كوردى

راپرسییەک؛ خۆشەویستی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو-واشنتن

هەڵوێستی نەرێنی ئەمریکا لە پرسی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان، متمانە و خۆشەویستی ئەو وڵاتەی لای هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە 11% کەمکردووەتەوە. 

بەپێی راپرسییەک کە ئەنجامەکانی رۆژی سێشەممە بڵاوکرانەوە، خۆشەویستی ئەمریکا لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبووەتەوە. کەمبوونەوەی خۆشەویستی ئەمریکا لە کوردستان و عێراق نیگەرانی بەرپرسانی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە. پسپۆڕێکی كاروباری كورد لە په‌یمانگەی واشنتن دەڵێ، رەنگە زۆر کەس ئەمریکای خۆشنەوێت، به‌ڵام هێشتا ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵیان كاربكات.

كوردستان هه‌میشه‌ به‌ دۆستی ئه‌مریكا ناسراوه‌. كردنه‌وه‌ی چێشتخانه‌ی تره‌مپ له‌ دهۆك، ناونانی منداڵێكی كورد به‌ناوی سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه‌، هه‌موویان له‌ میدیای ئه‌مریكادا وه‌كو نیشانه‌یه‌ك بۆ خۆشه‌ویستی كورد به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا سه‌یرده‌كران. 

هه‌موو ئه‌وانه‌ پێش گشتپرسی سه‌ربه‌خۆیی كورستان بوون. ئێستا ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ نه‌ماوه، ئه‌مه‌ ئه‌نجامی راپرسییه‌كه رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ واشنتن بڵاوكرایه‌وه‌. راپرسییه‌كه‌ ده‌ریده‌خات رقێكی زۆر له‌ عێراق لەبەرامبەر ئەمریکا هەیە و لەسەدا 92ـی خه‌ڵك بۆچوونیان به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا خراپه‌.

جه‌یمس زوغبی، سه‌رۆكی ده‌زگای راپرسی زوغبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “له‌ عێراق، هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا نزم بووه‌ و به‌ نزمی ماوه‌ته‌وه‌. رێژه‌ی په‌س‌ندی ئه‌مریكا له‌وێ له‌ یه‌ك ژماره‌ تێناپه‌ڕێت. له‌ ناو شیعه‌ و سوننه‌دا، رێژه‌ی په‌سهندی ئه‌مریكا سفره‌. له‌ نێو كورددا كه‌مێك زیاتره‌، به‌ڵام له‌ رابردوودا زۆر به‌رزبوو، ئه‌مڕۆژانه‌ هێنده‌ به‌رز نییه‌.”

ئه‌نجامێكی سه‌رسووڕهێنه‌ری راپرسییه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو خه‌ڵكی ئێران له‌ هاووڵاتیانی عێراق و توركیا زیاتر ئه‌مریكایان خۆشده‌وێت. ته‌نیا 68%ی ئێرانییه‌كان به‌ خراپی له‌ ئه‌مریكا ده‌ڕوانن، ئه‌م رێژه‌یه‌ له‌ توركیا 85%ـە.

هیچ وڵاتێكی ئیسلامی زیاتر لە سعودییه‌ و ئیمارات، بۆچوونی دۆستانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا تێدا نییه. 78%ـی خه‌ڵكی ئیمارات و 87%ـی خه‌ڵكی سعودیه‌ ئه‌مریكایان خۆشده‌وێت.

ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م راپرسییه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی گه‌وره‌ن له‌ واشنتن، چوونكه‌ ئه‌مریكا گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی عێراقە و له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر له‌ 12 ملیار دۆلاری له‌ شه‌ڕی دژی داعش خه‌رجكردووه‌. ئه‌مه‌ش زۆرتره‌ له‌و پاره‌یه‌ی هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ خه‌رجیكردووه‌.

پسپۆڕان هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ئه‌و رێژه‌ به‌رزه‌ی بۆچوونی دژه‌ ئه‌مریكایی له‌ عێراق خستووەتە‌ڕوو. ئه‌لێكس ڤه‌تانكا، لێكۆڵه‌ر له‌ په‌یمانگای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بە رووداوی راگەیاند: “به‌شێكی زۆری دانیشتووانی شیعه‌ی عێراق ئێرانیان وه‌كو سه‌ركرده‌ی ئایدۆلۆژی خۆیان سه‌یركردووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا، بێگومان رێژه‌یه‌كی گه‌ورهی‌ دژه‌ ئه‌مریكایی دروستده‌بێت.”

هه‌ندێكی دیكه‌ پێیانوایه‌، خۆشنه‌ویستنی ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌مانای دژایه‌تیكردن نییه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌و وڵاته‌. ده‌یڤد پاڵه‌ك، پسپۆڕی كاروباری كورد لە په‌یمانگەی واشنتن بە رووداوی راگەیاند: “زۆربەی خەڵک ئێمه‌یان خۆشناوێت، به‌ڵام هێشتا ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵیاندا كاربكه‌ین.”

بێگومان له‌ عێراق هه‌میشه‌ دژایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ هه‌بووه‌ بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا. ئه‌مه‌ش وایكرد ئه‌مریكا ساڵی2011  به‌ نابه‌دڵ بكشێته‌وه‌. كه‌ دێته‌ سه‌ر كوردستان، هیچ گومانێك نییه‌ كه‌ دژایه‌تی ئه‌مریكا بۆ راپرسی سه‌ربه‌خۆیی ساڵی 2017 كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ستی خه‌ڵك هه‌بووه‌.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك