كوردى

گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەنەوە

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو-هەولێر

دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەلایەک و پارتی و گۆڕان لەلایەکی دیکە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت دەست پێبکەنەوە و پێشبینی دەکرێت ئەو گەڕەی گفتوگۆکان یەکلاکەرەوە بن و لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر پۆستەکان بکەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو ئامانج ئەوەیە پێش کۆتایی ساڵ لەبارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ لایەنەکان بگاتە رێککەوتن.عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: “گۆڕان خواست و داواکاری خۆی بۆ بەشداری لە حکومەت لەگەڵ راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت باس دەکات”. 

چاوەڕواندەکرێت دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆران رێککەوتن لەسەر پۆستەکان ئاسانتر بێت؛ لایەنەکان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن دانوستاندنەکانی هەفتەی داهاتوو یەکلاکەرەوە بن.

یەکێتی وەک براوەی دووەم خۆی یەکلاکردووەتەوە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، بەڵام گۆڕان چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت دەکات بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی جڤاتی نیشتمانی خۆی یەکلابکاتەوە بۆ بەشداریکرن لە حکومەت.

پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ، کۆتایی بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بهێنێت و مانگی داهاتوو دەست بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکرێت. 

کاکەمین نەجار ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی دەستدەکاتەوە بە سەردانیکردنی لایەنەکان، ئەوەش بەمەبەستی دانوستاندن لەبارەی پێکهێنانی حکومەت.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی باسی لەوەکرد، لە دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی باشمان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کردووە، بەڵام باسی دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتمان نەکردووە و ئەو بابەتەمان هێشتووەتەوە بۆ گفتوگۆکانی هەفتەی داهاتوو.

هەرچەندە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30 ئەیلولی رابردوودا ئەنجامدرا، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوون بە رێککەوتن بۆ دابەشکردنی پۆستەکان.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك