كوردى

ئاریشەکانی تاکی کورد – 42

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

هەموو ئەو ڕاستییە دەزانن، کە بندەستکردنی گەلێک، یان بە کەنیزەکردنی ژنانی سەر بە ئایینێکی تر و مرخ خۆشکردن لەو کیژۆڵانەی کە بۆنی شیری خاویان لێ دێت بەدڕەوشتییە. منداڵی ئەم چەرخە، ڕێزی باب و دایک و گەورە و بچووک، تەنانەت ڕێز لە ئاژەڵیش دەگرێت. منداڵی ئێستا، لە باخچەی ساوایاندا فێری ژینگەدۆستی، دەستپاکی، خاوێنی، دەربڕینی سوپاس و پێزانین دەبێت.

ئومبەرتۆ ئیکۆ، لە کتێبی (دروس في الاخلاق)دا، پێی وایە: “کەسانێک هەن بێ بڕوان، بەڵام سوورن لەسەر ئەوەی واتایەک بە مەرگی خۆیان ببەخشن. هەیشن باوەڕدارن و ئامادەن دڵی منداڵێکی بچووک دەربێنن تا خۆیان بە زیندوویی بمێننەوە. هێزی ڕەوشت بە ئاکاری ئەشۆکان (قدیسین) دەپێورێت، نەک بە کردەوەی گەمژەکان، کە لەکۆتاییدا ئەوانیش هەر مەخلوقی خودان. ل ١٢٥”.

بە لای ئایینەوە، جا هەر ئایینێک بێت، ڕەوشتە باڵا و جوانەکان ئەوانەن کە خودا پێیان ڕازییە و بە جوانیان دەزانێت. دینداریی لە خۆیدا بریتییە لە ڕاپەڕاندنی زنجیرەیەک ڕەوشت و ڕێوڕەسمی ئۆلی و کۆمەڵایەتی. ئایینەکان لەنێوان خۆیاندا پێشبڕکێیانە، هەر ئایینێک شانازی بە ڕەوشتە جوانەکانی پێڕەوانی خۆیەوە دەکات. بەو بەهرە جوانانەدا دەنازێت، کە لەوەی خۆیدا هەیە و لە ئایینەکانی دیکەدا بزرە.

دینی نوێ، وەک چۆن بڕێک ڕەوشتی لە دینەکانی پێشتر گواستووەتەوە، بڕێک ڕەوشتی نوێیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، کە پێشتر لەو کۆمەڵەدا پەیڕەو نەکراون. ڕابەرەکانیشی ڕەنج و قوربانییان داوە، تا خەڵک ئەو سرووت و ڕەوشتە نوێیانەیان لێ وەربگرن و پێیان قایل بن، هاوکات ڕەوشتە کۆنەکانیش وەلا نێن. دەشێ بڵێین، بەزۆری ئایینی نوێ لەگەڵ ڕەوشتی باوی سەردەمدا نەبووە. بە خۆشی بێت یان بە خورتی، بە جۆرێکی ئەوتۆ گۆڕیویەتی، لەگەڵ ڕێنمایی و دەستوورە نوێیەکەی خۆیدا بگونجێت. وەک پرسی سزا و پاداشت، پێکەوەنانی خێزان و بۆماوە. (عزمي بشارة) پێی وایە: “هیچ ڕەوشتێک نییە لە ئاییندا کورت بکرێتەوە، هیچ ئایینێکیش نییە لە ڕەوشتدا کورت بکرێتەوە، ل ١٢١”.

ئایینی ئیسلام، لە قورئاندا چەمکی خێر و شەڕی دیاری کردووە. خێر ڕەوشتی جوانە و شەڕیش دزێوە. مرۆڤی موسڵمان هەتا لە خودای خۆی نزیکتر بێت، ئەوا ڕەوشتیشی جوانترە. وەلێ هیچ ئایینێک ناتوانێت ڕەگەزی شەڕ بنبڕ بکات. هەر ئایینێکی نوێش پەیدا بووبێت، شۆڕشێک بووە بەسەر ڕەوشتی باو و کولتووی باوی ئەو کۆمەڵەدا، کە ئایینەکەی لێ پەیدا بووە.

سەبارەت بە جیاوازیی نێوان ڕەوشت و ئاکاریش (د. محەمەد کەمال) دەڵێت: “ڕەوشت ئەو بەهایەیە لەدەرەوەدا دەزگایەک بەسەر تاکدا دەیسەپێنێت. بۆ نموونە کۆمەڵێک بەهای ئایینی یان خێزانی، هەر کۆمەڵە چەندان بەها بەسەر تاکدا دەسەپێنێت، ڕەوشت ئەو دەستە بەهایەیە لایەنێکی دەرەکی بەسەر تاکدا دەیسەپێنێت. واتە خۆی هەڵی نەبژاردووە. ئاکار لە ئاکامی هەڵبژاردنێکی سەربەستانەوە پەیدا دەبێت. پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی تاکەکەسەوە هەیە… نیشتمانی فەلسەفە، ل ٣٢-٣٣”.

ئەوە کاریگەریی ئایینە، کە فرەژنی بە ڕەوشت و کولتوور بووە. ئەوەشیان ئالیکاریی نێوان خێڵ و ئایین پێکەوەیە، کاتێک مێینەی زیناکار دەکوژرێت. خێڵ بە خوێن شەرەفی لەوتاو سپی دەکاتەوە و ئایینیش بە جۆرێکی تر سزای زیناکار دەدات. وەختێ هەردوو سزاکە پێکەوە کۆ دەبنەوە دەبنە هۆی کوشتنی مێینەکە.

هەرچی بەخشندەیی تاکی کوردیشە، لە زەینی خێڵەوە سەرچاوەی گرتووە. بە لای تاکی خێڵەکییەوە یەکێک لە سیفەتەکانی پیاوی ئازا ئەوەیە، لە ماڵی خۆیدا چەندی پێی کرا، خزمەتی میوان بکات و چاوتێر بێت. سەخاوەت بە لای تاکی کوردەوە باڵاترین سیفەت و ڕەوشتە. سەبارەت بە میواندۆستی، خێڵەکییەکان قسەیەکیان هەیە دەڵێت: “هەتا نانم کەل نەکەیت ناڕۆیت”، واتە هەر میوانێک ڕووی تێکرد، تا نمەکی نەکات مەرخەسی ناکات. لە کوردەواریدا، زۆر جاران وشەی ئازایەتی بەرامبەر بە سەخاوەت دێت.

لەپاڵ ئاییندا، کولتووریش ڕەنگی بۆ ڕەوشتی تاکەکان کێشاوە. کولتووری ئێمەیش لە یاسا نەنووسراوەکانی خێڵ ئاو دەخواتەوە. ئەوەندە هەیە، جەنگ و داگیرکاری بۆیان هەیە کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی کولتوور و ڕەوشت دابنێن و نەرێنی گۆڕانی بەسەردا بهێنن. تاکی گەلی داگیرکراو، بۆی هەیە بە تێپەڕینی کات و دێژەکێشانی بندەستی، ڕەوشتی داگیرکاری خۆی پەسەند بکات و لە زۆر ڕووەوە لاسایی بکاتەوە، کە ئەو پێشتر پێی ڕانەهاتووە.

لەلای ئێمە تاک ناچارە، لەنێوان خواستی خۆی لە لایەک، کولتوور و ئایین لە لایەکی ترەوە لەنگەر ڕابگرێت و خۆی لەگەڵیاندا بسازێنێت. هەوڵ بدات هەڵچوونەکانی خۆی ڕێک بخات. ئەو ناچارە دەستبەرداری بەشێک لە حەز و ئارەزووەکانی خۆی ببێت. ئەوەیش بزانە، کە زۆر ڕێوڕەسمی ئایینی و کولتووریی ئێمە هەن، لەگەڵ نەزمی ئەم چەرخەدا ناتەبان.

پیاوی موسوڵمان ڕێی پێ دراوە چوار ژنی هەبێت. ئەمە لەخۆیدا بەو واتایە دێت کە پیاوی بە ئایین موسڵمان دەبێت لە ڕووی سێکسەوە چالاک بێت. ڕووناکبیرانی کوردیش ئەم دۆخی فرەژنییە بە سووکایەتی بە ژن حسێب دەکەن. ڕاستت دەوێت، دۆخی وەها، بە ڕوونی، نابەرانبەریی نێوان ژن و پیاو دەردەخات. گشت ئایینەکان بە ئیسلامیشەوە بڕوایان وایە، خوا تەنیا یەک ژنی بە ئادەم ڕەوا بینیوە، ئەویش ئیڤایە. مرۆڤ بۆی هەیە بپرسێت: چ خێرە نەوەکانی ئادەم ژنی زیاتریان پێ ڕەوا بینراوە؟

لەمەڕ پرسی ئایین و پێوەندیی بە ڕەوشتەوە، (ئومبەرتۆ ئیکۆ) لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی (دروس في الاخلاق)دا دەڵێت: “هێندێک جاران ڕەگەزپەرستی و ئوسووڵییەتی ئایینی لە یەک دەچن. کاتێک ئەوان دەڵێن، ئێمە تەحەمولی ئەوانە ناکەین کە لە ئێمە ناچن، چونکە ڕەنگیان جیاوازە، چونکە بە زمانێک دەدوێن ئێمە تێی ناگەین. چونکە ئەوان بۆق و سەگ و مەیموون و بەراز دەخۆن. چونکە سیر دەخۆن، چونکە خاڵیان لەسەر جەستەیان کوتاوە. ل١٤١”.

هەر ڕەوشتێک لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤدا نەیەتەوە، ئەوە ڕەوشتێکی ناجۆرە و گەرەکە مرۆڤ پشتی تێ بکات. بەپێی ڕای جۆن دیوی، هەموو ڕەوشتێک دەبێت ملکەچی تاقیکردنەوە و پێداچوونەوە بێت. ئەگەر تێی نەهێنا و بێسوود بوو، گەرەکە خەڵک دەستبەرداری بن.

تۆ واز لەو دۆخەیان بێنە ئەگەر فەرمانبەرەکە ناسیاو، خزم، یان هاوڕێ بووبێت، ئەگینا (بەدەر لە قوتابخانەکان) من، بەدرێژایی تەمەنم وەختێ کارم کەوتبێتە هەر فەرمانگەیەک، هیچ فەرمانبەرێک بەخێرهاتن و خواحافیزیی لێ نەکردووم. هەڵبەت بۆ ئێوەیش هەر وەها بووە. ئەمەیش پێچەوانەی ئاکار و کولتووری تەواوی گەلانی دونیایە!

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك