كوردى

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

 

رۆژی پێنجشەممە 15/2/2018 (ئەمڕۆ)، 19 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تێ دەپەڕێت.

 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە 4.4.1948 لە گوندی ئاماڕای سەر بە شاری رحا (ئورفە) لە باکووری کوردستان لەدایک بووە.

 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان قوتابیی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستەنبوڵ بووە و دواتریش لە ساڵی 1971 تا 1984 خوێندکاری زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە بوو، بەڵام بەهۆی کاری سیاسییەوە، نەیتوانیوە کۆلێژ تەواو بکات.

 

ئۆجەلان، کە لایەنگرانی بە ئاپۆ ناوی دەبەن، لە 27.11.1978 پەکەکەی دامەزراندووە و لە یەکەم کۆنگرەی حزبەکەش، کە لە گوندی فیسی سەر بە شارۆچکەی لیجە لە پارێزگای ئامەد بە بەشداریی 23 ئەندام ئەنجام درا، بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردرا، دواتر پەکەکە لە ساڵی 1984 دەستی بە خەباتی چەکداری لە دژی حکوومەتی تورکیا کرد.

 

ئێستا پەکەکە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی جیهان بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

 

لە ساڵی 1981، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە لە ترسی گیران و راوەدوونانی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، پەنایان بۆ لوبنان برد و لەوێ سەربازگەیان کردەوە، دواتریش لە ساڵی 1990 ژمارەیەک بنکەی سەربازی لە سووریا کردەوە و ئۆجەلان لەو وڵاتە مایەوە.

 

ساڵی 1998 حکوومەتی تورکیا گوشاری خستە سەر رژێمی سووریا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناچار کرا خاکی سووریا بەجێ بهێڵێت و رووی لە رووسیا کرد، تا وەک پەنابەری سیاسی وەربگیرێت.

 

حکوومەتی رووسیا رەتی کردەوە مافی پەنابەرێتیی سیاسیی بە رێبەری پەکەکە بدات، ئۆجەلان دواتر رووی کردە یۆنان و ئیتاڵیا و دواتریش کینیا لە ئەفریقیا بە ئامانجی وەرگرتنی مافی پەنابەریی سیاسی.

 

رێبەری پەکەکە دوای دەرچوونی لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە کینیا، رۆژی 15.2.1999 لەلایەن تیمێکی تایبەتی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، دەستگیر کرا و نێردرایەوە تورکیا.

 

دادگای باڵای تورکیا سزای لە سێدارەدانی بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا سەپاند، بەڵام دواتر سزاکە بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدرا و لەو کاتەوە تا ئێستا لە زیندانێکی تاکە کەسی لە دوورگەی ئیمڕالی لە دەریای مەڕمەڕە، زیندانی کراوە.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك