كوردى

لە ئەمریكا خەڵاتی لانتۆس بۆ مافەكانی مرۆڤ بە ڤیان دەخیل بەخشرا

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

February 9, 2017 at 9:52 am

پێشكەشكردنی وتارێك لەلایەن ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری ئێزدی لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتی لانتۆس-ی بۆ مافەكانی مرۆڤ

كەركوك ناو
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری ئێزیدی لە پەرلەمانی عیراق خەڵاتی لانتۆس-ی بۆ مافەكانی مرۆڤ پێبەخشرا ئەوەش لە رێوڕەسمێكدا كە لە كۆنگرێسی ئەمریكا بەڕێوەچوو.

لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتەكە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 8-2، ڤیان دەخیل لە وتارێكیدا باسی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان‌و عیراق‌و ئێزدییەكانی كردو داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هاوكاربن لە كەمكردنەوەی ئەو ناسۆرییەی بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە.

دەخیل وتی “لە عیراقەوە هاتووم، لە كوردستانی عیراقەوە… ئەو وڵاتەی پڕە لە ئازار، گەلێك دەیەیەك لەژێر حكومێكی دیكتاتۆری خەباتی كرد… دوای ئەو رۆڵە ئیجابییەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ئازادكردنی عیراق لەژێر دەستی دیكتاتۆریەت بینی، پاشان بەدەستی تیرۆری قاعیدەوە ناڵاندی، ئەوەی هەموو جیهان بەدستییەوە دەیناڵاند، ئێستاش بەدەست تیرۆری داعشەوە، رۆڵەی گەلەكەمان نەماوە روبەڕوی زوڵم نەبووبێتەوە، بە شیعە، سوننە، كورد، كریستیان، ئێزدی، شەبەك و توركمانەوە”.

ئەو پەرلەمانتارەی ئێزدییەكان، باسی قوربانییەكانی دەستی داعشی كرد، لەوانە “قوربانیانی سپایكەر، رفاندنی ئافرەتە شیعەكانی تەلەعفەر، كۆمەڵكوژی هۆزی ئەلبونەمر، كۆچپێكردنی كریستیان‌و شەبەكەكان، هەزاران شەهیدی پێشمەرگە، هەموویان شایەدی ئەوەن تیرۆر هەموومانی بەئامانج گرتووە، سەرەڕای ئەو كارەساتەی بەسەر ئێمەدا هات، لە هەموویان گەورەتر كارەساتی ئێزدییەكانە، كارەساتێكی راستەقینە و كۆمەڵكوژی بەرامبەر پێكهاتەیەكی ئایینی ئەنجامدرا، راستە ئەمان كەمینە بوون لە عیراق، بەڵام رەسەنایەتی عیراقن”.

دەخیل باسی قوربانیانی ئێزی دەكردو وتی “لە ساڵی 2014دا زیاتر لە سێ هەزار پیاوی ئێزدی لەوكاتەی داعش هێرشی كردە سەر گوند و شارەكانمان كوژران، زیاتر لە شەش هەزارو 700 ژن‌و كچ‌و منداڵی ئێزدی رفێندران، پێشێلكارییان بەرامبەر كرا، دەستدرێژی سێكسییان كرایەسەرو ئەشكەنجەدران، وەكو كۆیلە لە بازاڕەكاندا فرۆشران، منداڵەكان لە دایكەكانیان جیاكرانەوە، كچە بچووكەكان لە بازاڕەكان بە كەمترین نرخ فرۆشران، كچێكی بچووكی ئێزدی لە بازاڕەكاندا بە چەند دۆلارێك فرۆشراوە…”.

باسی لە هەوڵەكانیش كرد بۆ ئازادكردنی كچ‌و ژنە ئێزدییەكان‌و جەختیكردەوە “دوو هەزارو 800 ژن و كچی ئێزدی رزگار بكەین، بەڵام ئێستا نزیكەی سێ هەزار 900 ژن و كچ و منداڵی دیكە لەژێر چنگی داعشدا ماون، 420 هەزار ئاوارەی ئێزدی لە كەمپەكانی كوردستاندا دەژین”.

لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی سەدا  80ی گوند‌و ناوچەی ئێزدییەكان بەتەواوەتی خاپووربوونە، “دەیان گۆڕی بەكۆمەڵ هەن ژن و منداڵی ئێزدییان تێدایە، ئەوەیە ئەو كارەساتەی ئێستاش لەسەرمان بەردەوامە و كۆتایی نەهاتووە، بۆیە پێویستیمان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی ئەو ناسۆرییە لاببەن”.

رەخنەشی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا گرت لە بڕیاری قەدەغەی گەشتی هاوڵاتیانی حەوت وڵات بۆ ئەمریكا لە نێویاندا عیراق‌و وتی “ئەو بڕیارە شۆكی كردوون، عیراق بەرەی یەكەم بووە بۆ روبەڕوبونەوەی داعشی تیرۆریستی، هاوكات ئەمریكاش لەڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە رابەرایەتی شەڕی داعش لە خاكی عێراق دەكات، ئێستاش عیراق خراوەتە لیستی وڵاتە قەدەخەكراوەكان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان… هاوتاكراین لەگەڵ تیرۆریستان، پێزانینم هەیە بۆ ئەو رێزگرتنەی بۆ بەرگری لە مافی ئێزدییەكان هەتانە، ئەگەر بە هەوڵی ئەو هاوڕێیانەم نەبووایە كە لێرەن، ئەوا نەمدەتوانی بگەمە ویلایەتە یەكگرتووەكان‌و لێرە قسە لەگەڵ ئێوە بكەم، بەڵام چی دەربارەی ئەو هەزاران خێزانەی لەسەر سنوورەكان گیریان خواردووە، كە لەدەست تیرۆر هەڵاتوون، بەدوای ئەوەن شوێنێكی ئارام لە وڵاتێكی دیموكراتی و مافی مرۆڤ بۆخۆیان بدۆزنەوە، ئەو خەڵكەش ئێستا كەسێك نییە هاوكارییان بكات و ئەمریكاش دەرگای بەڕوویان داخستووە”.

خەڵاتی لانتۆس لەلایەن دەزگای لانتۆسەوە دەبەخشرێت، وەك رێزلێنانێك بۆ پەرلەمانتاری دیموكراتییەكان (تۆم لانتۆس)، كە یەكەم رزگاربووی هۆلۆكۆستە گەیشتبێتە كۆنگرێسی ئەمریكاو نوێنەرایەتی ناوچەی سان فرانسیسكۆی كردووە لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 1981ەوە تاوەكو مردنی لە ساڵی 2008.

پێشكەشكردنی وتارێك لەلایەن ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری ئێزدی لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتی لانتۆس-ی بۆ مافەكانی مرۆڤ

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك