كوردى

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی پڕۆژەی سیتی پاسەوە ڕوونکردنەوە دەدات

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

وەزارەتی گواستنەوەی گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی پڕۆژەی سیتی پاسەوە کە وا چاوەڕوان دەکرێت لە شاری هەولێر جێبەجێ بکرێت بەڵام ئێستا چەند کێشەیەک لە جێبەجێکردنەکەی کەوتووە ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.

هەروەک بەرپرسانی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە پێشووتر ڕایانگەیاندووە کە پڕۆژەکە بریتییە لە هێنانی ٤٠٠ پاسی مۆدێل تازە و پێشکەوتوو و کارکردنیان لە هێڵەکانی هاتووچۆی ناوشاری هەولێر بۆ ئەوەی لەمەودوا دانیشتووانی شارەکە زیاتر پشت بە هێڵەکانی گواستنەوە ببەستن بۆ هاتووچۆکردنیان لەبری ئۆتۆمۆبێلی تایبەت.

 

ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی گواستنەوەی گەیاندن لەسەر زاری ئومێد محەمەد گوتەبێژی وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەو، کە وێنەیەکی بۆ(باسنیوز) نێردراوە لە بەشێکیدا هاتووە”سەبارەت بە داواکاری کۆمپانیای (باند) بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە شاری هەولێردا ، نووسراوێکیان ئاراستەی وەزارەتمان کردووە و دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە نووسراوێکیان بە ژمارە (٥٢١) لە رۆژی ( ١٠-٤-٢٠١٨) ئاراستەی دەستەی گشتی وەبەرهێنان کردووە و لە نووسراوەکەدا هاتووە ( لەبەر بەرژەوەندی گشتی ئێمە لاریمان نیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ، تکایە لە رای خۆتان ئاگادارمان بکەنەوە ) “.

 

وەزارەتەکە ڕوونیشیکردووەتەوە کە”لاری نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە بە مانای مۆڵەت پێدانی کۆمپانیای ناوبراو نایەت ، چونکە پێدانی رەزامەندی تەنها لە دەسەڵاتی بەڕێز وەزیرە و بە گرێبەست و فەرمانی وەزاری رێکدەخرێت “.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:-

سەبارەت بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی سیتی پاس بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان بە هەموولایەکی رادەگەیەنین : جێبەجێ کردنی پڕۆژەی سیتی پاس و بایەخدان و پێشخستنی کەرتی گواستنەوەی گشتی بەشێکی گرنگی پلانی ستراتیژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە .
لە میانەی هەوڵەکانی وەزارەت سەبارەت بەم پڕۆژەیە و سێکتەرەکانی تری گواستنەوەی زەمینی ، بۆ شاری هەولێر پڕۆژەی دیزاینی سیتی پاس لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتمەندی ئیتاڵیا ئەنجامدراوەو کاری بۆ کراوە .
لە بەهاری ٢٠١٧ دا بەڕێز (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر ئاگاداری بەڕێز ( مەولود موراد محی الدین) وەزیری پێشووی گواستنەوەوگەیاندنی (بە وەکالەت) کردەوە کە لەگەڵ پارێزگاری شاری دۆسڵدرۆفی ئەڵمانیا رێککەوتوون و بڕیاریانداوە ، پاسەکانی ئەو شارەی ئەڵمانیا وەکو دیاری پێشکەشی شاری هەولێر بکرێت و ژمارەیان (٤٠٠) پاسە و لە رێکخستن و کاری تەکنیکی پڕۆژەکەش هاریکار دەبن .
سەبارەت بە داواکاری کۆمپانیای (باند) بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە شاری هەولێردا ، نووسراوێکیان ئاراستەی وەزارەتمان کردووە و دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە نووسراوێکیان بە ژمارە (٥٢١) لە رۆژی ( ١٠-٤-٢٠١٨) ئاراستەی دەستەی گشتی وەبەرهێنان کردووە و لە نووسراوەکەدا هاتووە ( لەبەر بەرژەوەندی گشتی ئێمە لاریمان نیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ، تکایە لە رای خۆتان ئاگادارمان بکەنەوە ) .
هەروەها بەرێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە نووسراوێکی تریان بۆ وەزارەت ناردوەو تیایدا هاتووە : ئەم داواکاریەی کۆمپانیای (باند) بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرزبکرێتەوە ، بۆ وەرگرتنی دید و بۆچوونیان ، بەڵام تا ئێستا وەزارەتمان بۆ ئەم مەبەستە هیچ نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران نەکردووە .
بۆ بەرچاو روونی زیتر دەڵێین : لاری نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە بە مانای مۆڵەت پێدانی کۆمپانیای ناوبراو نایەت ، چونکە پێدانی رەزامەندی تەنها لە دەسەڵاتی بەڕێز وەزیرە و بە گرێبەست و فەرمانی وەزاری رێکدەخرێت .
ئاشکرایە مۆڵەت پێدانی ئەو پڕۆژەیەش پێویستی بە تاوتۆکردن و راوێژ و رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمە ، بە تایبەتی وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر ، دوای ئەو هەماهەنگیە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڕیار لەسەر پڕۆژەکە دەدات .
ئەوەی گرنگە روونیبکەینەوە ، لەبەر ئەوەی ئەو پاسانە بە دیاری بۆ هەولێر دەنێردرێن کە پێشووتر ئاماژەمان بە ژمارەیان کردووە ، کەواتە پێویست ناکات مۆڵەت بە کۆمپانیای کەرتی تایبەت بدەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ، بەڵکوو بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و پارێزگای هەولێر پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت .
ئومێد محه‌مه‌د ساڵح – وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن .
12-12-2018

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك