كوردى

وەزارەتی بەرگری: دەیان چەكداری داعش بەهۆی بۆردومانەوە كوژران

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

February 7, 2017 at 7:02 pm

ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی شەڕی بەری راستی موسڵ چڕكراونەتەوە فۆتۆ: سایتی دژەتیرۆری عیراق

كەركوك ناو
وەزارەتی بەرگری عیراق، كوژرانی دەیان چەكداری داعش رادەگەیەنێت بەهۆی بۆردومانی فرۆكە جەنگیەكانەوە لەرۆژئاوای موسڵ، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی شارەكە.

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی بەرگری لەچەند راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كە فرۆكە جەنگیەكانی عیراق زنجیرەیەك هێرشیان دژی بارەگا‌و بنكەكانی داعش ئەنجامداوە لەرۆژئاوای پارێزگای نەینەوا‌و قەزای تەلەعفەر، ئەوەش بەپشتبەستن بەزانیاری وردی هەواڵگری.

لەو راگەیەندراوەدا لەپەیجی فەرمی وەزارەتەكە لەفەیسبووك ئاماژە بەوەكراوە كە بەهۆی هێرشەكانەوە، زیاتر لە 20 چەكداری داعش كوژراون‌و چەند ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقێنراونەتەوە، ئەوەش لەگەڕەك‌و ناوچەكانی زراعی‌و سكەك‌و مەساید‌و سەحاجیە.

هەر ئەمڕۆ هێزە عیراقیەكان خۆكوژێكی داعشیان لەنێو شاری موسڵ تەقاندەوە، كاتێك هەوڵیدەدا لەرێی هاوڵاتیانەوە بەپشتێنی بۆمبڕێژكراوەوە بگاتە ئامانجەكەی لەگەڕەكی تەئمیم، بەپێی سایتی عیراقییەی نیمچەفەرمی.

ئەو هێرشانە لەكاتێكدایە، ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی شەڕ‌و روبەڕوبوونەوە لەنێو شاری موسڵ چڕكراوەتەوە.

بەپێی بەلاغی كۆبوونەوەی سوپاسالاری عیراق‌و فەرماندە سەربازییەكان كە سایتی وەزارەتی بەرگری بڵاویكردۆتەوە، جەختكراوەتەوە لەوەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی پارێزگای نەینەوا لەژێر دەستی داعش نزیكە.

لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانیشدا، فەرماندەی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا میحورەكانی شەڕی بەری راستی موسڵی بەسەر هێزە جیاوازەكانی عیراقدا دابەشكرد، لەئێستاشدا كار بۆ ئەوەدەكرێت پردی پەڕینەوە بۆ بەستنەوەی هەردوو بەشی شارەكە لەسەر رووباری دیجلە دابنرێت، كە پێشتر تەقێنراوەتەوە.

بەری چەپی شاری موسڵ، 34ی مانگی رابردوو لەچوارچێوەی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكاندا كۆنتڕۆڵكرایەوە‌و هێشتا بەری راست بەدەست داعشەوەیە.

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ لە رێكخراوی داعش، 17ی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا دەستپێكرد بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌و هێزە عیراقییەكان‌و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە لەئێستادا شەڕ لە ناوەندی موسڵە‌و چەندین گەڕەك كۆنتڕۆڵكراونەتەوە.

ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی شەڕی بەری راستی موسڵ چڕكراونەتەوە فۆتۆ: سایتی دژەتیرۆری عیراق

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك