كوردى

گەنجێکی ئێزدی کە وازی لە حەشدی شەعبی هێناوە: ئێمە چووین ببینە پۆلیس کەچی بە حەشد تۆماریان کردین

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

گەنجێکی ئێزدی، وەک دەیان گەنجی دیکەی فریودراو، لەگەڵ داگیرکردنەوەی ناوچەکانیان لە لایەن حەشدی شەعبی، دوای دروشم و بەڵینەکانیان کەوتوون و چوونەتە ڕیزی ئەو میلیشیایە. دوای بێداربوونەوە وازیان هێناوە.

گەنجە ئێزدییەکە ناوی (ف)ە و خەڵکی شنگالە، دوای وازهێنانی لە حەشدی شەعبی، تایبەت بە (باس)ی ڕاگەیاند: “هەموو ئەو بەڵێنانەی حەشدی شەعبی بە گەنجە ئێزدییەکانیان دا، هیچیان نەهێنایە جێ، دەرکەوت تەنیا دروشم و فرت و فێڵێک بوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەنجان”.

(ف) باس لە هۆکاری چوونە ناو حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێ: “ ئەو کاتەی حەشدی شەعبی هاتنە تەل بەنات و گرعوزێر و کۆچۆ، بە ئێمەیان گوت دەتانکەینە پۆلیسی فیدڕاڵی، ئێمەش کۆمەڵێک گەنج چووین و ناوەکانی خۆمانمان تۆمار کرد، بەڵام دواتر دەرکەوت ئێمە کراوینەتە چەکداری حەشد، ڕاستییەکەی ئەوکات وەک دەیان گەنجی دیکەی ئێزدی، لەبەر بێکاری و بێ پارەیی چووین ناوی خۆمان تۆمار کرد”.

ئەو گەنجە دەیگێڕێتەوە: ”لە ڕۆژی یەکەمەوە کە ناوی خۆمان نووسی و بووینە چەکدار و دەستمان بە دەوام کرد، بەردەوام دەیانگوت مووچەیەکی باشتان دەدەینێ، کەچی لەو هەموو مانگەی لەگەڵ ئەوان بووین، تەنیا مانگێک سەت هەزار دیناریان پێ داین، کە نیوەی ئەو پارەیەمان دایە کرێی هاتووچۆ”.

گەنجە ئێزدییەکە باس لە بێبەڵێنیی حەشد و پەشیمانبوونەوەی خۆیان دەکات و گوتی: “دوای ماوەیەک بۆمان دەرکەوت، کە وەک چەکداری حەشد وەرگیراوین. هەروەها ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆمان ئاشکرابوو، حەشد پابەندی هیچ لەو بەڵین و پەیمانانەی خۆی نییە، کە بە گەنجە ئێزدییەکانی دا. جگە لەوەش چەندین ڕاوێژکاری ئێرانیمان لە دەڤەرەکەی خۆماندا دەبینی، کە سەرپەرشتی و ڕێنوێنیی حەشدی شەعبی دەکەن، هەروەها پەیوەندی و هەماهەنگییەکی پتەویش لەنێوان حەشدی شەعبی و پەکەکەدا هەبوو. بۆیە تێگەیشتین کە حەشد بۆ جێپێ قایمکردن و جێبەجیکردنی سیاسەتەکانی خۆی هاتووەتە ناوچەکەمان و لە بەرژەوەندی و بۆ خزمەتی ئێزدییەکان لێرە نییە. لەبەر ئەوە بڕیاری وازهێنانمان دا”.

ئەو گەنجە ئێزدییە ئەو بەڵێنانەی حەشد ئاشکرا دەکات کە بەوانیان داوە و تاکە یەک بەڵێنیشیان جێبەجێ نەکردووە و ڕای گەیاند: “جگە لە بەڵێنی ئەوەی مووچەیەکی باشمان دەدەنێ، هەروەها پەیمانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەمان و دابینکردن و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و دروستکردنی قوتابخانە یان پێ داین، بەڵام هیچ شتێکیان جێبەجێ نەکرد”.

ئەو گەنجە ئێزدییەی ڕیزەکانی حەشدی شەعب ی بەجێ هێشتووە، ئاشکرای دەکات، کە حەشد داوایان لێ کردوون هانی خەڵکی شنگال و دەروبەری بدەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام ئەوان ئەو کارەیان نەکردووە و لەبارەی هۆکارەکەشەوە دەڵێ: “جگە لەوەی بێبەڵێنییەکانیان، باوەڕ و متمانەی ئێمەیان بەوان لاواز کرد و زانیمان هیچ شتێک بۆ خەڵک و دەڤەرەکە ناکەن، وەکوتر نەدەکرا هانی خەڵک بدەین بۆ گەڕانەوە، چونکە بە چاوی خۆمان دەمانبینی ئەو کەسانەی لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و بەشداریی تاوان و تیرۆرکارییەکان بوون، ئێستا لە ڕیزەکانی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن و دوور نییە لە هەر کاتێکی دیکەدا دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ، دووبارە قەسابخانە بۆ خەڵکی شنگال و ناوچەکە دروست بکەنەوە”.

گەنجەکە (ف) باش لەوەش دەکات کە حەشدی شەعبی لە بنەڕەتدا هاوکار و نیازپاک نەبوو لە گەڕانەوەی خەڵکەکە بۆ ناوچەکەیان و گوتی: “ تا ئێستاش پانتایی و سنوورێکی زۆری زەوییەکانی گرعوزێر، سیبا شێخ خدری، کۆچۆ، تەل بەنات، تەل قەسەب، ڕامبووسی و قابووسی و زۆر شوێنی دیکە، کە لە سەردەمی داعشدا مینڕێژ کراون، حەشدی شەعبی پاکی نەکردوونەتەوە” و دەشڵێ: “لەوەتەی هاتوونەتە ناوچەکە، حەشدی شەعبی هەر دەڵێ رەوشەکە خۆش و باشتر دەبێ، کەچی تەنیا دروشمە و هیچی دیکە. ڕەوشەکە خراپتر نەبووبێت چاکتر نەبووە، ئەو دروشمانەی حەشد تەنیا وەک دەرزی و دەرمانی هێورکەرەوە وا بوون. ئەوان خەمی خەڵکی ناوچەکەیان نەبوو و نییە، بەڵکوو بیریان لای ئەجێندا سیاسییەکانی خۆیانە و بەس”.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك