كوردى

لە کەرکووک و دەوروبەری پرۆسەی تەعریب بەفراوانی بەردەوامە

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان جارێكى تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سنوورى گونده‌ كوردەكانی قه‌زاى داقووقی سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك. به‌رپرسێكى یه‌كێتی ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ بڕیاری ئیداره‌ى كه‌ركووك، ده‌یان خێزانى عه‌ره‌بی هاورده‌ گه‌ڕێنرانه‌وه‌ سنوورى گونده‌ كورده‌كانی داقووق.

ره‌فعه‌ت عادل، هاووڵاتییه‌كى خه‌ڵكى ناوچه‌ى حه‌فته‌غاره‌، بۆ (باس) گوتی: “ئێمه‌ خاوه‌نى زه‌وییه‌كى زۆری كشتوكاڵین له‌ ناوچه‌ى حه‌فته‌غار و له‌م رۆژانه‌دا ژمارەیەکی زۆری عه‌ره‌ب، كه‌ خه‌ڵكى سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ن، هێنرانه‌وه‌ سه‌ر زه‌وییه‌كانمان و دواى لێكۆڵینه‌وه‌ و پرسیاركردن له‌ هه‌ندێك له‌و عه‌ره‌بانه‌، باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان له‌ ساڵانى هه‌شتاكان و حه‌فتاكان له‌ ناوچه‌ى حه‌فته‌غار، كه‌ له‌ سه‌رده‌مى سه‌دام ناوه‌كه‌ى كرابوو به‌ (افتخار) بوونه‌ و ئێمه‌ش پێیانمان گوت، ده‌بێ سنووره‌كه‌مان چۆڵ بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ زه‌ویى باب و باپیرانى ئێمه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وان دەڵێن ئێمه‌ به‌ بڕیارى حكوومه‌ت هاتووینه‌ته‌وه‌”.

گوتیشی: “له‌ ڕاستیدا دۆخی ناوچه‌ى حه‌فته‌غار، كه‌ شوێنێكى ستراتیژییه‌ بۆ كشتوكاڵ و هه‌روه‌ها حه‌وزێكى زۆری ماسییشی لێیه‌ خراپه‌، بۆیه‌ ئه‌وان به‌ چاوى ته‌ماحه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ و ئێمه‌ى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ش نازانین ئێستا سكاڵامان بۆ لای كێ ببه‌ین”.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ئازاد رۆستم، به‌رپرسی كۆمیته‌ى داقووقی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ هه‌فته‌نامه‌ى (باس) ڕای گه‌یاند: “رۆژی پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو 29/11/2018 زیاتر له‌ 56 خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌ گه‌ڕانه‌وه‌ سنوورى گونده‌كانی ناوچه‌ى حه‌فته‌غاری سه‌ر به‌ داقووق، هه‌روه‌ها رۆژی شه‌ممه‌ 1/12/2018 چه‌ند خێزانێكى دیكه‌ى عه‌ره‌ب گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئه‌و سنووره‌، واتا ژماره‌ى هاتنه‌وه‌ى خێزانه‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان بۆ ناوچه‌ كوردییه‌كان زیاد ده‌كات و له‌ زیادبووندایه‌ و خه‌ڵكى ڕه‌سه‌نى سنووره‌كه‌ش له‌ دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژین و ترسی خه‌ڵكه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ ئێستا سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كانى دیكه‌ و ته‌نانه‌ت فه‌رمانده‌یه‌كى پۆلیسی فیدڕاڵی به‌ عه‌ره‌به‌كانى گوتووه‌، جارێ كورده‌كان تووڕه‌ن و په‌ستن و كه‌ی هێور ببنه‌وه‌، ئینجا خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كانى تر ده‌هێننه‌وه‌ سنووره‌كه‌ و ئه‌وان به‌ بڕیارى ئیداره‌ى كه‌ركووك گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سنووره‌كه‌”.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتی ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: “تیرۆریستانی داعش زیاتر له‌ناو چه‌مى رۆخانه‌ له‌ سنوورى داقووقدا هەن و بنكه‌كانیان له‌وێیه‌ و پاشان له‌وێوه‌ دێنه‌ ناوچه‌كانى تر بۆ كوشتن و ڕفاندنى خه‌ڵك و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ دیانڕفێنن، له‌به‌رامبه‌ر پاره‌ ئازادیان ده‌كه‌ن، له‌م رۆژانه‌ى رابردوودا له‌ سنوورى حه‌فته‌غار كاسبكارێكیان شه‌هید كرد”.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، هیوا ڕه‌شید، به‌رپرسی ناوچه‌ى داقووقی پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: “سەعات 5ی سه‌رله‌به‌یانیى رۆژی پێنجشه‌ممه‌، عه‌ره‌به‌ هاورده‌كانی ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ى ڕابردوو، كه‌ خه‌ڵكی شاره‌دێی عوزێمی سه‌ر به‌ پارێزگاى دیاله‌ن، به‌ سه‌رپه‌رشتیی پۆلیسی فیدڕاڵی، كه‌ ئامر لیوایه‌كى سه‌ر به‌و هێزه‌یان له‌گه‌ڵ بووه‌، هێناویانه‌ته‌وه‌ بۆ سنوورى گونده‌كانى حه‌فته‌غاری كوردان و ئه‌وان به‌ بڕیارێكى پارێزگارى سه‌پێنراوه‌ى كه‌ركووك گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌”.

ڕاشی گه‌یاند: “عه‌ره‌به‌كان پاره‌یه‌كى زۆریان بۆ خه‌رج كراوه‌ و ئێستا له‌سه‌ر زه‌ویوزارى كورده‌كان خه‌رێكن ڕه‌شماڵ هه‌ڵده‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌ستیان كردووه‌ به‌ خانوو دروستكردن”.

ئه‌و به‌رپرسه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: “پێش ساڵی 2003، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى ته‌عریبدا 600 خێزانی عه‌ره‌ب هێنراونه‌ته‌ سنوورى گونده‌كانى حه‌فته‌غار و له‌دواى ساڵی 2003 ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و ئێستا ده‌یانه‌وێت قۆناخ به‌ قۆناخ بگه‌ڕێنه‌وه‌”.

قه‌زاى داقووق به‌ 30 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشوورى شارى كه‌ركووكه‌وه‌ و له‌ رووى ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ كه‌ركووكه‌ و له‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمانی شیعه‌ و سوننه‌ پێكدێت و ناوچه‌ى حه‌فته‌غاریش ده‌كه‌وێته‌ باشوورى رۆژئاواى قه‌زاى داقووقه‌وه‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك گوندى كوردان پێكدێت، كه‌ سه‌ره‌كیترینیان گونده‌كانى دارا و عه‌لی و مه‌نسووره‌ و خاوه‌نى پانتاییه‌كى زۆری زه‌ویى كشتوكاڵییه‌.

ئێستا نوێنه‌رانی كه‌ركووكى یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانى عێراق، شه‌ش كه‌سن و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكى سنوورى داقووقیشی تێدایه‌، تاوه‌كوو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ كێشه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، خه‌ڵكى سنوورى داقوق ره‌خنه‌بارانی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ى یه‌كێتی ده‌كه‌ن له‌ په‌رله‌مان. هه‌ڵۆ عوسمان، هاووڵاتییه‌كى خه‌ڵكى داقووقه‌ و به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: “نوێنه‌رانی یه‌كێتی هیچ رۆڵێكیان نییه‌ و ته‌نیا ئه‌و كاتانه‌ خه‌ڵكیان بیر دێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، یه‌كێتیش له‌ سنووره‌كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نییه‌ و رۆژ به‌ رۆژ ره‌وشی كورده‌كانى سنوورى داقووق به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، كه‌چی كه‌س ئاوڕمان لێ ناداته‌وه‌”.

گوتیشی: “ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ زۆر خێزانی تری عه‌ره‌ب بێنه‌وه‌ سنوورى گونده‌ كوردییه‌كانى داقووق و داواكارین له‌ به‌رپرسانی كورد له‌ به‌غدا هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و له‌ ئاست ئه‌و كرده‌وانه‌ى كه‌ به‌رامبه‌ر كورده‌كان ده‌كرێت بێ ده‌نگ نه‌بن”.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوودا، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتی، داقووقیان داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى دۆخى ئه‌منیى ناوچه‌كه‌ ناله‌باره‌، پرۆسه‌ى ته‌عریب به‌ چڕی ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه‌.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك