كوردى

کیژۆڵەیەکی ئێزدی لای ماڵە عەرەبێکی مووسڵاوییە و نایدەنەوە بە دایکی

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

دایكی ناڤین: ئەو ماڵە عەرەبە دوای چوار هەزار دۆلارم لێ دەکەن بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی

دایكێكی ئێزدی، كه‌ كچه‌ شه‌ش ساڵانه‌كه‌ی له‌ ماڵێكی عه‌ره‌بی مووسڵاویدایه‌، چەندین مانگە لە هەوڵی وەرگرتنەوەیدایە، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، دەستی دەستی پێ دەکەن و بیانووی پێ دەگرن، بۆ ئەوەی کچەکە منداڵەکەی نەدەنەوە، هەروەها ئەو دایکە دەڵێت: ”ئه‌گه‌ر ناڤین كچی من نه‌بێت، چۆن داوای ده‌كه‌مه‌وه‌، ئاخر ده‌بێت بزانن ئه‌سڵه‌ن له‌نێو ئێزدییاندا ناكرێت كه‌سێكی غه‌یره‌ ئێزدی بكرێته‌ ئێزدی“.

له‌یلا حوسێن، دانیشتووی كۆمه‌ڵگه‌ی سیبا شێخدرێ، كه‌ خۆی و هاوژینه‌كه‌ی و هه‌شت منداڵی كه‌وتبوونه‌ ده‌ستی داعش، به‌ (باس)ی گوت: ”دوای ئه‌وه‌ی خۆم و دوو كچ و دوو كوڕم له‌ ڕێی نووسینگه‌ی ئازادکردنی ڕفێندراوانی ئێزدیی سه‌ر به‌ نووسینگەی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕزگار كراین، پاش ماوه‌یه‌ك خاتوونێك به‌ ناوی سه‌كینه‌ محه‌مه‌د (به‌رپرسی به‌شی ئافره‌ت و منداڵ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا)، وێنه‌ی منداڵێكی بێ داك و بابی بڵاو كردبووه‌وه‌، هه‌ر بینیم زانیم ناڤینی كچی منه‌”.

له‌یلا به‌رده‌وام بوو و گوتی: “چوومه‌ لای ئه‌و خاتوونه‌ و پێی گوتم، ئه‌و منداڵه‌مان به‌شێوەیەکی كاتی داوه‌ به‌ خێزانێكی عه‌ره‌بی مووسڵاوی و بڕۆ لە دادگا سكاڵا بكه‌ و وه‌ری ده‌گرینه‌وه‌”.

گوتیشی: “ساڵێكه‌ دێم و ده‌چم، ماڵه‌كه‌ و دادگای مووسڵیش هه‌ر جاره‌ی بیانوویه‌كم پێ ده‌گرن، ئه‌و خاتوو سه‌كینه‌یه‌ش ئێستا قسه‌كانی گۆڕیوه‌ و پشتیوانیی ماڵه‌ عه‌ره‌به‌كه‌ ده‌كات، كه‌ ده‌ڵێن گوایه‌ پێش كاره‌ساتی شنگال ئه‌و منداڵه‌مان له‌ شنگال دۆزیوه‌ته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌یان هه‌بێت و هه‌ر ئه‌سڵه‌ن له‌ ژیانیاندا سه‌ردانی شنگالیان كردبێت”.

دایكی ناڤین به‌ ده‌م هه‌نسكی گریانەوە ده‌ڵێ: “ئێستاش پێم ده‌ڵێن چوار هەزار دۆلار (چل وه‌ره‌قه)‌ بێنه‌ تا بنێرین له‌ به‌غدا پشكنینی دی ئێن ئه‌ی بۆ منداڵه‌كه‌ بكه‌ین”.

خاتوو له‌یلا گوتیشی: “ئه‌وان ده‌زانن من چل هه‌زار دینارم نییه‌ نه‌ك چل هەزار دۆلار، بۆیه‌ ئه‌و بیانووه‌م پێ ده‌گرن تا منداڵه‌كه‌م نه‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌و خاتوو سه‌كینه‌یه‌ و دادگای مووسڵیش پشتیوانیی ئه‌و ماڵه‌ ده‌كه‌ن، هەر لەبەرئەوەی وەک خۆیان عه‌ره‌بن”.

له‌ كۆتاییدا له‌یلا حوسێنی دایكی ناڤین گوتی: “ئه‌گه‌ر ناڤین كچی من نه‌بێت، چۆن داوای ده‌كه‌مه‌وه‌، ئاخر ده‌بێت بزانن ئه‌سڵه‌ن له‌نێو ئێزدییاندا ناكرێت كه‌سێكی غه‌یره‌ ئێزدی بكرێته‌ ئێزدی، ئه‌گه‌ر ناڤین ئێزدی نه‌بێت و جه‌رگی خۆم نه‌بێت، چۆن ده‌ڵێم كچی منه‌؟”.

له‌مباره‌یه‌وه‌، ڕیساله‌ شه‌ركانی، سه‌رۆكی ڕێكخراوی ڕۆژا شنگال، ده‌ڵێ: “ئێمه‌ چه‌ندین مانگ له‌مه‌وبه‌ر چیرۆكی ناڤین و دایكیمان بیست، به‌دوایدا چووین و قسه‌مان له‌گه‌ڵ خاتوو له‌یلا و مامی ناڤین كرد”.

گوتیشی: “دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان به‌ زۆر لایه‌نی فەرمییه‌وه‌ كرد، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا هیچ نه‌كراوه‌ و ئه‌و ماڵه‌ عه‌ره‌به‌ نایانه‌وێت ناڤین بده‌نه‌وه‌ دایكی و لایه‌نه‌كانی مووسڵیش پشتیوانیی ماڵه‌ عه‌ره‌به‌كه‌ ده‌كه‌ن”.

 

وێنەی ناڤین ئەو دەمەی لای دایکی بوو

 

وێنەی ناڤین و ئەو ژنەی ڕادەستی خێزانە موسڵاوییەکەی کردووە

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك