كوردى

عەللاوی بەیاننامەیەک لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەردەکات

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

 

جێگرێکی سەرۆک کۆماری عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکات و داوای ”چارەسەری یەکجاری“ی کێشەکان دەکات.

 

رۆژی چوارشەممە 14/3/2018، ئەیاد عەللاوی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هەڵگرتنی گەمارۆ ئاسمانییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان ”هەنگاوێکی ئەرێنییە“.

 

ئەیاد عەللاوی بە پێویستی زانیوە هەنگاوی دوای کردنەوەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی بریتی بێت لە ”چارەسەری ریشەیی“ بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

 

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن و پرس و کێشەکان ”بە یەکجاریی دابخرێن نەک بەشێوەی کاتی“.

 

رۆژی سێشەممە 13/3/2018، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەر و پلەداری هەردوو فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان. دا و رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە  15/3/2018 هەردوو فڕۆکەخانەکە دەکرێنەوە و تێیاندا دەست بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەکرێتەوە.

 

هەر لە سێشەممە رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی بڵاوی کردەوە، کە ئەو ئەفسەرانەی پێشتر سەرپەرشتیی ئاسایشی هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، راژەکانیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە گواستراوەتەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

 

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك