كوردى

دوابڕیار لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەڕووی عەمرەکاران دەدرێت

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

 

دوابڕیار لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی شاندێکی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەدرێت.

 

رۆژی پێنجشەممە 15/2/2018، شێخ عاسم بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی 11ـی 2017 سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ خالید عەتییە، سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق، کۆ بووەتەوە.

 

شێخ عاسم بەرزنجی هەروەها رایگەیاند، کە وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە حکوومەتی عێراقی راگەیاندبوو، کە رازی نییە گەشتی عەمرەکاران بەڕێگای بەغداوە ئەنجام بدرێ، چونکە ئەمە زەحمەتیی زیاتر لەڕووەکانی ماددی و جەستەییەوە بۆ عەمرەکاران دروست دەکات.

 

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش کرد، کە داوایان لە خالید عەتیە کرد کار بکات بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گەشتەکانی حەج و عەمرە و ئەویش پێی راگەیاندن، کە نووسراوێک بۆ ئەو مەبەستە بۆ دەستەی حەج و عەمرەی عێراقی بنێرن.

 

شێخ عاسم رەتی کردەوە هیچ کەسێک رۆلی هەبووبێ لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ حەج و عەمرە و رایگەیاند، ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عەمرەی وەزارەتی ئەوقاف لە 2/1/2018 نووسراویان ئاراستەی بەغدا کردووە بۆ کردنەوەیان.

 

هەروەک شێخ عاسم رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 18/2/2018، شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف سەردانی بەغدا بکات بۆ دیاریکردنی رێکار و میکانیزمی کردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بۆ گەشتەکانی حەج و عەمرە و لە کۆبوونەوەکانیاندا، دوابڕیار لەبارەی کردنەوەیان دەدرێت.

 

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی ئەوقاف جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر بەغدا مەرج دابنێت بەشێوەیەک گەشتەکان جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو ئەنجام بدرێت، ئەوا ”ئێمە رازی نابین“.

 

رۆژی 4/2/2018، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێمی کوردستان بۆ گەشتەکانی حەج و عەمرە، نیشان دا.

 

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧، کە تێیدا زیاتر لە %٩٢ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك