كوردى

كۆمپانیایەك بایی دوو ملیار دۆلار بەربەستی كۆنكرێتی بە عێراق فرۆشتووە

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو-هەولێر

ئەو بەربەرستە كۆنكرێتیانەی كە حكومەتی عێراق بڕیاری داوە لەسەر شەقامەكانی بەغدا هەڵیانبگرێت و بەشێكی زۆری هەڵگرتوونەتەوە، لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی كوردییەوە دروستكراون، خاوەنی یەكێك لەو كۆمپانیایانە دەڵێت بایی نزیكەی 2 ملیار دۆلار بەربەرستی كۆنكرێتیان بە عێراق فرۆشتووە.

دەسەڵاتدارانی عێراق زیاتر لە 70 هەزار بەربەستی كۆنكریتیان لە دەوروبەری بارەگا حكومی و حیزبییەكان و نێوان گەڕەكەكان لادا كە لە ساڵی 2004 بەدواوە بەشێكی زۆریان لەلایەن سوپای ئەمریكاوە بۆ پاراستنی سەربازەكانیان لە هێرش و پەلاماری خۆكوژی دانرابوون.

 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: “بە لادانی بەربەستە كۆنكریتییەكان هەزار شەقام لە شاری بەغدا بەڕووی هاووڵاتیاندا كراونەتەوە، ئەم هەنگاوەش دوای تۆكمەكردنی ئاسایشی دەوروبەری بەغدا دێت بۆ رێگرتن لە هاتنە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژ”.

ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت: “لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 70 هەزار بەربەستی كۆنكریتی لە شەقام و گەڕەكەكانی نێو شاری بەغدا لادراون، سەرەڕای كردنەوەی هەزار شەقام لە سەرەتای ئەمساڵ، كاركردن بەردەوامە بۆ كردنەوەی سەرجەم شەقامەكانی بەغدا”.

محەممەد رەزا، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی لادانی ئەو بەربەرستە كۆنكرێتیانە بە (رووداو)ی گوت: “نزیكەی نیو ملیۆن بەربەست لە شەقامەكانی بەغدا دانراون كە ملیۆنان دۆلاریان تێچووە، ئەمڕۆ دەبێ بەشێوەیەكی تاوتوێكراو لابدرێن و بگوازرێنەوە سنوورەكان یان لە ناوچەكانی سنووری شار دابنرێنەوە”.

لە هەرێمی كوردستانیش بەهۆی چەند تەقینەوەیەك، بەربەستی ئەمنی بە چواردەوری زۆربەی بینا حكومییەكاندا دانراون، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانیدا نییە ئەو بەربەستانە لابدات.

د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: “ژمارەی بەربەستە كۆنكریتییەكان زۆر نین، تەنیا لە شوێنە هەستیارەكانی وەكو وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان دانراون كە هیچ رێگەیەكی لە هاتوچۆی هاووڵاتیان نەگرتووە و كێشەی دروست نەكردووە، بۆیە بڕیارێك نییە لاببرێن، چونكە ئەو شوێنانە سیمبولی سیادەن و هەر دەبێت پارێزراو بن”.

سەبارەت بە لادانی ئەو بەربەستانە لەبەردەم هەندێك هوتێل و بانك و شوێنی دیكە، د.سامی جەلال گوتی: “ئەوانەش بە رەزامەندی ئاسایش دانراون و ئەوانیش هیچ رێگەیەكی هاتن و چوونیان لە هاووڵاتیان نەگرتووە”.

ئەو بەربەرستە كۆنكرێتیانە لەسەرەتای ساڵی 2004 تەنیا لەلایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵی دروست دەكران كە ئەویش كۆمپانیای 77 بوو، بەڵام ئێستا چەندین كۆمپانیای دیكە هەمان كار دەكەن.

هێرش خۆشناو، خاوەنی كۆمپانیای 77 بە (رووداو)ی گوت: “لە كۆتایی ساڵی 2003 لەبەرئەوەی بارودۆخی عێراق لەڕووی ئەمنییەوە جێگیر نەبوو، ئەمریكییەكان دیزاینێكی تایبەتیان بۆ بەربەستی ئەمنی دانا كە جۆری كۆنكرێت و بەستنی شیشەكانی و دانانی قاڵبەكانی تایبەت بوو، ئەوە نزیكەی 70٪‏ی زیانی تەقینەوە كەمدەكاتەوە، وای لێدەكات لەبری ئەوەی پەرشوبڵاو بێت بۆ ئاسمان بڕوات، هەروەها بەرگەی مووشەك و ئارپیچی و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژیش دەگرێ”.

یەكەم وەجبەی بەربەرستە كۆنكرێتییەكانی كۆمپانیای 77 لە سەرەتای ساڵی 2004 گەیشتنە بەغدا، هێرش خۆشناو دەڵێت “یەكەم وەجبەمان دایە ئەمریكییەكان بۆ پاراستنی بارەگاكەیان لە ناوچەی سەوز، پاش ئەویش بۆ شوێنەكانی دیكەی وەكو بەسرە و حیللە و پارێزگاكانی دیكەمان نارد”.

بەهۆی زۆربوونی تەقینەوەكان و پەلاماری چەكدارەكان رۆژ بەڕۆژ داواكاری لەسەر ئەو بەربەستە ئەمنیانە زیاتر دەبوو. هێرش خۆشناو دەڵێت: “پێنج كارگەمان لە هەولێر هەبوو، زۆنی سەوزی بەغدا، یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی بەغدا، بەسرا و ئەوەی دیكەش لەناو قاعیدەیەكی ئەمریكی لە رومادی بوو، رۆژانە نزیكەی هەزار دانەمان دروستدەكرد، هێشتا پێڕانەدەگەیشتین”.

بازاڕە گەرمەكەی بەربەرستی كۆنكریتی تاوەكو 2007 بەردەوام بوو، بەڵام دوای دروستبوونی هێزەكانی سەحوە و وەدەرنانی قاعیدە لە عێراق، پەلاماری تیرۆرستانیش رووی لە كەمی نا، بەمەش بازاڕی بەربەرستە كۆنكرێتییەكان كز بوو.

هێرش خۆشناو لەبارەی نرخ و جۆری ئەو بەربەرستە كۆنكریتیانە دەڵێت: “گرێبەستەكەم لەگەڵ حكومەتی عێراق و ئەمریكییەكان بایی ملیارێك و 800 ملیۆن دۆلار بوو، جۆری بەربەرستەكانیش جیاواز بوون، نرخەكانیان لە نێوان 180 دۆلار تاوەكو 2500 دۆلار بوو، بەڵام ئەو جۆرەی زۆرترین خواستی لەسەر بوو، پێیدەڵێن تیواڵ كە نرخەكەی لە نێوان 350 تاوەكو 900 دۆلارە و لە ناوچەی سەوز دانراوە”.

هێرش خۆشناو دەڵێت بەهۆی بەرزیی كواڵیتی بەربەرستەكانیان لە وڵاتانی دیكەشەوە داوای بەرهەمی كۆمپانیاكەیان كراوە. ئەو دەڵێت “كۆنكرێتی كۆمپانیای 77 بوو بە براند، بۆیە لەسەر داوای ئەمریكییەكان لە ئەفغانستان و كوێتیش كارمان كرد”.

بەگوتەی هێرش خۆشناو، ئێستا لە عێراق زیاتر لە 100 كۆمپانیا و لە هەرێمی كوردستانیش نزیكەی 12 كۆمپانیا بەربەرستی كۆنكرێتی دروست دەكەن، بەڵام بەهۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەری، كۆمپانیاكەی ئێستا دروستیان ناكات و دەڵێت: “هێشتا بایی 20 ملیۆن دۆلار بەربەرستی كۆنكرێتی ئامادەكراومان ماوە”.

حەمید سادق، خاوەنی كۆمپانیای ئیبریا كە بەربەرستی كۆنكرێتی دروست دەكەن، دەڵێت :”پێشتر رۆژانە 300 بۆ 400 دانەمان بۆ هەموو عێراق دەنارد، بەڵام ئێستا كە شەڕ نەماوە، خواست لەسەری زۆر كەمبووەتەوە و رۆژانە تەنیا 100 دانە دروست دەكەین”.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك