كوردى

فابیان ئۆنێل.. له‌ شوێنگره‌وه‌ی زیدانه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكاری قاوه‌خانه‌

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

 

به‌هره‌مه‌ندێكی گه‌وره‌ به‌ گه‌نجیه‌تی به‌ فیڕۆ درا، ئه‌و یه‌كه‌م وه‌رزشوان نییه‌، به‌هره‌مه‌ندی خۆی به‌فیڕۆ ده‌دات، به‌ڵام ره‌نگه‌ یه‌كه‌م یاریزان بێت له‌ مێژووی یوڤێنتوسدا، كه‌ به‌ دیسپلین ناسراوه‌، له‌ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای سیستماتیكی یانه‌كه‌ شكت دێنێت، ئه‌و یاریزانه‌ دوای چوونی بۆ یوڤێنتوس، سیستمی ته‌ندروستیی و وه‌رزشیی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو تێكچوو. له‌ شوێنگره‌وه‌ی زیدانه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكارێكی ئاسایی له‌ قاوه‌خانه‌دا. ئه‌وه‌ چیرۆكی دروستكه‌ری یاری ئۆرۆگوایی، فابیان ئۆنێله‌. 

فابیان ئۆنێل، یاریزانی هێڵی ناوه‌ڕاستی ئۆرۆگوایی، به‌ دیارترین به‌هره‌مه‌ندی سه‌رده‌می خۆی داده‌نرێت، له‌گه‌ڵ یانه‌ی ناشیوناڵی ئۆرۆگوایی دره‌وشایه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی له‌ ده‌روازه‌ی كالیارییه‌وه‌، روو بكاته‌ ئیتاڵیا. ئۆنێل له‌گه‌ڵ كالیاری 5 وه‌رز یاریكرد، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌ركه‌وت و توانی خۆی وه‌ك دروستكه‌رییه‌كی به‌توانای یاری له‌ تۆپی پێی ئیتاڵی بسه‌لمێنێت، تاوه‌كو بووه‌ كاپتنی یانه‌ی كالیاری. 

ئاستی به‌رچاوی له‌گه‌ڵ كالیاری، سه‌رنجی به‌ڕێوبه‌ری گشتی پێشووی یوڤێ و باوكی روحی میركاتۆ، لۆشیانۆ مۆدچی راكێشا، كه‌ ئه‌وی وه‌كو شوێنگره‌وه‌ی زه‌ینه‌دین زیدان له‌گه‌ڵ یوڤێنتوس ده‌بینی. هه‌تا زیدان، كه‌ ئه‌وده‌م بۆ یوڤێنتوس یاری ده‌كرد، له‌ باره‌وه‌ گوتی “فابیان ئۆنێل، یه‌كێك له‌ به‌هره‌مه‌ندترین ئه‌و یاریزانانه‌یه‌، كه‌ له‌ ژیانمدا بینیومن”. به‌ڵام جیهانی ناوبانگیی و داهاتی زۆر له‌گه‌ڵ یوڤێنتوس، له‌گه‌ڵ ئۆنێل به‌ باشی تێنه‌په‌ڕی، زنجیره‌ی لێژبوونه‌وه‌ و داڕمان له‌ ژیانی یاریكردنی ده‌ستیپێكرد. ته‌نیا یه‌ك ساڵ و نیو له‌گه‌ڵ یوڤێنتوس یاری كرد، پێش ئه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ له‌ نیوه‌ی وه‌رزی دووه‌می ده‌ستبه‌رداری بێت، ته‌نیا له‌ 20 یاری له‌گه‌ڵ یوڤێ به‌شدارییكرد، زۆربه‌شیان به‌ یه‌ده‌گیی بوو. 

مۆدچی بۆ یانه‌ی پیرۆجیا ده‌ستبه‌رداری بوو، له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سته‌واره‌ی گواستنه‌وه‌ی بایۆكۆ بۆ یوڤێنتوس. چی به‌سه‌ر ئۆنێلدا هات؟ چی روویدا؟، ئه‌و داڕمانه‌ جه‌رگبڕه‌ چی بوو به‌سه‌ری هات؟. كه‌ دوای رۆیشتنیشی له‌ یوڤێ نه‌یتوانی ئاستی خۆی به‌ده‌ستبێنێته‌وه‌، ته‌نیا نیو وه‌رز له‌ پیرۆجیا مایه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ تیپی پێشووی كالیاری، كه‌ له‌گه‌ڵی دره‌وشایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ سێریا بی، له‌گه‌ڵ كالیاریش نه‌یتوانی له‌ هیچ یارییه‌ك به‌شداریی بكات، كه‌ ئه‌ویش دوای چه‌ند مانگێك ده‌ستبه‌رداری بوو، پاشان له‌ تیپی یه‌كه‌می ناشیوناڵ، كۆتایی به‌ كاروانی شكستخواردووی خۆی له‌ یاریكردنهێنا. 

ئۆنێل له‌ وه‌رزی یه‌كه‌می له‌گه‌ڵ یوڤێنتوس، له‌به‌ر بوونی زیدان، ده‌رفه‌تی بۆ نه‌ڕه‌خسا، به‌ڵام رۆیشتنی زیدان بۆ ریال مه‌درید، ده‌رگه‌ی بۆ ئۆنێل كرده‌وه‌، خۆی بسه‌لمێنێت، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌مه‌ بكات. ژیانی شه‌ونخونی و په‌یڕه‌ونه‌كردنی ریجیمی خۆراكی ته‌ندروستى یانه‌كه‌، هۆكاری به‌س بوون بۆ ئه‌وه‌ی، ره‌وشی ژیانی تێكبچێت، هه‌تا كێشی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكرد، زێده‌باری نا پیشه‌گه‌ریی له‌ ژووری جلگۆڕین و نا پابه‌ندیی به‌ ئه‌فسانه‌كانی یانه‌كه‌ وه‌ك، دیێل پیێرۆ، داڤیدز، مۆنتێرۆ، فیرارا و ئه‌وانی دیكه‌. هۆكاری سه‌ره‌كیی شكستهێنانی ئه‌و یاریزانه‌ و داڕمانی، دوای 10 ساڵ له‌ رۆیشتنی له‌ یوڤێنتوس ئاشكرابوو. 
ئۆنێل دوای مایه‌پووچبوون و دۆڕاندنی ملیۆنه‌ها دۆلار له‌ گره‌وكردن و شه‌ونخونی رایگه‌یاند و گوتی “بڕێكی زۆر مه‌یم ده‌خوارده‌وه‌، له‌ كالیاری پشكنینم بۆ نه‌ده‌كرا، چونكه‌ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ منی زۆر خۆش ده‌ویست. به‌ڵام له‌ یوڤێنتوس هه‌موو مانگێك پشكنینان ئه‌نجام ده‌دا، له‌بیرمه‌ جارێكیان پزیشكی یانه‌كه‌ به‌ كارگێڕی گوت: چۆن رێگه‌ی تێده‌چێت ئۆنێل له‌و تیپه‌ بێت، ده‌بێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ بێت نه‌وه‌ك له‌نێو یاریگه‌دا”. ئۆنێل له‌ ساڵی 2012 نه‌شته‌رگه‌ری زه‌رداوی ئه‌نجام دا، پزیشك پێیان راگه‌یاند نابێت به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌، بۆ ماوه‌ی 6 مانگ مه‌ی بخواته‌وه‌، به‌ڵام ئۆنێل ته‌نیا یه‌ك مانگ ئارامی گرت، چونكه‌ نه‌یتوانی چیدی خۆی بگرێت و گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر خووه‌ كۆنه‌كه‌ی. 

هه‌رچه‌نده‌ له‌گه‌ڵ یوڤێنتوس له‌دژی سیلتێك، به‌شداریی چامپیۆنزلیگی كرد، بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆرۆگوایش له‌ مۆندیالی 2002 بانگهێشتكرا، به‌ڵام ئۆنێل ده‌رفه‌ته‌كه‌ی نه‌قۆزته‌وه‌ و سوودی لێ وه‌رنه‌گرت. ئۆنێل كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان شوێنگره‌وه‌ی زیدان بوو له‌ یوڤێنتوس، مایه‌پووچبوونی خۆی راگه‌یاند، به‌هۆی خه‌رجكردنی هه‌موو پاره‌كه‌ی له‌ ئافره‌تان، ئۆنێل خۆی دانی به‌و راستییه‌دا نا و گوتی “له‌ ماوه‌ی 10 ساڵدا، توانیم 12 ملیۆن دۆلار كۆبكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موویم له‌ ئافره‌تان خه‌رجكرد، من دڵنیام ئه‌و ئافره‌تانه‌ی پێشتر ناسیومن، ئێستا له‌ من ده‌وڵه‌مه‌ندترن”. 

مووچه‌ی مانگانه‌ی فابیان ئۆنێل له‌گه‌ڵ یوڤێنتوس، 140 هه‌زار دۆلار بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارێزگاریی له‌و مووچه‌یه‌ نه‌كرد و یوڤێ ده‌ستبه‌رداری بوو. كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ پیرۆجیا، له‌ كێشه‌ی ده‌ستكاریكردنی ئه‌نجامی یارییه‌كاندا گڵا، خۆی ساڵی 2012 دانی به‌وه‌دا نا، رۆڵی له‌ ده‌ستكاریكردنی ئه‌نجامی یاری پیرۆجیا و كیێڤۆ هه‌بوو، تاوه‌كو به‌ ئه‌نجامی 2 ـ 2 كۆتایی بێت، بۆ وه‌رگرتنی 60 هه‌زار یۆرۆ له‌ گره‌وكردندا، ئۆنێل ساڵی 2012 گوتی “دان به‌وه‌دا ده‌نێم، من رۆڵم له‌ ده‌ستكاریكردنی ئه‌نجامی یاری كیێڤۆ و پیرۆجیا هه‌بوو، ده‌بووایه‌ یه‌كسان بین، بۆ ئه‌وه‌ی هیچمان دانه‌به‌زین، پێش یارییه‌كه‌ چوومه‌ لای كاپتنی كیێڤۆ و پێمگووت، یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون كۆتایی پێدێنین.. تاوه‌كو خوله‌كی 87 ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ 1 ـ 1 گۆڵ بوو، كاتێك له‌ لێدانێكی دوور گۆڵی دووه‌ممان تۆماركرد، كه‌ نه‌ده‌بوو رووبدات. چوومه‌ لای به‌رگریكار دیێگۆ لۆپێز و پێمگووت ده‌بێت رێگه‌یان بده‌یت گۆڵێك تۆمار بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا ده‌مانكوژن، بۆیه‌ ئه‌و كاته‌ی تۆپه‌كه‌ له‌لای لۆپێز بوو، وا خۆی نیشاندا تۆپه‌كه‌ی له‌ كیس چووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كیێڤۆ گۆڵی یه‌كسانبوونه‌وه‌ تۆمار بكات”. هه‌روه‌ها ئۆنێل له‌ كێشه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كردن به‌ چه‌كیش له‌ ساڵی 2009 گڵابوو، ئه‌وكات راهێنه‌ری تیپێكی تازه‌یپێگه‌شتووانی خۆماڵی خوار 18 ساڵیی بوو. جارێكیان دوای ته‌واوبوونی یارییه‌ك، ئۆنێل به‌ تووڕه‌یی چووه‌ لای ناوبژیوانی یارییه‌كه‌، له‌ ژووری جلگۆڕین و ده‌مانچه‌ی به‌ روویدا به‌رزكرده‌وه‌ و پێیگوت “ده‌زانی من كێم؟..”!. 

ئۆنێل ده‌رفه‌تی ته‌مه‌نی خۆی له‌ده‌ستدا، ئه‌وكاته‌ی چووه‌ ریزه‌كانی یوڤێنتوس، له‌و ئه‌فسانانه‌ هیچ فێر نه‌بوو، كه‌ له‌گه‌ڵیان راهێنانی ده‌كرد، ئۆنێل خۆی دانی به‌وه‌دا نا و گوتی “له‌ یوڤێنتوسدا، من مۆنتێرۆ، دیێل پیێرۆ، نێدڤید، بۆفۆن، ئینزاگی، داڤیدز و تریزیگه‌م له‌ راهێنانه‌كان ده‌بینی. ئه‌وان جانه‌وه‌ر بوون. شته‌كه‌یان به‌ سه‌رڕاستی وه‌رگرتبوو، راهێنانه‌كان وه‌ك پیشه‌یه‌ك بوو، به‌ قات و بۆینباغ ده‌هاتنه‌ راهێنانه‌كان و ژووری جلگۆڕین، پاشان به‌ جلی راهێنان ده‌چوونه‌ نێو یاریگه‌وه‌، له‌ راهێنانه‌كان هه‌موو توانای خۆیان ده‌خسته‌گه‌ڕ، تاوه‌كو مردن ئاره‌قه‌یان ده‌كرده‌وه‌. پاشان ده‌چوونه‌ گه‌رما، خۆیان ده‌شووشت و دووباره‌ قاتیان له‌به‌رده‌كرد و ده‌رۆیشتن. ئه‌وان كۆمه‌ڵێك پیشه‌گه‌ری ئیتاڵی و بیانی بوون، هه‌تا تودۆری كڕواتیش وه‌ك ئه‌وان پیشه‌گه‌ر بوو، به‌ڵام من وا نه‌بووم”. 

ئۆنێل ئێستا له‌ كوێیه‌؟ 
ئه‌و ئێستا له‌گه‌ڵ دایكی هاوژینه‌كه‌ی ئه‌ندریا و كوڕه‌كه‌ی فاڤیۆ له‌ ئۆرۆگوای ده‌ژیی، كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی 15 ساڵانه‌. ئۆنێل ئێستا خاوه‌نی خانووی تایبه‌تی خۆی نییه‌، هه‌موو پاره‌كانی خۆی له‌ شه‌ونخونی، ئافره‌ت و گره‌وكردن دۆڕاند، چه‌ندی پاره‌ له‌ ده‌ست بایه‌ خه‌رجی ده‌كرد، رۆژ به‌ رۆژ ده‌ژیا و بایه‌خی به‌ ئاینده‌ نه‌ده‌دا. ئۆنێل ئێستا وه‌ك خزمه‌تكار له‌ قاوه‌خانه‌یه‌كی خۆماڵی له‌ گونده‌كه‌ی كارده‌كات، دڵی به‌ كاره‌كه‌ی خۆشه‌ و ده‌ڵێت “من ئێستا هیچ پاره‌م نییه‌، رۆژانه‌كه‌ی خۆم له‌ پێدوایستییه‌كانی ماڵه‌وه‌ خه‌رج ده‌كه‌م، من دڵخۆشم هه‌رچه‌نده‌ مایه‌پووچیش بوویمه‌، من له‌نێو هاوڕێیانی به‌ ئه‌مه‌كم ده‌ژیم، ئه‌وان له‌گه‌ڵمن هه‌رچه‌نده‌ پاره‌شم نییه‌، پێشان هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ چوارده‌رم بوون، له‌به‌ر سامانه‌كه‌م بوو”. 

ئه‌وه‌ چیرۆكی فابیان ئۆنێله‌، له‌ كاپتنی كالیاری و شوێنگره‌وه‌ی زیدان له‌ یوڤێنتوس، بۆ خزمه‌تكار له‌ قاوه‌خانه‌یه‌كی خۆماڵی له‌ ئۆرۆگوایی. ره‌نگه‌ فاشیلترین ده‌سته‌واره‌ی بێت له‌ مێژووی یوڤێنتوسدا، خاڵی ره‌شی كاروانی لۆچیانۆ مۆدچییش بێت له‌گه‌ڵ یوڤێ. یاریزانێك بوو چاوه‌ڕێی زۆر شتی لێده‌كرا، به‌ڵام ژیانی تایبه‌تی، كۆتایی به‌ كاروانی یاریكردنی هێنا، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ته‌مه‌نی 29 ساڵیدا بوو.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك