كوردى

بڕیاری لەکارلادانی بەڕێوەبەر و ئەفسەرە کوردەکانی کەرکووک جێبەجێدەکرێت

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو – کەرکووک

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئه‌و نووسراوه‌ی خسته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ كه‌ ‌مانگی حه‌وتی ئه‌مساڵ بۆ لەکارلادانی ئه‌وه‌ ئه‌فسه‌ر و پۆلیسانه‌ ده‌ریكردبوو، کە له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر لە شاری كه‌ركووك نەمابوون.

لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌نێو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، ده‌رفه‌تی ئه‌وەی نه‌هێشتووەتەوە‌ تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بدرێت، ده‌بێ له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراویشدا خاڵەکانی بڕیارەکە جێبه‌جێبكرێن.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كه‌ركووك نووسراوه‌كه‌ی بۆ بنكه‌كان هاوپێچ كردووه‌ و پابه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی له‌ ماوه‌ی دیاریكراودا، كه‌ 72 كاژێری بۆ دیاریكراوه‌. 

نووسراوه‌كه‌ ناوی 146 ئه‌فسه‌ری كوردی تێدایه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ پله‌ی مولازم به‌سه‌ره‌وه‌ن. 14 ئه‌فسه‌ر له‌ شوێنه‌كانیان جێگیركراون و 129ی دیكه‌شیان بڕیاری لەکارلادانیان هه‌یه‌، كه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ بنكه‌كانی پۆلیس ئه‌فسه‌رن.

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی قه‌زا و ناحییه‌كانی كه‌ركووك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگه‌یاند “ئه‌و نووسراوه‌ی كه‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتووە ده‌یان ئه‌فسه‌ر و پۆلیسی كه‌ركووك ده‌گرێته‌وه‌، بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر چوونه‌ته‌ هه‌ولێر و سلێمانی لەکارلابدرێن و له‌سه‌ر میلاكی پۆلیسی كه‌ركووك نه‌هێڵدرێن. ئه‌و پۆستانه‌ی به‌ ده‌ست كورده‌وه‌ بوون‌ به‌و نوسراوه‌ ده‌درێن به‌ عه‌ره‌ب و توركمان”.

تاوەکو ئێستا هیچ حیزبێكی كوردستانی له‌ كه‌ركووك دژی ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق نه‌هاتووەته‌ ده‌نگ. یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك هۆكاری جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌کە بۆ ناتەبایی نێو ماڵی كورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

جه‌مال شكوور، كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی 2ـی یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك ده‌ڵێت “له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌یان بڕیار دژی كورد له‌و شارەدا ده‌رچوون‌‌؛ وەک به‌عه‌ره‌بكردنی زه‌وییه‌كان، ده‌ركردنی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ كورده‌كان و ده‌ركردنی فه‌رمانبه‌ران، هه‌موو ئه‌وانه‌ش بۆ تێكچوونی نێو ماڵی كورد ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ “.

له‌ڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە داوا له‌ كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كراوه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌دا بكرێت و ده‌ست له‌ سزادانی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ هه‌ڵبگرێت، كه‌ له‌و لیسته‌دا ناویان هاتووە.

مه‌ریوان قادر، ئه‌ندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت “یه‌کێك له‌ بڕگه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق تاوتوێكردن و پێكهێنانی لیژنە‌ بووه‌ بۆ ئه‌و بڕیارانه‌ و بۆ هه‌ر بڕیارێك لیژنه‌یه‌ک دروستكراوه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ئێمه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌یه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ریكردووه‌ بۆ ده‌ركردنی ئه‌فسه‌ر و پۆلیسه‌ كورده‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كه‌ركووك”.

زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی ناویان له‌ لیستی لەکارلادراوەکاندا دانراوه‌، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی كۆلێژه‌ سه‌ربازییه‌كی قه‌ڵاچۆڵان و زاخۆن و پێشتر حكومه‌تی عێراق دانای به‌بڕوا نامه‌كانیان ناوه‌ و هه‌ر چوار ساڵ جارێك پله‌ی به‌رزكردوونه‌ته‌وه‌.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك