كوردى

لەسەر سکاڵای کۆمەڵی ئیسلامی رۆژنامەڤان و هونەرمەندێک دەستبەسەرکراون

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو- هەولێر

دوای دەستبەسەرکردنی رۆژنامەڤانێک لە سلێمانی لەسەر سکاڵایەکی نەخۆشخانەی بەخشینی سەر بە کۆمەڵی ئیسلامی، ئەمڕۆش هونەرمەندێک لەسەر سکاڵای کەناڵی پەیامی سەر بەو حیزبە هەر لە سلێمانی دەستبەسەرکرا. 

به‌ڕێوه‌به‌ری تۆڕی میدیایی كۆمه‌ڵ دەڵێت “هەر دوو کەسەکە لەسەر ناوزڕاندن سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە”. سەنتەری میترۆش دەڵێت، ئەو هەنگاوانە پێشهاتی خراپن بۆ ئازادی رادەربڕین.

لە رۆژی 9-12-2018ـەوە بەرهەم ساڵح، رۆژنامەڤان لە سلێمانی بەهۆی سکاڵایەکی نەخۆشخانەی بەخشین دەستبەسەرکراوە و لە زیندانە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە فەیسبووکی خۆی رەخنەی لە نەخۆشخانەکە گرتبوو. ئەمڕۆش بەرزان ئەیووب، هونەرمەند کە گۆرانییەکانی ئیسلامین بەهۆی سکاڵایەکی کەناڵی پەیام-ـەوە دەستبەسەرکرا.

به‌شی‌ راگه‌یاندنی‌ نەخۆشخانەی بەخشین لەبارەی ده‌ستگیركردنی‌ به‌رهه‌م ساڵح روونكردنە‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگەیاند “لەگەڵ ئەوەی وەكو بەكارهێنەرێكی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان سكاڵامان لەسەر ئەو بەڕێزە تۆماركردووە، بەڵام بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن بەبێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری ئێمە، وەكو رۆژنامەنوس پشتگیری لە زانیارییە ناڕاستەكانی ئەو بەڕێزە دەكەن و دووبارە دەیانەوێت ستەم لەم نەخۆشخانەیە بكەن”.

فارووق عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری تۆڕی‌ میدیایی‌ كۆمه‌ڵ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “لەگەڵ ئازادی رادەربڕیندام، بەڵام ئەوەی بەرزان ئەیووب کردوویەتی هەڵبەستانی بوختان و ناوزڕاندنە. بۆیە بەپێی یاسا لە دادگای سلێمانی سکاڵامان لەسەر تۆمارکردووە تاوەکو ئەو قسانەی دەیانکات بیسەلمێنێت، ئەگەر نەیتوانی بیسەلمێنێت ئەوا بڕیاری کۆتایی بۆ دادگا جێدەهێڵین”.

فارووق عه‌لی گوتی “پێشتر بەرزان ئەیووب بەگرێبەست فیلم و دراومای بۆ دۆبلاژ دەکردین، بەڵام دوای فراوانکردنی دەزگاکەمان و سەتەلایتی پەیام بووە کەناڵێکی هەواڵی و کارەکەی ئەو کۆتایی هاتووە. ئەو لەسەر ناوزڕاندنی بەردەوام سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە نەک کاری رۆژنامەنووسی”.

لەبارەی دەستبەسەر کردنی رۆژنامەڤان بەرهەم ساڵح لەسەر پۆستێک لەبارەی نەخۆشخانەی بەخشین، به‌ڕێوه‌به‌ری تۆڕی‌ میدیایی‌ كۆمه‌ڵ گوتی “ئەویش پەیوەندی بە ناوزڕاندنەوە هەیە. بۆ نمونە دەڵێت داهاتی نەخۆشخانەکە بۆ دوو بەرپرسی کۆمەڵی ئیسلامی دەچێت، لەکاتێکدا نەخۆشخانەکە خۆی خێرخوازییە، داهاتی لە کوێ بوو”.

رەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “هەردوو کەیسەکە دەچێتە بواری دەربڕینی بیروڕا، رەنگە کەم تا زۆر بەجۆرێک تەشهیری تێدابێت. یەکلاکردنەوەی هەر شتێک پەیوەندی بە نووسینەوە هەبێت دادگاکانە، بەڵام بۆ ئەوەی کۆت و بەند لەسەر بیروڕا نەبێت هەقە سکالاکارەکان پەنا بۆ وەڵامدانەوە و روونکردەوە و نووسین ببات. ئەوەش بەو مانایە نایەت پەنابردن بۆ یاسا خراپە، بەڵکو هەندێکجار وادەکات نووسەر و رۆژنامەنووسەکانمان سانسۆرێکی زۆر لەسەر خۆیان دابنێن”.
 
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان دەڵێت، لەناو یاسای کاری رۆژانامەنووسی مادە و بەندی پەیوەست بە تاوانەکانی بڵاوکردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە. بۆیە سکاڵاکاران پەنا دەبەنەبەر یاسای خراپبەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن

رەحمان غەریب گوتیشی “داوا دەکەین هەریەک لە به‌رهه‌م ساڵح و بەرزان ئەیووب بەکەفالەت ئازادبکرێن. ئەوانە پێشهاتی خراپە بۆ ئازادی بیروڕا. ئەزانین ناوزڕاندن مۆتەکەی ئازادیە، بەڵام مرۆڤ لە کاری پیشەیی خۆیدا هەر دەکەوێتە هەڵەوە. با جیاوازی لەنێوان هەڵە و تاواندا بکەین. بۆچی مامەڵەی تاوانباریان لەگەڵدا دەکرێت و فڕێدەدرێنە کونجی زیندانەوە”.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك