كوردى

پارتی بەڕێگری تۆمەتبار دەكرێتبەشێك لە ئاوارەكانی گوێڕ رێگەی گەڕانەوەیان پێنادرێت

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

February 10, 2017 at 10:14 pm

هێزە ئەمنیەكان بەبێ‌ ئیجرائاتی ئەمنی رێگەی گەڕانەوە بۆ ئاوارەكان نادەن فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

كەركوك ناو
پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناحیەی گوێڕ، دەبێتە بەشێك لە ململانێی حزبە كوردییەكانی ئەو ناوچەیە، لەكاتێكدا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تۆمەتی رێگری دەخاتە پاڵ پارتی دیموكرات، بەڵام بەرپرسانی ئیداری‌و ئەمنی ئەوە رەتدەكەنەوە.

ئەو كێشەیە تەنیا لە دۆسیەی پێكهاتەی عەرەبی ناوچەكەدا هەیە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە دەبێت بە قۆناغی لێكۆڵینەوەی هێزەكانی ئاسایش‌و رەزامەندی ئەواندا تێبپەڕن، كە بەوتەی  یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش لەو هەنگاوەدا جیاوازی لەنێوان خێزانەكاندا دەكرێت.

عەبدولسەلام، كارمەندی ئاسایشی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەپێكهاتەی عەرەب‌و لەشاری كۆیە دادەنیشێت، بەڵام رێگەی پێنادرێت بگەڕێتەوە بۆ گوێڕ كە شوێنی نیشتەجێبونیەتی.

“بەواستە تەنانەت هەندێك لەو عەرەبانەش گەڕاونەتەوە كە گومانیان لێدەكرێت داعش بووبن” عەبدولسەلام وادەڵێت.

ئەو كە دوو كوڕی لەریزەكانی پێشمەرگەدایە، لەگەڵ زیاتر لە 10 خێزانی خەڵكی گوێڕ هەمان گرفتیان بۆ دروستبووە‌و كاتێكیش سەردانی ئاسایش-یان كردووە، پێیانڕاگەیەندراوە كە چاوەڕێی گەڕانەوەی ناوەكانیان بن.

ناحیەی گوێڕ، بەشێكە لە”ناوچەی جێناكۆك”ی سنوری پارێزگای نەینەوا‌و لە ئابی 2014دا داعش دەستی بەسەرداگرت، دوای كەمتر لەدوو هەفتەیە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆنتڕۆڵكرایەوە.

هێرش حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ سەر بەقەزای مەخمور لەلێدوانێكدا بۆ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا، كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی خەڵكی ناحیەی گوێڕ گەڕاونەتەوە بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە لەسەدا 50.

بەوتەی ئەو یەكێك لەهۆكارەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان، روخان‌و داتەپینی خانووەكانیانە كە بەشێكی زۆریان ئێستا لەهەوڵی چاككردنەوەیدان.

لەدووساڵی رابردوودا‌و بەهۆی مەترسی داعش ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

هەرچەندە زیاتر لە دووساڵە گوێڕ كۆنترۆڵكراوەتەوە، بەڵام سێ‌ مانگە پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان دەستیپێكردووە كە هاوكات بوو لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی موسڵ، ئەوەش بەهۆی بوونی داعش لەوبەری زێی گەورە كە بەمەترسی لەسەر ناحیەكە دادەنرا.

دانیشتوانی ناحیەكە لەپێكهاتە جێوازەكان پێكهاتوون، كوردەكان بەبێ‌ هیچ بەربەستێك رێگەی گەڕانەوەیان پێدەدرێت‌و عەرەبیش دەبێت رەزامەندی ئاسایشی هەولێری هەبێت.

ئەحمەد زاگە، لێپرسراوی كۆمیتەی گوێڕی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێیوایە ئاسایش لە گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەكان جیاوازی دەكات، “بۆ ئەوانەی پارتیین لەلایەن ناوچەوە تەزكییەیان بۆ دەكرێت‌و تائێستا زیاتر لە 450 خانەوادە گەڕاونەتەوە، بەڵام بۆ عەرەبە یەكێتییەكان رێگەیان پێ نادرێت”.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی بۆ (كەركوك ناو) باسی لەوەكرد كە سەرووی خۆی لەو دۆسیەیە ئاگاداركردۆتەوە، چونكە لەنێو ئەو خێزانانەی بەوتەی ئەو رێگەی گەڕانەوەیان پێنادرێت، پێشمەرگە‌و ئاسایش هەیە.

ناحیەی گوێڕ، بەدوری 45 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی موسڵ‌و 40كم لەباشوری رۆژئاوای پارێزگای هەولێرەوە دوورە، هەرچەندە جێناكۆكە بەڵام لەئێستادا هەولێر لەرووی ئیدارییەوە بەرێوەی دەبات.

تارق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر جەختیكردەوە لەوەی پێویستە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان ئیجرائاتی ئەمنی بگیرێتەبەر‌و بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەو هاوڵاتییە عەرەبانەی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون سەر بەهەر لایەنێك بێت چ پارتی یان یەكێتی بێت، لەڕووی ئەمنییەوە ئیجرائاتی لەگەڵدا دەكرێت ئینجا رێگە دەدرێت بگەڕێتەوە”.

وتیشی “لای ئێمە ئەوە گرنگ نیە ئەو كەسە چووبێتە پاڵ پارتی یان یەكێتی، ئێمە مامەڵە لەگەڵ تاك وەك مرۆڤ دەكەین نەك حزب و لایەنی سیاسی”.

گوێڕ دەكەوێتە سەر زێی گەورەو ناوچەیەكی دەشتایی فراوانی هەیە بۆ كشتوكاڵ‌و 51 گوندی بەسەرەوەیە، دانیشتوانەی زیاتر لە 50 هەزار كەسە‌و لەدوای روخانی رژێمی بەعس لەعیراق (2003)وە كورد دەسەڵاتی ئیداری ناوچەكەی گرتۆتەدەست.

خەڵەف، جێگری لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتیە لەگوێڕ‌و وەكو هاوڵاتییەكی پێكهاتەی عەرەب بەوتەی خۆی رێگەی گەڕانەوەی پێنادرێت، “بەبیانووی ئەمنییەوە رێگە بە عەرەبە یەكێتییەكان نادرێت بگەڕێنەوە گوێڕ، بەڵام لەڕاستیدا پرسەكە پرسێكی سیاسییە، لەكاتێكدا ئێمە پێشمەرگەین‌و لەشەڕی داعش شەهیدمان هەیە” خەڵەف بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

كێشەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی گوێڕ لەئاستی باڵادا گفتوگۆی لەسەر كراوە، لەرووی ئیدارییەوە چارەسەری بۆ دۆزراوەتەوە بەڵام لە لایەنی ئەمنیەوە، هێشتا گرفتەكە بەهەڵپەسێراوی ماوەتەوە.

ئەحمەد زاگە، لێپرسراوی كۆمیتەی گوێڕی یەكێتی دەڵێت لەگەڵ نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر دانیشتوون‌و ئێستا لەڕووی ئیدارییەوە رێگەدراوە ئەو خانەوادە عەرەبانە كە ژمارەیان هەژدە خانەوادەیە بگەڕێنەوە، بەڵام ئاسایش رێگەنادات.

پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان، لەسێ‌ مانگی رابردوودا‌و دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، چڕتر بۆتەوە‌و بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی عیراق، تائێستا زیاتر لەملیۆنێك‌و 500 هەزار كەس لەتەواوی وڵاتدا گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانیان.

دەسەڵاتی ئیداری گوێر بەدەست كوردەوەیە‌و هێزەكانی پێشمەرگە لەسنورەكەیدا جێگیربوون فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ وتی “لەڕووی ئیدارییەوە هەرچی لەسەر ئێمەوە بێت بۆ گەرانەوەی ئاوارەكان كردوومانە بەڵام لایەنی ئەمنی پەیوەندییان بەئێمەوە نیە”.

هێرش حوسێن ئەوەشی رونكردەوە “ئەو ناوچەیە، ناوچەیەكی ئەمنییە‌و پێویست دەكات ئەوانەی دەگەڕێنەوە نووسراوی ئاسایشیان لا بێت، لای ئێمە جیاوازی لەنێوان یەكێتی و پارتی ناكرێت، نوسراومان بۆ هەمووان كردووە بەبێ جیاوازی”.

پێشتر‌و لەسەروبەندی هێرشەكانی داعش بۆ ناوچەكانی نەینەوا‌و پارێزگاكانی تر بەتایبەت ناوچەكانی “جێناكۆك”، بەرپرسانی هەرێم جەختیانكردەوە لەوەی جارێكیتر رێگەنادەن بەگەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییانەی لەناوچەكەدا هاوكاری رێكخراوەكەیان كرد.

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر جەختیكردەوە “ئەوانەی لەوبەری زێی گەورە بوون (دیوی لای موسڵی گوێڕ) لەئێستادا رێگەیان پێ نادرێت بگەڕێنەوە، بەتایبەت ئەوانەی كەسوكاری پلە یەكیان لەناو داعش بوو بێت رێگەنادرێت بگەڕێنەوە گوێڕ”.

ئەوەی ئاوارەكانی ئەو ناوچەیەی نیگەران كردووە، لەپاڵ ئەو دۆخە خراپەی لەسایەی هێرشەكانی داعش بەسەریاندا هات‌و نەتوانن بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانیشیان ژیانی ئاسایی دەستپێبكەنەوە‌و جارێیكتر ببنەوە قوربانی لەململانێی حزبەكاندا.

هێزە ئەمنیەكان بەبێ‌ ئیجرائاتی ئەمنی رێگەی گەڕانەوە بۆ ئاوارەكان نادەن فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك