كوردى

مه‌ترسی داعش هه‌یه‌ له‌ناوشاری كه‌ركوك؟ئه‌فراسیاو كامیل: گواستنه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رانی كورد راگیراوه‌

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

December 13, 2018 at 8:58 pm

كه‌ركوك، ئایاری 2018، هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق له‌ نێو شاری كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

گۆران بابان – كه‌ركوك

عه‌مید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك ئاشكرایده‌كات دۆسیه‌ی جێگۆڕكێ و گواستنه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رانی كورد راگیراوه‌ و له‌ باسی ئه‌منیه‌تی ناوشاره‌وه‌ ده‌ڵێت، شانه‌ی نوستوی داعش ماوه‌ به‌ڵام دۆخه‌كه‌ جێی مه‌ترسی نییه‌.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ (كه‌ركوك ناو)، وته‌بێژی پۆلیس ئاماژه‌ به‌ روداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی كه‌ركوك، هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنینی هاوبه‌شی هێزه‌كان ده‌كات له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی ئاسایشی شاره‌كه‌ له دژه‌تیرۆری عیراق.

عه‌مید ئه‌فراسیاو، سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌كان دوایین زانیاریه‌كانی باسكرد، كاتێك به‌ هه‌وڵ و فشاری په‌رله‌مانتار و لایه‌نه‌كان، له‌ نێویاندا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق، بڕیاری گواستنه‌وه‌یان راگیراوه‌.

حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا، تائێستا زیاد له‌ جارێك، به فه‌رمانی جیاواز بڕیاری جێگۆڕكێ و گواستنه‌وه‌ی بۆ ده‌یان ئه‌فسه‌ری كورد ده‌ركردوه‌، ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێی ناڕه‌زایی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان.

“هەر كارمەند و ئەفسەرێك بۆ هەر ناوچەیەك گواسترابێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان، كۆی بابه‌ته‌كه‌ش له‌ ئێستادا هه‌ڵپه‌سێردراوه‌”.

عه‌مید ئه‌فراسیاو ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پاشماوه‌ی داعش كرد له‌ كه‌ركوك، له‌ وه‌ڵامی پرسیاری هه‌بونی مه‌ترسی جموجۆڵی ئه‌و رێكخراوه‌ و شانه‌ نوستوه‌كانیان له‌ناوشاردا، وتی “ئێمەش دەڵێین شانەی نوستوی داعش هەیە و كار بۆ دەستگیركردنیان دەكەین”.

عه‌مید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: گۆران بابان

به‌پێی ئاماری هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر، له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا 12 چه‌كداری داعش ده‌ستگیركراون، جگه‌ له‌ به‌رده‌وامی هه‌ڵمه‌ته‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك.

ئه‌و 12 چه‌كداره‌ی داعش، به‌وته‌ی وته‌بێژی پۆلیس، تۆرێك بون و نیازیان هه‌بووه‌ بچنه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای زامیاری هه‌واڵگری و له‌رێی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون.

له‌باره‌ی ناوشاره‌وه‌ زیاتر وتی “تائێستا هیچ جموجۆڵێكی چەكداری مەترسیدار نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چڕی بڵاوبونەوەی ئەو هێزانەی لەكەركوك هەن و وایكردووە ئەنجامدانی تاوان و بونی هەر جموجۆڵێك سنورداربكرێت.. هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە دۆخی ئەمنی شار بەتەواوەتی لەژێر كۆنتڕۆڵدایە”.

سه‌رباری هه‌ڵمه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، جگه‌ له‌ هێرش و جموجۆڵه‌ چه‌كدارییه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك، به‌تایبه‌ت له‌ سنوری حه‌ویجه‌، له‌ناوشاره‌كه‌ش له‌ رۆژانی رابردودا چه‌ندین روداوی ئه‌منی جیاواز و توندوتیژی تۆماركراون.

عه‌مید ئه‌فراسیاو ئاماژه‌ی به‌ سێ روداوی ده‌ستڕێژی گولـله‌ كرد له‌گه‌ڵ چوار حاڵه‌تی تری دزینی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوك، ده‌ڵێت به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌باره‌یانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و تائێستا دوو كه‌س ده‌ستگیركراون، به‌تۆمه‌تی ده‌سترێژی گولـله‌.

روداوه‌كانی ده‌ستڕێژی گولـله‌ وه‌كو ئه‌و باسیكرد، یه‌كێكیان كوشتنی پێشمه‌رگه‌یه‌ك بوه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی له‌تیفاوا و ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ناسراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ڵاتوه‌، دوه‌میان ده‌ستڕێژ بوه‌ له‌ لێپرسراوی نوسینگه‌ی موسه‌ڵای رێكخراوی به‌در و ته‌نیا زیانی ماددی هه‌بوه‌، سێیه‌میش ته‌قه‌كردن بوه‌ له‌ هاوڵاتیه‌ك و دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون، كه‌ ده‌مانچه‌ و ئۆتۆمبێلێكیان پێ بووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، توانیویانه‌ ئۆتۆمبێلێكی دزراو بدۆزنه‌وه‌ و به‌دواداچون بۆ سێ حاڵه‌تی تری دزی به‌رده‌وامه‌، به‌ده‌ر له‌و روداوانه‌، دۆخی ئه‌منی ناوشار سه‌قامگیره‌ و له‌بۆسه‌دان بۆ رێگری له‌ هه‌ر تاوانێك.

كه‌ركوك، 15-4-2018″ ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێك له‌ ناوه‌ڕاستی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌، ناوبه‌ناو هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنین له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوك ئه‌نجامده‌درێت، به‌هاوبه‌شی پۆلیس و دژه‌تیرۆری عیراق، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی عه‌مید ئه‌فراسیاو به‌ ئامانجی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ك و ده‌ستگیركردنی داواكراوانه‌.

“به‌پێی ئەو پلانە نوێیە هاوبەشەی نێوان پۆلیس و دژەتیرۆر، بەهۆی زیادبونی روداوەكانی تەقەكردن و دەستڕێژی گولـله‌وه‌، هەڵمەتێكی چڕی گەڕان و پشكنین و دانانی بازگەی كاتیمان لەگەڕەكەكاندا دەستپێكردووە.. له‌ورێگه‌یه‌وه‌ توانیومانە چەندین تۆمەتبار دەستگیربكەین و بەردەوامیش دەبین”.

ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه‌، دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك راسته‌وخۆ به‌ده‌ست دژه‌تیرۆری عیراقه‌وه‌یه‌، به‌هاوبه‌شی پۆلیس و ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ش، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی تێدایه‌.

عه‌مید ئه‌فراسیاو ده‌ڵێت له‌ یه‌ك ساڵی رابردودا له‌گه‌ڵ دژه‌تیرۆر پێكه‌وه‌ كاریانكردوه‌ و “توانیومانە دۆخی ئەمنی تا ئاستێكی باش بەرقەرار بكەین، وەك پۆلیس ئامادەیی تەواومان تێدایە دۆسیەی ئەمنیمان ڕادەستبكرێتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە پێویستی بەڕێككەوتنی سیاسییە”.

وته‌بێژی پۆلیس وتی “ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه‌ دوای ته‌واوبونی كاره‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق و به‌پێی رێككه‌وتنی سیاسی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ توانای هێزه‌كانیان بكرێته‌وه‌ تا بزانرێت ئاماده‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی یان نا”.

كه‌ركوك، ئایاری 2018، هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق له‌ نێو شاری كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك