كوردى

قایمقامی ناوه‌ندیی هه‌ڵه‌بجه‌: ده‌سه‌ڵاتى خۆجێیی هەڵەبجە هیچ بودجه‌یه‌كى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌

باسنيوز Basnews
مصدر الخبر / باسنيوز Basnews

له‌ دیمانه‌یه‌كى هه‌فته‌نامه‌ى (باس)دا نوخشه‌ ناسیح، قایمقامى ناوه‌ندیی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاری به‌ پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كاتێكدا درا، قه‌یرانى دارایی هاته‌ كایه‌وه‌، بۆیه‌ نه‌توانرا كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ى ستراتیژی ئه‌نجام بدرێت، زۆر گرفتی دیکەی ئەو پارێزگا شەهیدە باس دەکات.

 

(باس) دواى ئه‌وه‌ى كه‌ بڕیارى به‌ پارێزگاربوونى هه‌ڵه‌بجه‌ درا، ئاخۆ سیمای به‌پارێزگابوونی لێ‌ بەدی ده‌كرێت؟
نوخشه‌ ناسیح: بڕیاری به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كاتێكدا درا، كه‌ قه‌یرانى دارایی هاته‌ كایه‌وه‌، بۆیە نه‌توانرا كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ى ستراتیژی و گرنگی بۆ ئه‌نجام بدرێت، به‌تایبه‌ت له‌دواى ساڵی 2013ه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕانكارى به‌ سیمای هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ركه‌وێت، پڕۆژه‌كان هه‌مووى وه‌ستاون، حكوومه‌تیش كارێكى واى نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و قه‌یرانه‌ ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ریى نه‌خاته‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌مه‌ش هۆكارێكى سه‌ره‌كى بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌ك هه‌ر پڕۆژه‌كانمان نه‌خرێنه‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بگره‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان به‌هۆی نه‌بوونى بودجه‌ و كه‌میى میلاكه‌وه‌ تا ئێستا پێكنەهێنراون.

 

(باس) بەڵام هه‌ڵه‌بجەییەکانیش‌ بەردەوام گله‌یی له‌وه‌ ده‌كه‌ن، کە سه‌ره‌ڕای بڕیارى به‌پارێزگابوونى شارەکەیان‌، ئێستاش هەر وەک قه‌زایه‌ك ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا گۆڕانكارى له‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان كراوه‌ و پارێزگارى بۆ دانراوه‌؟
نوخشه‌ ناسیح: ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌ت بێن له‌ دۆخى هه‌ڵه‌بجه‌ بكۆڵنه‌وه‌، ئه‌گینا قایمقام یان پارێزگار هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نییه‌ چی بكات، پێویسته‌ حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان سه‌رجه‌میان به‌یه‌كگرتوویی كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ سیمای به‌پارێزگابوونى پێوه‌ دیار بێت و سه‌رۆكى حكوومه‌تیش له‌سه‌ریه‌تى كارێكى وا بكات سیمای به‌پارێزگابوون بدرێت به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌سه‌ڵاى خۆجێیی هیچ ده‌سه‌ڵات و بودجه‌یه‌كى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ و هیچی پێ ناكرێت‌.

 

(باس) ئەی حكوومه‌تى عێراق هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگا ته‌ماشا ده‌كات‌؟
نوخشه‌ ناسیح: له‌ هه‌ندێك بابه‌تدا حكوومه‌تى عێراق حیسابی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگا ناكات، به‌ڵام له‌ بودجه‌ى ساڵانى 2015 و 2016 و 2017ش به‌ فه‌رمى حكوومه‌تى عێراق بڕه‌ بودجه‌ى پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌شی داناوه‌، وه‌ك پارێزگا و چه‌ندین شاندى عێراقی سه‌ردانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌یان كردووه‌، به‌ڵام ئێستا كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غداش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر دۆخى هه‌ڵه‌بجه‌، ئەگەر نا ئێمه‌ گرفتی یاساییمان نییه‌ له‌وه‌ى كه‌ كراوین به‌ پارێزگا له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌.

 

(باس) سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌یرانگە و ها‌وینه‌هه‌وارى زۆری لێیه‌، ئایا توانیوتانه‌ بره‌و به‌ كه‌رتى گه‌شتوگوزار بده‌ن؟
نوخشه‌ ناسیح: ‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ خاوه‌نى چه‌ند سه‌یرانگایه‌كین و سه‌ره‌كیترینیان سه‌یرانگاى ئه‌حمه‌دئاوا و ئاوێسه‌ر و چاوك و چه‌ند شوێنێكى تره‌ كه‌ ساڵانه‌ گه‌شتیارێكى زۆر به‌ تایبه‌ت له‌ خواروو و ناوه‌ڕاستى عێراقه‌وه‌ ڕوو له‌و سه‌یرانگانه‌ ده‌كه‌ن، سه‌ره‌كیترین گرفت كه‌ هه‌یه‌ له‌ سنوورى ئه‌و سه‌یرانگایانه‌ نه‌بوونى هۆتێل بووه‌ و هه‌ڵكه‌وته‌ى ناوچه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ كاركردن تێیدا بۆ وه‌به‌رهێنانى پڕۆژه‌ كه‌مێك زه‌حمه‌ته‌، له‌لایه‌كى هه‌ر به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى كه‌ به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرتووه،‌ نه‌توانراوه‌ بره‌وى زیاتر بدرێت به‌ كه‌ره‌تى گه‌شتوگوزاری و ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكى وه‌به‌رهێنه‌ر و بێن له‌و سنووره‌كه‌ كارى باشتر بكه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ گه‌شتیار ڕوو ده‌كه‌نه‌ سه‌یرانگاكانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌.

 

(باس) ئاماده‌كارییه‌كانتان بۆ‌ 16/3ی ئه‌مساڵ وه‌ك 30یه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕى كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ چییه‌؟
نوخشه‌ ناسیح: چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ سه‌رقاڵی ئاماده‌كاریین بۆ رۆژی 16/3 كه‌ یادى كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لێژنه‌ى باڵای مه‌راسیمى ئه‌و یاده‌ پێكهێنراوه‌ و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان كراون‌، ئه‌و به‌رنامانه‌ى دانراون‌ بۆ ئه‌و رۆژه‌ له‌ 16/3دا جێبه‌جێ ده‌كرێن، كه‌ بریتین له‌ سه‌رله‌به‌یانییه‌كه‌ى چه‌ند گوتارێك پێشكه‌ش ده‌كرێت و چه‌ند چالاكییه‌كى هونه‌رى نماییش ده‌كرێن و دواتریش تاجه‌گوڵینه‌ له‌سه‌ر مه‌زارى شه‌هیدان داده‌نرێت و بۆ ئێواره‌كه‌یشی پانێڵێكى زانستی و ئه‌كادیمى كه‌ له‌لایه‌ن زانكۆ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ كارى له‌سه‌ر كراوه‌،‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

 

(باس) به‌ شێوه‌یه‌كى گشتی دۆخى بریندارانی كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ چۆنه‌؟
نوخشه‌ ناسیح: بریندارانى چه‌كى كیمیاوى زۆرن و برینەکانیشیان به‌ شێوه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ ته‌نیا برینیك به‌ نموونه‌ له‌ قاچێكیاندا بێت و پاشان سارێژ بێت و ته‌واو، به‌ڵكوو ئه‌مانه‌ برینه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كه‌ تیایاندا هه‌یه‌ لەڕووى ده‌روونییه‌وه‌ پێویستى به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ و هه‌شمانه‌ له‌ رووى جه‌سته‌ییه‌وه‌ و پێویستیان به‌ چاودێریی به‌رده‌وام هه‌یه‌، نه‌خۆشخانه‌یه‌كى تایبه‌تیان بۆ دروست كراوه‌ و ئێستا سه‌رقاڵی دامه‌زراندنى كارمه‌ندن بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌، به‌ڵام پزیشکی پسپۆڕی نییه‌ و ئومێدمان وایه‌ ئه‌و گرفته‌ش له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا چاره‌سه‌ر بێت.

 

(باس) كه‌یسی منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌یشته‌ كوێ؟
نوخشه‌ ناسیح: به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن كه‌یسی منداڵه‌ ونبووه‌كان به‌ ئاقارێكى خراپدا برا، به‌ڵام پاشان به‌ فه‌رمانى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ هێنرایه‌وه‌ سه‌ر ڕێگاى راستی خۆی و ئێستاش دادگا داخل بووه‌ بۆ كه‌یسه‌كانى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ر كه‌سێك كه‌ منداڵی ون بووبێت له‌ ڕێگاى پشكنینێكه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌ریتانیا ده‌كرێ، یەکلا دەبێتەوە، چونكه‌ پێشتر هه‌ندێك گرفت هاتنه‌ پێشه‌وه‌، له‌ ئاقاری خۆی لایدا و ئێستا به‌ ئاقاری خۆیدا ده‌ڕوات و ئه‌و كه‌یسه‌ به‌رده‌وامه‌ و هه‌ر ده‌بێت به‌رده‌وامیش بێت تاوه‌كوو منداڵی ونبوو مابێت.

 

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Basnews

عن مصدر الخبر

باسنيوز Basnews

باسنيوز Basnews

أضف تعليقـك