كوردى

هێزه‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ جارێكى تر له‌ ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ خورماتوو سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

هێزه‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ یان به‌ هێزه‌ (ئاڵا سپییەکە) ناسراون، له‌ گوندى (په‌ڵكانه‌)ى ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ قه‌زاى خورماتوو جارێكى تر سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ و به‌رپرسێكی حزبییش ناسنامه‌ى هێزه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات.

له‌م باره‌یه‌وه‌، (هه‌ڵمه‌ت) کە دانیشتووى گوندى (پاش ته‌په‌)ى ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ خورماتووه‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: “هێزه‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ یان ئاڵا سپییەکە هه‌ر له‌دواى داگیركردنى خورماتوو له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه،‌ له‌ گوندى (په‌ڵكانه‌)ى ناوچه‌ى داوده‌ پەیدا بوون و ئه‌وان سنوورى ئه‌و گونده‌یان داگیر كرد و هه‌ڵكه‌وته‌ى گونده‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كه‌ دۆڵ و ته‌په‌ى سه‌خت و به‌رزى تێدایه‌، وه‌ك سه‌ره‌تا له‌و گونده‌دا هیچ جموجۆڵێكى ئه‌وتۆیان نه‌ده‌كرد، به‌ڵام پاشان ده‌ستیان كرد به‌ جموجۆڵ و به‌ چاوى خۆمان بینیمان كه‌ ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت له‌ رێگای كه‌ركووك به‌غداوه‌ لایده‌دا و به‌ره‌و ئاراسته‌ى گوندى په‌ڵكانه‌ ده‌ڕۆیشتن و پاشان ئه‌و هێزه‌ ده‌ستیان كرده‌ جموجۆڵ، به‌ڵام زیاتر له‌ شه‌واندا به‌ ماتۆڕسكیل هاتوچۆیان ده‌كرد، به‌ڵام هاتوچۆكه‌یان به‌ره‌و ئاراسته‌ى گونده‌كانى ترى ناوچه‌ى داوده‌ نه‌بوو، به‌ڵكوو به‌ره‌و رێگایه‌كى خۆڵیی سه‌خت هه‌یه‌ كه‌ له‌ گوندى په‌ڵكانه‌وه‌ بۆ سه‌ر رێگاى به‌غدا ده‌ڕوات، هاتوچۆیان له‌و رێگایه‌وه‌ ده‌كرد”.

ڕاشی گه‌یاند: “له‌و كاته‌وه‌ى كه‌ ئه‌و هێزه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای دانیشتووانى گونده‌كانى ناوچه‌ى داوده‌ په‌یدا بووه‌، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ حه‌شدى شه‌عبی له‌ ئاراسته‌ى خورماتووه‌وه‌ زۆر جار به‌ره‌و ناو گونده‌كانى قوم په‌ڵك و قوشه‌لان دێن، ئه‌مه‌ش ترسی لای هاووڵاتییان دروست كردووه‌، چونكه‌ هاووڵاتییانى ناوچه‌ى داوده‌ له‌ كاتى چوونیان بۆ كه‌ركووك یاخود خورماتوو زۆر جار له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار دراون”.

ناوچه‌ى داوده‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوورى رۆژهه‌ڵاتی قه‌زاى خورماتوو له‌ 50 گوندى كوردنشین پێكدێت و زۆرینه‌ى كورده‌كانى دانیشتوانى خورماتووش خه‌ڵكى گونده‌كانى ناوچه‌ى داوده‌ن و له‌ به‌هارى ساڵی 1991ه‌وه‌ كاتێك كه‌ ڕاپه‌ڕین كرا خورماتوو رزگار كرا، به‌ڵام به‌هۆی شوێنی ستراتیژی خورماتوو و هێنانى سوپایه‌كى گه‌وره‌ بۆ سه‌ر خورماتوو، به‌عس دواى 11 رۆژ خورماتووی داگیر كرده‌وه‌، به‌ڵام نه‌یتوانى ناوچه‌ى داوده‌ داگیر بكاته‌وه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌رسه‌لان عه‌لی، به‌رپرسی لێژنه‌ى ناوچه‌ى پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خورماتوو، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: “مانگى ڕابردوو میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی و سوپای عێراق هێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ قه‌زاى خورماتوو. به‌ بیانووى ڕاوه‌دوونانى هێزه‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ یان ئاڵا سپییەکە له‌ گوندى په‌ڵكانه‌، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ ئه‌و هێزه‌ چووبوونه‌ شوێنه‌ سه‌خته‌كانى ناوچه‌ى داوده‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستگیر نه‌كران و هیچ شه‌ڕێك ڕووى نه‌دا، به‌ڵام پاشان كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌و گونده‌ كشانه‌وه‌ هێزه‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ جارێكى تر گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنه‌كانى خۆیان و ئه‌و هێزه‌ هیچ به‌رنامه‌یكى شه‌ڕیان نییه‌ جگه‌ له‌ شه‌ڕی پارتیزانی”.

ئاشكراشی كرد، ئه‌و گرووپه‌ به‌شێكیان له‌ سه‌رانى تیرۆریستانى داعشن و به‌شێكى تریشیان كه‌ به‌رپرسیارێتییان هه‌یه‌ له‌ناو ئه‌و گرووپه‌ له‌ سه‌رانى ئه‌نساروئیسلامن، كه‌ كاتى خۆی چوونه‌ته‌ ناو ئێران و له‌ ئێران نیشته‌جێ بوونه‌ و ئێستا جارێكى تر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق و له‌ سنوورى په‌ڵكانه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و هێزه‌ لایه‌نگرى ئێرانن، بۆیه‌ هیچ شه‌ڕێكیش رووى نه‌دا له ‌سه‌روبه‌ندى هێرشی حه‌شدى شه‌عبی بۆ سه‌ر ئه‌و هێزه‌ له‌ گوندى په‌ڵكانه‌”.

ڕاشی گه‌یاند: “دۆخى ناوچه‌ى داوده‌ خراپه‌ و خه‌ڵك ده‌ترسێت، چونكه‌ ئه‌و گرووپه‌ چه‌كداره‌ ته‌نانه‌ت هاتوونه‌ته‌ به‌نزینخانه‌ى سنوورى ناحیه‌ى زینانه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ندى ناوچه‌ى داوده‌ به‌نزینیان وه‌رگرتووه‌، ئێستا له‌ ناوچه‌ى داوده‌ ڕفاندنی هاووڵاتییان ده‌ستى پێ كردووه‌ و له‌م چه‌ند رۆژه‌ى ڕابردووشدا هه‌ر له‌ناو داوده‌ سێ كه‌س له‌لایه‌ن چه‌كدارانه‌وه‌ ڕفێنراون”.

هه‌روه‌ها ئه‌رسه‌لان عه‌لی، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئێستا ناوچه‌ى داوده‌ دابه‌شی سه‌ر سێ به‌ش بووه‌، به‌شێكى له‌ ئاراسته‌ى باكوورى ناوچه‌كه‌وه‌ به‌ده‌ست هێزه‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ (ئاڵا سپییەکەوه‌یه‌) و له‌ ئاراسته‌ى خورماتووشه‌وه‌ به‌ده‌ست حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌یه‌ و له‌ ئاراسته‌ى باشوور و باكوورى رۆژهه‌ڵاتییه‌وه‌ به‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌.

دانیشتوانى ناوچه‌ى داوده‌ پتر پشت به‌ كشتوكاڵ ده‌به‌ستن و به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ خاكه‌كه‌ى به‌پیته‌ و ئه‌رزه‌كه‌شی ته‌خته‌ و رووبارى (ئاوه‌سپی)ش به‌و ناوچه‌كه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت، خه‌ڵك زیاتر كشتوكاڵی گه‌نم و جۆ ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی خراپیی بارودۆخى ناوچه‌ى داوده‌وه‌ خه‌ڵك ئه‌مساڵ وه‌ك پێویست كشتوكاڵیان نه‌كردووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، ئێستا پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنى به‌شێك له‌ گونده‌كانى ناوچه‌ى داوده‌ له‌به‌ر بێ شوێنی له‌نێو مزگه‌وتى گونده‌كانى پاشته‌په‌ و لفتی ئاغا و ساڵه‌یی و چه‌ند شوێنێكى تردان و ئه‌وا ئه‌ركى پاراستنى ئه‌و ناوچه‌یه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌.

هاووڵاتییه‌كى ناوچه‌ى داوده‌ى سه‌ر به‌ خورماتوو كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكه‌ین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: “به‌هۆی خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ دۆخى ناوچه‌ى داوده‌ تێكچوو، ئه‌گینا ئێمه‌ 27 ساڵه‌ له‌ دۆخێكى ئه‌منیى باشدا بووین و هیچ كێشه‌ و گرفتێكمان نه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت سه‌ربازى عێراقی له‌ ساڵی 1991 نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ ناوچه‌ى داوده‌، به‌ڵام ئه‌و خیانه‌ته‌ى كه‌ كرا هاوشێوه‌ى خورماتوو ناوچه‌ى داوده‌شیان فرۆشت، له‌لایه‌ك داعش و له‌لایه‌كی تر حه‌شدى شه‌عبی ترسیان لاى خه‌ڵك دروست كردووه‌، بۆیه‌ ئێستا ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ گوندنشینانى ناوچه‌ى دادوه‌ ئاواره‌ی كه‌لار و كفری و شوێنه‌كانى تر بوونه‌”.

ئه‌و هاووڵاتییه‌ گوتیشی: ”پێشتر به‌ تایبه‌ت له‌ وه‌رزى به‌هاردا خه‌ڵكى خورماتوو روویان له‌ ناوچه‌ى داوده‌ ده‌كرد بۆ به‌ سه‌ربردنى كاتێكى خۆش، به‌ڵام ئێستا ترس باڵی كێشاوه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا و خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ش خۆیان ئاواره‌ بوونه‌“.

هاوكات، جه‌مال ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى زینانه‌، كه‌ ناحیه‌كه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ندى ناوچه‌ى داوده‌، له‌ لێدوانێكیدا ڕای گه‌یاندووه‌، ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ هێزه‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ له‌ گوندى په‌ڵكانه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستیان به‌ جموجۆڵ و كرده‌وه‌ى تیرۆریستى كردووته‌وه‌.

ڕاشی گه‌یاندووه‌، دواى ئه‌وه‌ى سه‌ردانى گونده‌كانى له‌ك و قوشه‌لانمان كرد له‌ ناوچه‌ى داوده‌، دانیشتووانى ئه‌و گوندانه‌ داوایان لێ كردین كه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌یان جێگیر بكه‌ین، ئێمه‌ش داوامان كردووه‌ كه‌ فه‌وجێكى پێشمه‌رگه‌ له‌و گوندانه‌ جێگیر بكرێن.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك