كوردى

شارەزایەکی بواری ئیسلامی سیاسی: ئیسلامییه‌كانى كوردستان پشتگیریى له‌ قه‌تڵ و عامه‌كه‌ى توركیا ده‌كه‌ن

فواد مه‌جید میسری، نووسه‌ر و شاره‌زا له‌ بواری ئیسلامیی سیاسی له‌ چاوپێكه‌وتنێكى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا ڕای دەگەیەنێ: “ئامانجى له‌شكركێشییه‌كه‌ى سوپاى توركیا بۆ له‌ باربردنى گه‌لى كورده‌ و پێویست به‌ پاساوهێنانه‌وه‌ ناكات، به‌ڵام توركیا له‌ عه‌فرین زۆنگاوێكى بۆ دروست ده‌بێت، مه‌حاڵه‌ به‌ئاسانى لێی ده‌ربچێت“. گوتیشى: “پارت و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كانى پشتگیری له‌ قه‌تڵ و عامه‌كه‌ى توركیا ده‌كه‌ن، چونكه‌ هەمان فكره‌ و ئایدۆلۆژیاىان هەیە“.

 

(باس) سوپاى توركیا هێرشه‌كانى خۆى بۆ ڕۆژئاواى كوردستان و عه‌فرین چڕتر كردووه‌ته‌وه‌، به ‌بۆچوونى ئێوە ئامانجى سوپای توركیا له‌و له‌شكركێشییه‌ چییە؟
فواد مه‌جید میسرى: له‌شكركێشیی ده‌وڵه‌تى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین شتێكى نوێ و چاوەڕواننه‌كراو نه‌بووه‌، چونكه‌ پێشتر هێرشه‌كانى عه‌فرین له‌ئارادا نه‌بووه‌، كه‌ ده‌وڵەتى توركیا له‌ڕێگه‌ى سنووره‌كانى خۆیه‌وه‌ له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ خه‌ڵكێكى زۆرى ده‌خزانده‌ نێو چه‌كداره‌كانى داعشه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كاته‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر سنووره‌كانى توكیا نه‌بووه‌، به‌ڵام توركیا چه‌كدارى بیانیى داعشی ڕه‌وانه‌ى سووریا ده‌كرد، بۆیه‌ له‌شكركێشییه‌كه‌ى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین، هیچ پاساوهێنانه‌وەیه‌كى ناوێت، چونكه‌ ئامانجى له‌شكركێشییه‌كه‌ ته‌نیا بۆ له‌ناوبردنى گه‌لى كورد بووه‌.

 

(باس) سوپاى توركیا به‌ پاساوى پاراستنى سنووره‌كانى خۆى په‌لامارى عه‌فرین ده‌دات، به‌ بۆچوونى ئێوە توركیا هێرشه‌كانى خۆى له‌ عه‌فرینه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان ده‌گوازێته‌وه‌؟
فواد مه‌جدی مسیرى: سوپاى توركیا تاوانێكى گه‌وره‌ى به‌رامبه‌ر عه‌فرین ئه‌نجام داوه‌، ئامانجیشى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماڵى كورد وێران بكرێت، به‌ڵام پانتایی جوگرافیاى عه‌فرین په‌یوه‌ندیى به‌ توركیاوه‌ نییه، چونكه‌ عه‌فرین ده‌وڵه‌تێكى دیكه‌یە، میلله‌ته‌كه‌ى كاتێك چه‌كی هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌وان به‌رگرى له‌ مافى ڕه‌واى خۆیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نیا عه‌فرین نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌ردۆگان ڕۆژانه‌ لێدوانى توند ده‌دات و ده‌ڵێت ئێمه‌ به‌ عه‌فرینه‌وه‌ ناوه‌ستین، به‌ڵكوو هێرشه‌كانمان ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ سنووره‌كانى عێراق. بۆیه‌ توركیا به‌رگرى له‌ خاكى خۆى ناكات، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستانه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووى میلله‌تى كورد بوه‌ستێته‌وه‌، دواجار كاتێك توركیا هاوپه‌یمانیى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات، ته‌نیا بۆ دژایه‌تیى كورد هاوپه‌یمانیى له‌گه‌ڵدا ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تى عێراق كه‌ ده‌وڵه‌تێكى شیعه‌ مه‌زهه‌به‌، توركیا بۆ دژایه‌تیى كورد ده‌چێت هاوپه‌یمانیى له‌گه‌ڵدا ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش میتۆدێكى دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ خۆى له‌ چوارچێوه‌ى ئیسلامى سیاسی ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش پشتگیرى له‌ ئه‌ردۆگان ده‌كه‌ن، پاساویش بۆ ئه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ توركیا له‌ژێر په‌رده‌ى به‌رگریكردن له‌ وڵاته‌كه‌ى خۆیدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر عه‌فرین، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ردۆگان ده‌ستخۆشى له‌ تۆپ و ته‌یاره‌كانى توركیا ده‌كات، بۆ ئه‌و له‌شكركێشییه‌ى كه‌ ئاراسته‌ى عه‌فرینى ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌ردۆگان له‌په‌ناى دیندا ده‌یه‌وێ هه‌موو مه‌رامه‌ سیاسییه‌كانى خۆى تێپه‌ڕێنێت، بۆیه‌ توركیا ده‌وڵه‌تێكه‌ تا ئێستا شتێكى واى بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، به‌ڵام كاتێك ئیسلامى سیاسی هاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، له‌به‌رئه‌وه‌ى پابه‌ند نه‌بوو بە گرێبه‌سته‌كانى ناتۆوه‌، نه‌یتوانى ئه‌وه‌ بكات، به‌ڵام ئێستا ئه‌ردۆگان بێ مه‌نه‌ته‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ ناتۆ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر كاتێكیش له‌ ناتۆ بێته‌ ده‌رەوه‌ هیچ زه‌ختێكى له‌سه‌ر نامێنێت، دواجار هه‌موو ئامانجێكیشى ئه‌وه‌ ڕۆڵى خه‌لافه‌تى ئیسلامى بنوێنێت.

 

(باس) هه‌ڵوێستى وڵاتانى ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر به‌ هێرشه‌كانى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین چۆن ده‌بینى‌؟
فواد مه‌جید مه‌یسرى: به‌درێژایی مێژوو وڵاتانى ئه‌وروپا به‌پێى به‌رژەوه‌ندییه‌كانى خۆیان پشتگیرى له‌ مافى هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كى جیاواز ده‌كه‌ن، ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپا پشت و په‌ناى هیچ میلله‌تێك نین، به‌ڵام پێویسته‌ میلله‌تى كورد خۆى خاوه‌نى ئیراده‌ی خۆى بێت، ئه‌وه‌ى ئێستا شه‌ڕڤانان ده‌یكه‌ن له‌ ڕۆژئاوا نموونه‌یه‌كه‌ له‌و ئیرادانه‌ى كه‌ هه‌موو وڵاتانى دنیای سه‌رسام كردووه‌، بۆیه‌ من پێم وایه‌ زۆنگاوێك له‌ عه‌فرین بۆ توركیا دروست ده‌بێت، ئه‌سته‌مه‌ توركیا به‌ئاسانى لێى ده‌رچێت، به‌ڵام باشتر وایه‌ ئێمه‌ى میلله‌تى كورد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ى عه‌فرین یه‌كده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بین، ڕاسته‌ تا ڕاده‌یه‌ك یه‌كده‌نگى به‌دى ده‌كرێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كرده‌وه‌ى هه‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵوێستى دیماگۆگی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێكى حزبه‌كان به‌ قسەكردن هه‌وڵێستێكیان هه‌یه‌ و به‌ كرده‌وه‌ش هه‌ڵوێستێكى دیكه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان به‌ جۆرێكى دیكه‌ پشتگیرییان له‌ ڕۆژئاوا بكردایه‌، بارودۆخى ڕۆژئاوا به‌و شێوازه‌ نه‌ده‌بوو.

 

(باس) له‌و كاته‌وه‌ى سوپاى توركیا هێرشى بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌ست پێكردووه‌، لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانى كوردستان به‌رامبه‌ر ئه‌و له‌شكركێشییه‌ هه‌ڵوێستى فه‌رمییان نه‌بووه‌، بێده‌نگیى لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان بۆچى ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟
فواد مه‌جید میسری: حاڵه‌تێكى سروشتییه‌ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌كانى كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ له‌شكركێشییه‌كه‌ى سوپاى توركیا بێده‌نگى هه‌ڵبژێرین، چونكه‌ ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پشتگیرى له‌ ده‌وڵه‌تى توركیا و له‌شكركێشیى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌كه‌ن، كه‌سێكى وه‌كوو قه‌رزاوى پەسنی ئەو لەشکرکیشییەی تورکیا دەکات و ئه‌ڵێت، ئه‌وه‌ شه‌ڕێكه‌ له‌ دژى كوفر! بۆیه‌ هیچ حزبێكى ئیسلامى له‌ سه‌رانسه‌رى جیهاندا دژى ئه‌ردۆگان ناوه‌ستێته‌وه‌، چونكه‌ ناوه‌ندى ئیخوان له‌ وڵاتى توركیایه‌، بۆیه‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى دیكه‌ پشتگیرى له‌ ده‌وڵه‌تى توركیا ده‌كه‌ن، چونكه‌ مه‌رجه‌عه‌كه‌یان ئیخوان موسلمیینه‌، بۆیه‌ بێده‌نگیى له‌ ئاست ئه‌و قه‌تڵ و عامه‌ى توركیا هیچ پاساوێكى نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت، له‌پێناو ئایدۆلۆجیاى ئیسلامیى سیاسی پشتگیری له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى توركیا ده‌كه‌ن.

 

(باس) ئەی هەڵویێستی كۆمه‌ڵى ئیسلامیی کوردستان؟
فواد مه‌جید میسرى: لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانى كوردستان، به‌ گشتى بێده‌نگییان له‌ ئاستى ئه‌و قه‌تڵ و عامه‌ى توركیا ده‌ربڕیوه‌، بۆیه‌ له‌نێوان كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌، چونكه‌ ئه‌وان مه‌یلێكى زۆریان بۆ ده‌وڵه‌تى ئیسلامى هه‌یه‌ و پارێزگاریى لێ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر دوور نه‌ڕۆین، كاتێك مورسی ده‌سه‌ڵاتى لێ وه‌رگیرایەوه‌، هه‌موو حزبه‌ ئیسلامییه‌كان په‌نجه‌یان بۆ مورسی به‌رز ده‌كرده‌وه‌ و پشتگیرییان ده‌كرد! بۆچى له‌سه‌ر مورسی هاتنه‌ ده‌نگ، به‌ڵام بۆچى ئێستا كاتێك منداڵێكى بێ تاوان ده‌كوژرێت، هیچ هه‌ڵوێستێكیان نییه‌؟ بۆیه‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان به‌بێ جیاوازى پشتگیرى له‌ قه‌تڵ و عامه‌كه‌ى سوپاى توركیا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌موویان فكر و ئایدۆلۆژیاى ئه‌ردۆگانییان هه‌یه‌.

 

(باس) لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان ڕووبه‌ڕووى به‌رپرسیاریه‌تیى مێژوویى ده‌بنه‌وه‌ كاتێك كه‌ سوپاى توركیا هاووڵاتییانى سڤیلى كورد ده‌كوژن و ئه‌وانیش بێده‌نگن؟
فواد مه‌جید مسیرى: ئیسلامی سیاسی مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نانه‌ت مه‌سیحییه‌كانیش، چونكه‌ هه‌موو حزبێكى ئایینی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت، ده‌بێته‌ مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌، به‌ڵام مێژوو بۆ خۆى بێده‌نگیى لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان تۆمار ده‌كات، به‌ڵام من داوا له‌ لایه‌نگرانى حزبه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌م، وه‌كوو كوردێكى ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وان چۆن ته‌ماشاى قه‌تڵ و عامه‌كه‌ى سوپاى توركیا ده‌كه‌ن پێمان بڵێن، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نگرانى حزبه‌ ئیسلامییه‌كان به‌گژ حزبه‌كانیاندا بچنه‌وه‌ و ئه‌وان هه‌ڵوێستى خۆیان هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى ده‌كوژرێن هه‌موویان هاووڵاتیى كوردى بێ تاوانن.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

اقسام فرعية

قد يعجـــــبك ايضا

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *