لە خۆیەوە بەبێ ھیچ بەڵگەیەک، شتێکی ئاوھا دوور لە راستییەوە بنووسێت و بە دنیادا بڵاوی بکاتەوە؟ نازانم کێیە، بەڵام ھەر کەسێک بێت، یەک تۆزقاڵ ویژدانی مرۆڤانەی تێدا نییە. بۆ ئاگاداریی ھەموو خەڵکی کوردستان، من بەدرێژایی ٢٦ ساڵ کارکردنم لە میدیادا، ھیچ کاتێک رێگەم بە خۆم نەداوە، داوایەکی وەھا لە ھیچ بەرپرسێکی کوردستان بکەم، ھەر کەسێکیش پێچەوانەی ئەم قسانەی لایە با بێ منەت بێت و بڵاوی بکاتەوە. ئەوەی لە نزیکەوە من باش بناسێت دەزانێ کە ھەرگیز بیرم لەو جۆرە داوایانە نەکردووەتەوە و ھەوڵم بۆ نەداوە، کە نەشم کردووە، لەبەر دوو ھۆکار بووە:

یەکەم – نەمویستووە بە ھیچ شێوەیەک، ناوبانگ و ناسراوی و دەرکەوتنم لە میدیادا بۆ شتێکی ناڕەوا بەکار بھێنم.

دووەم- ھەرگیز بە مافی خۆمم نەزانیوە، بە جارێ ١٠٠٠ یان ٢٠٠٠ مەتر زەوی یان کەمتر، لە حکوومەت وەربگرم، بۆ پرۆژەیەک کە تەنیا قازانجی شەخسیی خۆمی تێدابێت. من ھەمیشە ئەو جۆرە ئیمتیازاتانەم، بە مافی پێشمەرگە و کەسوکاری شەھید و ئەنفال و خەڵکی لیقەوماو زانیوە، نەک خۆم. کاری من خزمەتکردنی خەڵکی وڵاتەکەم و میدیا و پێشکەشکاری و رۆژنامەوانییە، نەک بازرگانی و زەوی وەرگرتن و فرۆشتن.

بڕۆن ناوی من لێ بدەن لە گۆگڵ و ئەنتەرنێتدا، یەکە یەکە ھەواڵ و چالاکییەکانم بخوێننەوە، بزانن ئاخۆ من ناسراوی و ناوبانگی خۆمم، جگە لە کاری مرۆیی و کۆمەک و ھاوکاری کۆکردنەوە، بۆ ئاوارە و لێقەوماو و خاوەن پێداویستیی تایبەت و پێشمەرگە، بۆ ھیچ شتێکی تر بەکار ھێناوە؟

حەیف بۆ کۆمەڵگەیەک، کە تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتێنێت، حەیف بۆ خەڵکێک، کە بڕوا بەو خەڵکە بێویژدانە دەکات.

من بەدرێژایی ساڵانی شەڕی داعش، لەنێو پێشمەرگە و بەرەکانی شەڕ و ھەروەھا لەنێو کەمپینی کۆمەک بۆ ئاوارە و لێقەوماو و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا بووم، یان زۆربەی جار، لەسەر مینبەرەکانەوە، خۆبەخشانە و بێ بەرامبەر، یادی شەھیدانم بەڕێوە بردووە، ئەو توێژە بەڕێز و ئازیزانەش کە ناوم ھێنان، ھەموویان شایەدیی ئەو قسانەم بۆ دەدەن، ئەوەی وەک من بیر بکاتەوە، سازش بۆ پارچە زەوییەک ناکات. دڵنیا بن، ناو و پێگەی خۆم و ئەو خۆشەویستییەی خەڵک بۆ من ھەیەتی، نەک بە پارچە زەوییەکی بێ بەھا، بەڵکوو بە سامانی ھەموو دنیا ناگۆڕمەوە. 

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك