كوردى

حەسەن شەرەفی: لە هێرشەکەی ساڵی 1996ی ئێران دەستەیەکی ناو یەکێتی کردیان دەستەیەکی دیکە پێیان خۆش نەبوو

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

 حەسەن شەرەفی، جێگری لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە هاوکات بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسیی ئەو حزبەیە، لەم دیدارەی(باس)دا ئاماژە بە ڕەوشی خەباتی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کردە تیرۆریستییەکان لە دژی کەسە دیارەکانیان و ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵە دوژمنکارانەکانی ئێران دەکات. 

 

(باس) حدکا کۆنگرەی خۆی ئەنجام داوە و هەندێک گۆڕانکاریی کردووە، دیارترینیان چیین؟
حەسەن شەرەفی: دەبوایە ساڵێک لەمەوبەر کۆنگرە ببەستین، بەڵام لەبەر ئەوەی حزب لە بەرنامەیدا هەبوو کە ئاڵوگۆڕێک لە پێکهاتەی خۆیدا پێک بهێنێت، دەبوایە دەرەتانێکی زۆر بە خەڵک و کادیر و لایەنگرانمان بدەین، تاوەکوو بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. بڕیارمان ئەوەیە خەباتەکەمان بەرینتر بکەین و خەبات لەنێو شار بەرەو پێش ببەین و خەڵک هەر چاوەڕێی ئەوە نەکات لە شاخدا پێشمەرگە خەباتی بۆ دەکات و مافی بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵکوو خەباتەکە بۆ هەمەلایەنە دەگۆڕین، هەر کەسێک بەپێی توانای خۆی لە شاخ یان شار لەو خەباتەدا بەشدار بێت. بڕیار درا لە جێگەی ئەوەی کۆمیتەی ناوەندیمان هەبێت، چەند ئۆرگانێکی وەک یەکمان هەیە کە هەر یەکەیان ئەرک و دەسەڵاتی دیاریکراوی خۆی هەیە. ئێمە ناوەندی سیاسییمان هەیە، کە زۆرتر کاری فکری و داڕشتنی ستراتیژی حزب و.. هتد دەکات و چاودێریی ئۆرگانەکانی خوار خۆی دەکات. دەستەی کارگێڕیمان بۆ حزب دامەزراندووە، کە زۆرتر کارەکانی حزب لە ڕووی ئیجرائییەوە ڕادەپەڕێنێت. هەروەها بەشی نیزامیمان هەیە کە بەشی پێشمەرگایەتییە. لەگەڵ چەندان گۆڕانکاریی دیکە.

 

(باس) لە ماوەی ڕابردوودا حدکا بڕیاری دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی لە ڕۆژهەڵات دەرکرد، بەڵام دەگوترێ سنووردارە، ئەمە چۆن دەبێ؟
حەسەن شەرەفی: زیهنییەتی ئێمە قەت ئەوە نەبووە کە خەباتێکی چەکداریی پان و بەرین لە شیمالی کوردستانەوە تا جنووبی کوردستان بەڕێوە ببەین، چونکە دۆخەکە گۆڕاوە و پشتی جەبهەکە بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی ئەوە نییە کە پێشتر هەبوو، جگە لەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانیی ئەوەیان لێمان هەیە کە لەلایەن ئێرانەوە نەکەونە ژێر فشارەوە، بەڵکوو بیرۆکە سەرەکییەکە ئەوەیە کە خەباتی شار و خەباتی شاخ بەیەکەوە گرێ بدەین و پاڵپشتیی یەکتر بن.

 
(باس) باس لە خەباتی شار دەکەیت، لە ماوەی ڕابردوودا خۆپیشاندانێکی فراوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بوو، تێڕوانینی ئێوە بۆی چی بوو؟
حەسەن شەرەفی: لەو کاتەوەی شا لە ئێران ڕووخاوە تا ئێستا، حەرەکەتی هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران نەبووە، هەم لە باری بەرینییەوە کە 80 شاری ئێرانی گرتەوە، هەم لە باری دروشمەکانیەوە کە دروشمی مافخوازانە و سکۆلاریزم بوون و داوای نانی خەڵک بوون، دروشمەکان لە قازانجی هیچ یەکێک لە لایەنەکانی نێو کۆماری ئیسلامی نەبوون. بۆیە ئێمە پشتیوانیمان لەو جووڵانەوەیە کرد. لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو جووڵانەوەیە هەبوو، بەڵام کورد لە ئێران هەمیشە ئامانجی کۆماری ئیسلامییە. ئەو کاردانەوەیەی لەگەڵ خۆپیشاندانی شارێکی غەیرە کوردی کرا، لەگەڵ شارە کوردستانییەکان زۆر زیاتر بوو. ئێمە پێمان وایە ئەگەر ئەو خۆپیشاندانانە سەرکوت کرابن یان بێدەنگ کرابن، بەڵام لەبەین نەچوون و بە هەمان دروشم و بەرفراوانییەوە سەرهەڵدەداتەوە.

 

(باس) لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا دوو ڕووداوی تیرۆرکردنی فەرماندەکانی حدکا و حدک هەبوون، ئایا ئەو دوو کەسە چ خاڵێکی هاوبەشیان تێدایە؟ کێ کردوونیەتە ئامانج؟
حەسەن شەرەفی: تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو شوێنێک، بە تایبەتی لە باشووری کوردستان بەرامبەر بە هەموو هێزەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی کراوە، بەڵام بە گشتی کردەی تیرۆر لەوانەوە دەست پێ دەکات کە کێ فشاری زۆرترە و شوێنپێی دیارترە و کۆماری ئیسلامی زۆرتر لێی دەترسێ. بۆ ئەو دوو کەسە کراونەتە ئامانج؟ ئەو دوو کەسە کاریگەرییان لە ناوچەکەدا هەبووە و خەڵک ناسیونی، بۆ دەڵێین کۆماری ئیسلامییە؟ چونکە جگە لە ئێران، ئەوانە دوژمنێکی دیکەیان نییە و کێشەیان لەگەڵ کەسی دیکەدا نەبووە. جگە لەوەی هەردووکیان پێشتر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە چەندان ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەڕەشەیان لێ کراوە. 

 

(باس) گلەیی ئەوە دەکرێت کە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی پێویست بەئاگا نیین، بۆیە بەئاسانی دەکرێنە ئامانج؟
حەسەن شەرەفی: ئەو گلەییە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستە، ئێمە ڕەنگە حەزەرمان کەم بووبێت و بەو جۆرەی پێویستە، خۆمان نەپاراستبێت، بۆیە لەمبارەیەوە زەربەی زۆرمان خواردووە. هەرچەندە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەگەر لە زەمینەیەکدا هەست بە ئەمنییەت بکەیت، حەزەرەکەت کەمترە، بەڵام کە ئاڵۆزیی پترە، دەبێ هۆشیاربوونەکە زیاتر بێت. ئێستا فشاری کۆماری ئیسلامی لەسەر باشوور زۆرە و حزبەکانی باشووری کوردستان کێشەی ناوخۆیان ئاڵۆزترە و نێوانی هەولێر و بەغدا ئاڵۆزترە، بۆیە دەبێ ئێستا ئاگاهی و هۆشیاریی زیاتر هەبێ. 

 

(باس) هەندێک لە میدیاکانی سلێمانی تۆمەتی ئەوەیان دایە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە گوایە ئاسانکاریی بۆ ئەو کردەوانە دەکات، ئایا هیچ گومانێکی لەو چەشنەتان هەیە؟
حەسەن شەرەفی: پارتی و کۆماری ئیسلامی وەکوو دوو دراوسێ ئاساییە ڕێککەوتن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر بکەن، بەڵام ئێمە پێمان وانییە کە پارتی بچێت لەمەدا لەگەڵ ئێران ڕێک بکەوێت، ڕەنگە داوا بکات هەندێک چالاکییەکانمان بەربەست بکەین، تاوەکوو ئێران فشاریان بۆ نەهێنێت. ئێمە هەست بە ڕێککەوتنێکی لەم شێوەیە ناکەین.

 

(باس): دەگوترێ ئۆتۆمبێلەکەی سەڵاح ڕەحمانی، ڕۆژی پێش تەقینەوەکە لە سلێمانییەوە هاتووە، قادر قادریش لەو شوێنەی شەهید کرا، لە زۆنی سەوزە، ئایا گومان لە یەکیتی دەکەن؟
حەسەن شەرەفی: بۆ کۆماری ئیسلامی، باشووری کوردستان کە لەنێو خۆیدا و لەگەڵ دەوروبەردا لە ئاڵۆزیدایە، دەستی ئاواڵەتر دەبێت، جیاوازی نییە لە کام زۆندا هەیە. پێمان وایە کۆماری ئیسلامی ئەو هەموو پیلانە بگێڕێت، ڕەنگە لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشدا نەبێت پێش بە هەموو شتێک بگرێت، بەڵام چاوەڕوانیی ئەوەشمان هەیە کە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانە بکەن.

 

(باس) لە مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی تۆمارێکی ڤیدیۆیی هێرشکردنە سەر قەڵای دیموکراتی بە پشتیوانیی یەکێتی بڵاو کردەوە، پێت وایە بۆچی لەم کاتەدا ئەم تۆمارە بڵاو دەکرێتەوە؟
حەسەن شەرەفی: یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە کە بڵێت، بەڵێ ئێمە کاتی خۆی دەستمان ئاواڵا بووە کە ئەو هەموو هێزە بە شاراندا ببەینە سەر نەیاری خۆمان و لێی بدەین، هەروەها هەندێک برین بکولێنێتەوە. ئەو هێزە کە هات، ئێمە زانیاریمان هەبوو، کاتێک بەڕێ کەوتن هەواڵیان پێ داین، بۆیە هەموو شوێنەکانمان لە ژن و منداڵ چۆڵ کرد و تەنیا پێشمەرگە مایەوە. 

ئێمە ئەو کاتە پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی و پارتی هەبوو، ئەوەی کە کرا، کەس ناتوانێ بڵێ هێزێکی چەند هەزار کەسی بەو هەموو توانای چەکی قورس و سووک لە مەریوانەوە دێتە ئەم دیوە و بڵێ ئاگام لێ نەبووە، ئاگا لێنەبوونەکە عەیبێکی گەورەترە لە ئاگالێبوونەکەی. ئاگا لێبوونەکەشی مانایەکی دیکە دەدات. دوای ڕووداوەکە لەگەڵ زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتی قسەمان دەکرد، بەشێکی زۆریان دەیانگوت ئاگامان لەو شتە نییە و گلەییان لە سەرەوەی خۆیان دەکرد، کە هەموویان ئاگادار نەبوون. ئێستاش هەندێک کار دەکرێ لە ڕێکخراوێکدا کە هەموو ڕێبەرایەتییەکەی ئاگاداری نییە و ڕەنگە بە دڵیشی نەبێت. هەر ئەو کاتە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیم دیوە بە قەد ئێمە بەو بابەتە ناڕەحەت بووە و ئاگاشی لێ نەبووە. دەمەوێ بڵێم ئەوەی ئێستا ئێوە دەیبینن، ئەو دەماش هەروا بووە، دەستەیەک لەنێو یەکێتیدا کارێکی کردووە کە دەستەکەی دیکە پێی خۆش نەبووە.

 

(باس) دەتەوێ بڵێی وەکوو خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بوو کە ئێستا هەندێک یەکێتی دەڵێن گرووپێک ئەوەیان کرد؟
حەسەن شەرەفی: من عەرزم کردی، هەروەک ئێستا، مەبەستم لە ئێستا ڕوون بوو.

 

(باس) دۆخی ئێستای یەکێتی زۆر ئاڵۆزە و ئەو گرووپەی تۆمەتبارن بە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، هێزی ئەمنی و هەواڵگرییان هەیە، ئێوە ترستان نییە دووبارە سیناریۆی هێرشەکەی سەر قەڵای دیموکرات دووبارە بکرێتەوە؟
حەسەن شەرەفی: هۆشیاریی خۆمان بۆ هەموو ڕووداوێکی نەخوازراو وەرگرتووە، بەڵام نە سەردەمەکە ئەو سەردەمەیە کە هێزەکە هاتە سەرمان، نە ڕاگەیاندنەکانی ئێستا هەن، ئەوکات هەبوون، نە بیروڕای گشتیی دونیا لەبارەی دۆزی کورد ئەوەیە کە ئەو سەردەم هەبوون. من ئەگەرەکە ڕەت ناکەمەوە، بەڵام بە زۆریشی نازانم شتێکی وا ڕوو بداتەوە. 

 

(باس) ئێوە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر سنوورتان لە حەشدی شەعبی زۆر نزیک بووەوە، ئایا مەترسیی دروست نەکرد؟
حەسەن شەرەفی: 100٪ مەترسییە، حەشدی شەعبی ئەگەر نەڵێم هەمووی داردەستی ئێرانە، بەڵام بەگشتی بەڕێوەبەری دەستووراتی فەرمانی کۆماری ئیسلامی وەردەگرن. حەشد هەر بۆ ئێمە خەتەرناک نین، بۆ خوشک و براکانمان لە باشووریش پڕ مەترسین.

 
(باس) لە 16ی ئۆکتۆبەردا ئێمە ناوچەیەکی فراوانمان لەدەست دا، بەڕێزتان ئەزموونێکی زۆرتان لە بواری بەرگریکردن هەیە، پێت وایە بۆچی وا بەئاسانی ئەو ناوچانە لەدەست دران؟ 
حەسەن شەرەف: ئەو ڕووداوە پێش هەموو کەسێک پەیوەندیی بە خوشک و براکانمان لە باشوورەوە هەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین، پێمان وابوو ئەگەر هیچ شتێکی ناسروشتی ڕووی نەدابا، کورد توانای خۆڕاگریی بەرامبەر هێزی عێراقی هەبوو. 

ئەو خۆڕاگرییەی لە پردێ کرا، نیشانی دا کورد ئەگەر بیەوێ، دەتوانێ خۆڕاگری بکات و پیلانێکی دیکەشی پووچەڵ کردەوە، عێراق بەنیاز نەبوو لە پردێ بوەستێ و بەنیاز بوو بێتە هەولێریش، بۆیە ئەوەی ئێمە دەیبینین، ئەگەر هیچ شتێکی نائاسایی نەهاتبایە نێو بابەتەکە، کورد دەیتوانی مقاوەمە بکات، هەروەکوو لە پردێ کردی.

 

(باس) دەکرێ ئەو شتە نائاساییە ڕوون بکەیتەوە؟
حەسەن شەرەفی: لەبەرچاوی هەموومانە، هەندێک شت ڕووی دا، ئێمە ناڵێین، خودی براکانمان لە باشوور باسی دەکەن کە چۆن ڕێگە بە هێزەکانی عێراق درا، بێ کێشە بێن. ئەوانەی شارەزای شەڕن دەزانن ئەگەر لە بەرەیەکەوە کەلێنت تێ کەوت، ئەوا هەموو بەرنامەکە تێک دەچێت، بەڵام باش بوو لە پردێ خۆی گرتەوە و بەرگری کرا.

 
(باس) ئەگەر ئەوانەی لە 16ی ئۆکتۆبەر ڕێککەوتنیان کردووە، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکرێ، ئەم خیانەتانە نابنە شتێکی ئاسایی؟
حەسەن شەرەفی: دەبوایە ڕووداوی هێرشکردنە سەر بارەگاکانمان و ئەوانەی لە دژی ئێمە و خوشک و براکانمان لە باشوور کراون، ئەگەر لە کاتی خۆیدا لێکۆڵینەوە کرا و ئاکامەکانی ڕاگەیاندرا، ئەوا پێش لە هەندێک شت دەگرێ، بەڵام ئەگەر ئەو لەبەر ئەم و ئەم لەبەر ئەو پووش بەسەر بکرێ، ئەوا دەبێ پێشبینی بکەین شتی دیکەش ڕوو بدات. 

(باس) باستان لە یەکگرتنی کورد کرد، حدکا و حدک دوو حزبن کە زۆر لەیەکەوە نزیکن، بۆچی تا ئێستا یەکتان نەگرتووەتەوە؟
حەسەن شەرەفی: زەروورەتی یەکگرتنەوە هەبووە و ئێمەش لە هەوڵداین و پێم وایە دەبێت. ئەگەر زۆریش نەکێشێت، بەرەیەک لەنێو هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێک بهێندرێت. ئەوانەی ئەزموونی هێزی سیاسییان هەیە، دەزانن جیابوونەوە و لێکدابڕان کاتێکی زۆر کەمی دەوێت، بەڵام یەکگرتنەوە ماوەیەکی زۆر دەبات. ئەوەی ئێمە دەیبینین، ئەو ڕەوشە ناخۆشەی هەبوو، بەسەر پەیوەندیماندا نەماوە، جگە لەوەی دوو ساڵە دەستەکانمان پێکەوە دادەنیشن و لەبارەی یەکگرتنەوە قسە دەکەن، بەرەو پێشچوونیشی پێوە دیتراوە، دوایین کۆنگرەش ناوەندی سیاسیی ڕاسپاردووە کار بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکان تا گەیشتن بە کۆنگرە برەو پێ بدات. 

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك