كوردى

فیرقەی 20ی سوپای عیراق لە كەركوك دەكشێنەوە

كركوك الان kirkuknow
مصدر الخبر / كركوك الان kirkuknow

January 14, 2018 at 6:38 pm

كه‌ركوك/2013/ یه‌كێك له‌نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپا له‌ كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سۆران محەمەد – كەركوك ناو
فیرقەی 20ی سوپای عیراق، لە پارێزگای كەركوك دەكشێنرێتەوە و رەوانەی سنوری موسڵ دەكرێن، ئەوەش دوای دوو هەفتە لە دەستبەكاربوونی فەرماندەی نوێی ئەو هێزە.

بڕیاری گواستنەوەی ئەو هێزە لەلایەن حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقەوە دەركراوە لە چوارچێوەی چەند گۆڕانكارییەكی سەربازیدا ‌و بڕیارە، دۆسیەی ئەمنی پارێزگای كەركوك دوای خۆیان رادەستی پۆلیسی فیدراڵی بكەن.

عەمید روكن شێرزاد كافرۆشی، فەرماندەی فرقەی 20ی سوپای عیراق بە(كەركوك ناو)ی وت “ئەو فەرمانە تەنیا من ناگرێتەوە كە گواستراوەمەتەوە بۆ موسڵ، بەڵكو فرقەی 20ی سوپای عیراق و سوپای عیراق بەگشتی دەگرێتەوە، سوپا دەچێتەوە دەرەوەی شار و نزیك سنورەكانی عیراق جێگیر دەكرێن”.

كافرۆشی، بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆتایی مانگی رابردوو، وەكو فەرماندەی نوێی فرقەی 20ی سوپا لە كەركوك دەستبەكاربوو، دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە مەلەفی ئەمنی پارێزگاكە كەوتە دەستی هێزە سەربازیە عیراقیەكان ‌و پێشمەرگە كشانەوە.

عه‌مید روكن شێرزاد عه‌زیز كافرۆشی فۆتۆ: ئه‌رشیفی شێرزاد عه‌زیز

فەرماندەی فیرقەی 20ی سوپا دەڵێت ئەو سوپایەی لە كەركوك جێگیركراوە بەشێكیان دەچنە سنوری شاری موسڵ، بەشێكیی تریان دەچنە دیالە و بەشەكەی تریش دەچنە سنورەكانی خواروی كەركوك.

“دوای دەرچونی سوپا لە شاری كەركوك، مەلەفی ئەمنی شارەكە رادەستی پۆلیسی فیدراڵی عێراق دەكرێت”.

گۆڕانكاری لە مەلەفی ئەمنی كەركوك و گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك بە گشتی، دوای ئەوەهات پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستان گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی، بەهۆی ریفراندۆمەوە.

عەمیدروكن شێرزاد كافرۆشی وتی “بەشێك لە سوپای عیراق پاشەكشێیان كردووە بەرەو ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریكراوە، ئێمەش وەك فیرقەی 20 سوپا لە كەركوك ماوینەتەوە و لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە كشانەوە دەكەین لەو چوارچێوەیەدا”.

عەمید روكن شێرزاد عەزیز، لە دایكبوی ساڵی 1971ەو دەرچوی خولی یەكەمی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانە، لەگەڵئەوەشدا دەرچوی خولی 69ی كۆلێژی ئەركانی عیراقە و ئەو پۆستەی لە پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان وەرگرتووە.

پێشتر ناوبراو لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە “ئێمە هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی دەستوور دەدەین، جیاوازی لە نێوان هیچ نەتەوەیەك (كورد، عەرەب و توركمان) ناكەین و هەوڵی ئاشتەوایی دەدەین و دەستبەكاربونم سودی بۆ تەواوی پێكهاتەكانی شارەكە دەبێت”.

كه‌ركوك/2013/ یه‌كێك له‌نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپا له‌ كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , kirkuknow

عن مصدر الخبر

كركوك الان kirkuknow

كركوك الان kirkuknow

أضف تعليقـك