كوردى

داعش فەرمانگەكانی حەویجە بە بەڵگەنامەی فەرمی هاوڵاتیانەوە دەسوتێنێت

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

February 10, 2017 at 1:39 pm

هاوڵاتیانی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش دوای ئاوارەبوون دەبێت بەڵگەنامە فەرمییەكان دەربهێننەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

یاسین سەبعاوی
چەكدارانی رێكخراوی داعش، فەرمانگە‌و بەرێوەبەرایەتییە حكومییەكانی حەویجە دەسوتێنن بە تەواوی بەڵگە‌و دۆسیەی تایبەتی هاوڵاتیانەوە، ئەوەش بە كێشە بۆ كاروبار‌و ژیانی خەڵكی قەزاكە دەزانرێت.

حەڵەف حسێن جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرایكرد كە چەكدارانی داعش هەستاون بە روخاندن‌و تاڵانكردن‌و سوتاندنی فەرمانگە حكومییەكان وەكو دادگا، بنكەكانی پۆلیس، شارەوانی، كشتوكاڵ‌و بەرێوەبەرایەتیەكانی تر لەناوەندی حەویجە‌و ناحیەكانی سەر بەو قەزایە.

بەبڕوای جبوری ئەو كارەی داعش، هەوڵێكی بۆ لەناوبردنی ژێرخانی شارەكە دوای ئەوەی نەیتوانی خەڵك بۆ هاوكاری‌و پاڵپشتی خۆی رازی بكات.

قەزای حەویجەو ناحییەكانی (زاب، رەشاد، ریاز، عەباسی) لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە كەوتۆتە دەست داعش‌و تائێستا كۆنترۆڵنەكراونەتەوە، هەفتانەش خەڵكی ئەو ناوچانە بەكۆمەڵ بەرەو كەركوك كۆچ دەكەن‌و رەوانەی كەمپەكان دەكرێن.

ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی ئەو قەزایە كە (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ كردوون، نیگەرانی خۆیان بەرانبەر سوتاندنی فەرمانگە حكومیەكان دەربڕی، چونكە بەشێكی زۆر لە بەڵگەنامە‌و دۆسیە فەرمیەكانیان لەناوبراوە.

عەلی حەسەن (36 ساڵ)، دەڵێت بەپێ‌ لەحەویجەوە بەرەو كەركوك ئاوارە بووە‌و لەرێگادا گرێبەستی هاوسەرگیرییەكەی وون كردووە، بەڵام لە دادگا جێگرەوەی حەویجە لەكەركوك نەیتوانی ئەو گرێبەستە جارێكیتر بەدەست بهێنێتەوە، بەوپێیەی داعش دۆسیە‌و مەلەفەكانی تایبەت بەوانی لەقەزاكە سوتاندووە.

ئەو بەسەرسوڕمانەوە ئاماژەی بەوەدا كە ئەكرێت لەدادگا كۆپییەكی ئەلیكترۆنی گرێبەستی هاوسەرگیرییەكەیان نەبێت لەكاتێكدا ئێستا سەردەمی پێشكەوتن‌و تەكنەلۆژیایە.

لەبەشێك لەكەمپەكاندا‌و بەهاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی كاروباری مرۆیی، دادگای كاتی كراوەتەوە بۆ راییكردنی مامەڵەی ئەو هاوڵاتییانەی بەڵگەنامە فەرمییەكانیان لەدەستداوە یان لەژێر دەسەڵاتی داعش بەڵگەنامەیان بۆ دەركراوە‌و حكومەتی عیراقیی دانی پێدانانێت.

سەلام حەمەد، پشووی خوێندنەكەی بەدەرفەت زانیووە بۆ ئەوەی سەرقاڵی دەركردنی بەڵگەنامەی لەدایكبوون‌و پێناسی باری شارستانی بێت منداڵەكەی، چونكە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لەدایكبووە‌و نەیتوانیووە بەفەرمی تۆماری بكات.

ئەو كە ئێستا لەئاوارەییدا دەژی، دەڵێت نەیتوانیووە كارتی نیشتەجێبوون‌و كۆبۆنی خۆراك وەربگرێت وەكو سەرۆك خێزان، “نازانین بۆ لە كەركوك ئەو بەڵگەنامانەمان بۆ دەرناكرێت، ئەی حەویجە قەزایەكی سەر بەپارێزگاكە نییە”.

هەروەها وتیشی “لەهاوكاری ئاوارەكان بێبەش بووم، چونكەی فەرمانگەی كۆچ لەكەركوك وەكو ئاوارە تۆماری نەكردووم لەبەر ئەوەی كارتی نیشتەجێبوون‌و كۆبۆنی خۆراكم نیە بەناوی خۆمەوە”.

ماوەی زیاتر لەدوو ساڵ‌و نیوە داعش حوكمڕانی حەویجە‌و ناوچەكانی دەوروبەری دەكات، لەوكاتەشەوە هەموو بەڵگەنامەیەكی سەر بەحكومەتی عیراقی هەڵوەشاندۆتەوە‌و كار بە بڕیارەكانی خۆی دەكات، لەكاتێكدا حكومەتی بەغداش دان بە مامەڵەكانی ئەواندا نانێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژانە دەیان خێزان لەحەویجە‌و ناوچەكانی تری ژێر دەستی داعشەوە ئاوارەی ناوچە ئارامەكان دەبن‌و لەماوەی ئەو دوو ساڵ‌و نیوەدا، هەر مامەڵەیەكی لەدایكبوون یان هاوسەرگیرییان كردبێت بەڵگەنامەی ئەو رێكخراوەیان پێیە.

قەزای حەویجە، بە دووری 55 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای كەركوك‌و لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنەوەیەوە، هەردوو حكومەتی عیراقی‌و ئیدارەی كەركوك یەكتری بەدواكەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە تۆمەتباردەكەن.

هاوڵاتیانی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش دوای ئاوارەبوون دەبێت بەڵگەنامە فەرمییەكان دەربهێننەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك