كوردى

30%ی كۆمپانیاكانی كوردستان بە ناوی ئافرەتانەوە تۆمار كراون

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

لە هەرێمی كوردستان، ژمارەى ئەو ئافرەتانە زیاد بووە کە خاوەنی كۆمپانیای تایبەت بە خۆیانن، یان پشكیان لەگەڵ هاوبەشەكەیاندا هەیە. بەرپرسێكی تۆماری كۆمپانیاكانیش ئاشكرای دەكات، لە كوردستان 30%ی كۆمپانیاكان بە ناوی ئافرەتانەوە تۆمار كراون.

دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانیی‌ هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، وێڕای ئەوەی زۆر لە ئافرەتان پشكیان لە كۆمپانیاكاندا هەیە، بەڵام هەندێکیشیان خاوەنی كۆمپانیان، گوتی: ”ئەوەی كە باس دەكرێت 70%ی كۆمپانیا تۆمار كراوەكان بە ناوی ئافرەتانن، ئەو زانیارییانە دروست نین، بەڵكوو وێڕای ئەوەی بەشێك لە ئافرەتان پشكیان لە كۆمپانیاكاندا هەیە، بەشێكی تریشیان كۆمپانیایان بەناوەوەیە“.

ئەو ئاماژەی بەوەش دا: ”25% بۆ 30%ی كۆمپانیاكانی كوردستان بەناوی ئافرەتانەوە كراون و بەشێكی تری كۆمپانیاكانیش ئافرەتان پشكیان تێدا هەیە”.

روونیشی كردەوە، لە رووی قانوونییەوە، تۆماركردنی كۆمپانیا بەناوی ئافرەتانەوە كارێكی ئاساییە، گوتیشی: ”لەڕووی قانوونییەوە هەر كەسێك ئافرەت بێت یان پیاو، هاووڵاتی بێت یان بیانی، بەپێی مەرج و رێنماییەكان بۆیان هەیە كۆمپانیا بە ناوی خۆیانەوە بكەن“.

جەختیشی كردەوە، بەشێكی تری ئافرەتان هاوپشكن لە كۆمپانیاكان، یان بەڕێوەبەری جێبەجێكارن، یان پۆستی تریان لە كۆمپانیادا هەیە.

سەبارەت بەو زانیارییە پشتڕاست نەكراوەی كە بەشێك لە پیاوانی بەرپرس و كەسایەتیی دیار كۆمپانیاكانیان لەسەر ناوی خۆیان گۆڕیبێت بۆ ناوی خێزان و بنەماڵەكانیان، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان گوتی: ”ئاساییە پیاوێك كۆمپانیاكە بخاتە سەر ناوی خێزانەكەی یان پشكی زیاد بكات، بەڵام دیاردەیەكی زەقم نەبینیوە بەرپرسێك بێت ئەو كارە بكات“.

تریسکە ئیحسان ئەسعەدی، سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بەشێكی باشی ئافرەتان كۆمپانیایان بەناوە، یان پشكیان لە كۆمپانیاكاندا هەیە، گوتی: ”زۆربەی كۆمپانیاكان لە كوردستان بەناوی خانەوادە تۆمار دەكرێن و زۆر كەم هەیە بە ناوی یەك كەس و دوو كەس بێت، بەڵكوو بەشێوەی خانەوادەییە“.

دڵزار ئیسماعیل ئاشكراشی كرد، لەنێو پڕۆسەی دامەزراندنی كۆمپانیا، بەڵێننامەیەك بە خاوەنی كۆمپانیا پڕ دەكرێتەوە كە فەرمانبەر و بەرپرسی باڵا نییە لە حكوومەت، ئەو بابەتە ئافرەتانیش دەگرێتەوە.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 26 هەزار كۆمپانیا تۆمار كراون، كە زیاتر لە 23 هەزاریان كۆمپانیای خۆماڵیین و ئەوانی تریش بیانیین.

دڵزار ئیسماعیل روونی كردەوە، لە دوای ساڵی 2014وە تۆماری كۆمپانیاكان بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش كەمیان كردووە، بە جۆرێك ئەگەر بەراورد بكرێت بە ساڵی 2013 ئەوە 20%ی تۆماری كۆمپانیاكان كەمی كردووە، گوتیشی: ”لەگەڵ ئەوەی تۆماری كۆمپانیاكان كەمی كردووە، بەڵام خەڵكی ناوخۆ و بیانیش كۆمپانیا دادەمەزرێنن، پێش قەیرانی دارایی ساڵ هەبووە 400 كۆمپانیای بیانی هاتووەتە كوردستان، بەڵام ئێستا ساڵانە لەنێوان 40 بۆ 50 كۆمپانیا دێن“.

تریسكە ئەسعەدی، كە خۆی خاوەنی كۆمپانیایە دەیگوت: ”رێژەیەكی زۆری كۆمپانیاكان بە ناوی ژنانەوە تۆمار كراون، بەڵام پیاوان ئیدارەی دەكەن“.

بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی دەست (باس) كەوتوون، 15 پڕۆژەی وەبەرهێنان لەلایەن ژنانەوە مۆڵەتەكانیان وەرگیراوە، ئەوەش لە كۆی سەرووی 750 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سەرتاسەری كوردستاندا، هاوكات زیاتر لە 105 كارگەش بە ناوی ئافرەتان تۆمار كراون.

ئەو پڕۆژانەی لەلایەن ژنانەوە مۆڵەتیان بۆ وەرگیراوە، بەسەر سێكتەرەكانی، پەروەردە، گەشتیاری، تەندروستی، پیشەسازی و هونەریدا دابەش دەبن، بەڵام زۆرترینی پڕۆژەكانی ژنان لە سێكتەرەكانی پەروەردە و تەندروستیدا جێبەجێ‌ كراون.

جەختیشی كردەوە، زۆر ئافرەت ئێستا كۆمپانیایان بەناوە و خۆیان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام دووپاتی كردەوە، ئامارێكی دروستیان لەم بارەیەوە لەبەردەستدا نییە، گوتیشی: ”ئامارێكی تایبەت بە ئافرەتانی خاوەن كۆمپانیامان لانییە، بەڵام ئێستا زۆر ئافرەتی خاوەنی كۆمپانیا و كاری خۆیانن، لە کوردستاندا زۆر کۆمپانیا ھەیە بەناوی ئافرەتەوەیە، یان خێزان و پیاوان کاری لێ دەکەن“.

یەكەم كۆمپانیای خۆماڵی لە هەرێمی كوردستاندا ساڵی 1995 دامەزراوە لە ساڵی 2000 یەكەم كۆمپانیای بیانی كە كۆمپانیایەكی توركی بوو لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی وەرگرتووە.

سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازی خانمان، پێی وایە: “بەراورد بە چەند ساڵی پێشوو، ئێستا رێژەیەکی باشی ئافرەت هاتوونەتە مەیدانی كارکردن و شوێنی تایبەتیى كار و ئابووریی خۆیان هەیە، بەڵام ئێمە چاومان لەوەیە ئافرەتان زیاتر بێنە پێشەوە، بە تایبەت بۆ نێو كار و بازرگانی“.

بە بڕوای شارەزایانی ئابووری، زیادبوونی رێژەی ئافرەتان لەنێو كاری وەبەرهێنان و بازرگانی، یەكێكە لە هۆكارەكانی گەشەسەندنی كۆمەڵایەتى و ئابووری و هۆكارە بۆ زیاتر سەربەخۆیی دارایی ئافرەتان لە كوردستاندا.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك