كوردى

گرووپه‌كانی فه‌یسبووك شوێنی مه‌یدانی باڵنده‌یان گرتووه‌ته‌وه‌

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

ئه‌گه‌ر پێشتر كه‌سێك پێویستی به‌ كڕین یان فرۆشتنی باڵنده‌یه‌كی جوانی هه‌بوایه‌، ده‌بوایه‌ سه‌ردانی مه‌یدانی په‌له‌وه‌رانی بكردبوایه‌، به‌ڵام ئێستا بوونی چه‌ندین تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، وایكردووه‌، هه‌ر كه‌س له‌ماڵی خۆی باڵنده‌ بخاته‌ڕوو و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكات.

له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك)، چه‌ندین گڕووپی تایبه‌ت به‌ به‌خێوكه‌رانی باڵنده‌ هه‌یه‌، گشتیان كۆكردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت گرووپ هه‌یه‌، نزیكه‌ 70 هه‌زار ئه‌ندامی له‌ كورد، عه‌ره‌ب، ئینگلیز و ئه‌ورووپی هه‌یه‌، گرووپه‌كان زۆرن، وه‌ك (عاشقانی باڵنده‌)، (باڵنده‌كانی كوردستان)، (هه‌موو جۆره‌ باڵنده‌یه‌ك)، (عاشقانی باڵنده‌ی كوردستان) و (به‌خێوكه‌رانی زێبرا)، زۆربه‌شیان جگه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن، زانیاریش ده‌گۆڕنه‌وه‌.

هاكان مه‌لیك، به‌خێوكه‌رێكی باڵنده‌یه‌ له‌شاری سلێمانی، ئه‌دمینی یه‌ك له‌ گرووپه‌كانیشه‌، بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) رای گه‌یاند، كه‌ له‌ زۆری باڵنده‌ كڕیوه‌ و زۆری فرۆشتووه‌، به‌ قسه‌ی ئه‌و، گرووپه‌كانه‌ قازانجی باشترت ده‌ست ده‌كه‌وێت، باڵنده‌ی باشترت ده‌ست ده‌كه‌وێت، زۆبه‌ی جار ئه‌وه‌ی له‌ بازاڕ ده‌ستت ده‌كه‌وێـت، جێگه‌ی متمانه‌ نین، ده‌شڵێت: “زۆرجار له‌ گرووپه‌كان راستگۆیانه‌تر قسه‌ ده‌كرێت، هه‌ست ناكه‌یت كه‌سه‌كه‌ ته‌نیا مامه‌ڵه‌ ده‌كات، به‌ڵكو ئاره‌زووشی له‌ به‌خێوكردنه‌ و راستگۆیانه‌ ده‌یخاته‌ڕوو، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ بازاڕه‌كان خێرت ناده‌نێ، ئه‌وانه‌ی له‌ مه‌یدانن، ته‌نیا بیر له‌قازانجی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌”.

محه‌مه‌د نیزام، كه‌ له‌ نێو به‌خێوكه‌رانی باڵنده‌ محه‌مه‌د ته‌ك، ناسراوه‌ و ئه‌دمینی گرووپی باڵنده‌كانی كوردستان، كه‌ جگه‌ له‌ زمانی كوردی، به‌ عه‌ره‌بی و ئینگلیزی نووسراوه‌، بۆیه‌ جگه‌ له‌ به‌خێوكه‌ری كورد، بیانیشی تێدایه‌ و نزیكه‌ی 170 هه‌زار ئه‌ندامی هه‌یه‌، گه‌وره‌ترین گرووپه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق، زانیاری تێدا ده‌گۆڕدرێته‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی تیا ده‌كرێت، ماوه‌ی دوو ساڵه‌ ئه‌م گرووپه‌ی داناوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ هۆكاری یه‌كه‌می بۆ دانانی ئه‌و گرووپه‌، گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری بووه‌، له‌ باڵنده‌كانی جۆری، غه‌ندووره‌، كۆكتێل، باڵنده‌ی خۆشه‌ویستی به‌ گشت جۆره‌كانییه‌وه‌، فندس، زێبرا، قومری، جاوا، رۆزێلا و گشت جۆره‌كانی دیكه‌، تا بتوانن وه‌ك وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌ورووپی په‌ری پێ بده‌ن، گوتیشی: “سه‌رباری ئه‌مانه‌ش، ئه‌و گرووپه‌ ببێته‌ مایه‌ی بازرگانیكردن به‌ باڵنده‌ و جۆره‌كانی، زانیاری تێدا بگۆڕدرێته‌وه‌ له‌ بواری ئینتجاجی باڵنده‌، به‌خێوكه‌رانی باڵنده‌ یه‌كتری بناسن”.

محه‌مه‌د، كه‌ خۆی یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مێنه‌ره‌كانی باڵنده‌ی جۆری غه‌ندوور به‌ گشت جۆره‌كانیه‌وه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ گرووپه‌كان كارئاسانییه‌كی زۆریان بۆ به‌خێوكه‌رانی باڵنده‌ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بازاڕه‌كانی كڕین و فرۆشتنی باڵنده‌ فێلیان لێ نه‌كرێت، ده‌شڵێـت: “كه‌ ده‌چوومه‌ مه‌یدان و باڵنده‌ بفرۆشم، سه‌ره‌تا ئه‌و باڵنده‌یه‌ ره‌زیل ده‌كرا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رزانفرۆشی بكه‌ی، سه‌رباری ئه‌مه‌ش تووشی چه‌ندین نه‌خۆشی ده‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌یدانه‌كانی كوردستان، ستانداردی ته‌ندروستی نییه‌ و زۆر پیسه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ رێگه‌ی ئه‌و گرووپه‌كه‌وه‌ ده‌توانیت گشت باڵنده‌یه‌ك بفرۆشیت و به‌ 5 خووله‌ك كۆتایی دێت”، ئه‌و به‌خێوكه‌ره‌، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ ئه‌و گرووپه‌ وه‌ك سه‌ندیكایه‌كی لێهاتووه‌ و عاشقانی باڵنده‌ی كۆ كردووه‌ته‌وه‌، هاوكات زۆر كه‌سی وا لێكردووه‌ كه‌ عه‌شقی جوانی باڵنده‌ بێت و په‌روه‌رده‌یان بكات، گوتیشی: “زۆركه‌س پرسیار ده‌كه‌ن ده‌ڵێن له‌رێ ئه‌و گرووپانه‌وه‌ حه‌ز و خولیامان بۆ باڵنده‌ په‌یدا كردووه‌، چه‌ندین كه‌سیش تێدا ناسراون و كه‌ باڵنده‌ی باشیان هه‌یه‌ و باڵنده‌كانیان جێگه‌ی متمانه‌ن، بۆ نموونه‌ هه‌ر به‌خێوكه‌رێك پسپۆڕی جۆرێكن”.

محه‌مه‌د ته‌ك، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ گرووپه‌كان نرخی باڵنده‌ زۆر هه‌رزانتره‌ و باشتره‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی باڵنده‌ ده‌فرۆشێت، دوكاندار نییه‌ و كرێی له‌سه‌ر نییه‌، خۆی به‌خێوی ده‌كات، دوای پۆستێك خێرا ده‌یفرۆشێت.

ئه‌رسه‌لان سلێمان، دوكاندارێكی مه‌یدانی په‌له‌وه‌رانی هه‌ولێره‌، نكۆڵی له‌وه‌ ناكات كه‌ بوونی ئه‌و گرووپانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی ئه‌وان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ زۆرجار له‌ گرووپانه‌ فرتوفێڵ ده‌كرێت، وه‌ك باس ده‌كات: “زۆر كه‌س هه‌یه‌ لێره‌ باڵنده‌ ده‌كڕێت و ده‌چێت له‌ گرووپه‌كان به‌شه‌رتی ئینتاجی ده‌یفرۆشێته‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێت هێلكه‌ و بێچووی هه‌بووه‌، له‌وانه‌ش كه‌سێك نه‌زانی و بڕوای پێ بكات و بیكڕێـت، جاری واش هه‌بووه‌، هه‌ر له‌ دوكانه‌كه‌ی من وێنه‌ی ده‌گرێت و له‌ فه‌یسبووك دایده‌نێ و ده‌یفرۆشێته‌وه‌ به‌ قازانج”.

ئه‌و دوكانداره‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، كه‌ مه‌رج نییه‌، ئه‌وه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان داده‌نرێت، باڵنده‌ی باش بن، به‌ڵكۆ زۆرجار باڵنده‌كه‌ نه‌خۆش بووه‌، بۆیه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌و له‌ گرووپه‌كانیش باڵنده‌ی خراپ و باش هه‌یه‌.

 

یادگار سدیق، شاره‌زای ئابووری ئه‌لكتڕۆنی، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ جێگره‌وه‌ی بازاڕی جه‌سته‌یی (فیزیكی) یان ئه‌و بازاڕه‌ی كه‌سه‌كان یه‌كتری تێدا ده‌بینن دروست ده‌بێت، ئه‌ویش بازاڕی ئه‌لكتڕۆنی، بازرگانی ئه‌لكتڕۆنی یان سه‌ر هێڵه‌، ئێستا چوارچێوه‌یه‌كی جیهانی گرتووه‌، چه‌ندین كۆمپانیای گه‌وره‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ئینته‌رنێت رۆڵێكی كارای گێڕاوه‌.

ئه‌و شاره‌زایه‌ی ئابووری ئه‌لكتڕۆنی، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌و جۆره‌ بازرگانییه‌، كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر كڕیار، فرۆشیار و بازاڕ هه‌یه‌، چونكه‌ كڕیار و فرشیار، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێر ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ی خۆی بكات، به‌ ئاره‌زووی خۆی ئه‌و شته‌ی ده‌یه‌وێت، هه‌ڵبژێری، بێ ئه‌وه‌ی دوكاندار و خاوه‌نه‌كه‌ی فشارێكی ده‌روونی له‌سه‌ر دروست بكات، ده‌شڵێت: “كاریگه‌ری دیكه‌شی هه‌یه‌، كه‌ خێراییه‌كی له‌ راده‌به‌ده‌ری هه‌یه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ و تێچووی كه‌متره‌، پێویستی به‌ شوێن گرتن و كرێ ناكات”.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك