كوردى

"بەرەی توركمانی زانیاری هەڵەی داوەتە توركیا"

قناة رووداو Rudaw
مصدر الخبر / قناة رووداو Rudaw

رووداو- هەولێر

سیاسەتمەدارێكی توركمانی خەڵكی كەركووك كە ماوەیەكی زۆر راوێژكاری كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی عەبدوڵڵا گول سەركکۆماری پێشووی توركیا بووە، پلان بۆ توركیا دادەنێت و داوا دەكات لە كاتی جاڕدانی سەربەخۆیی، توركیا هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان و داگیری بكات. ئەو پیاوە ئەرشەد هورمزییە كە ئێستا سەرۆكی وەقفی كەركووك و سكرتێری گشتیی یەكێتی دیالۆگی ناونەتەوەیی تورك – عەرەبە. لە بەرامبەردا بەرپرسی دیكەی توركمان هەن كە ئەنجامی گشتپرسییەكەی باشووری كوردستان دڵخۆشی كردوون، گلەییش لە بەرەی توركمانی دەكەن و دەڵێن “زانیاریی هەڵە” دەداتە توركیا.

گشتپرسییەكەی باشووری كوردستان كە لە 25ی ئەیلولی رابردوو بەڕێوەچوو، توركمانەكانی بەسەر دوو ئاراستەی جیاوازی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا دابەشكرد، بەشێك لە توركمانەكان هەر زوو چوونە نێو لیژنەی باڵای ریفراندۆم و پشتگیریی سەربەخۆی كوردستانیان كرد، بەشێكی دیكەش كە خۆی لە بەرەی توركمانیدا دەبینێتەوە، گشتپرسییان رەتكردەوە و بگرە وەك مەترسییەكیش بۆ سەر شاری كەركووك دەیبینن.

هەڵوێستی بەشێك لە توركمانەكان هەمیشە بە توركیاوە بەستراوەتەوە كە چەندینجار بەناوی پاراستنی توركمانەوە لە كەركووك و تەلعەفەر و ناوچەكانی دیكە هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازیی كردووە.

محەممەد ئیلخانی، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی كە نوێنەری توركمانەكان بوو لە لێژنەی باڵای ریفراندۆم، دەڵێت پێشتر توركیایان ئاگادار كردبووەوە كە گشتپرسی لە باشووری كوردستان دەكرێ‌. ئیلخانی بە (رووداو)ی راگەیاند “پێش دوو ساڵ لە رێگای كۆبوونەوە و لێدوانەكانمان بۆ میدیای توركیا، بەرپرسانی توركیامان ئاگادار كردووەتەوە كە ئەگەری زۆرە ریفراندۆم لە كوردستان بكرێ‌ و ئێمەش پشتگیری دەكەین، چونكە نزیكایەتیمان لە كورد باشترین بژارەیە”.

ئیلخانی پێیوایە سیاسەتی نزیكبوونەوە لە بەغدا (شیعە) كە لە دوای ساڵی 2003 وە بەرەی توركمانی پەیڕەوی دەكات، لە بەرژەوەندیی گەلی توركمان نەبووە “توركمان پەراوێزخراون، ئەو ناوچانەشیان كە لەژێر دەسەڵاتی بەغدادان، دووچاری وێرانكاری و نائارامی بوون، ئەم قسانەشمان بە روونی بە بەرپرسانی ئەنقەرە گوتووە”.

محەممەد ئیلخانی لەبارەی هەڵوێستی توندی توركیا بەرامبەر باشووری كوردستان دەڵێ‌ “توركیا لە رێگای بەرەی توركمانییەوە زانیاری هەڵەی پێدەگات، پێشتر كە ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری دەرەوە بوو، مەلەفی توركمانەكان باش دەچووە پێشەوە، بەڵام لە سەردەمی ئەم وەزیرە مەلەفی توركمان لە رێگای بەرەی توركمانییەوە دەبێت، بۆ نموونە كاتێك وەزیری دەرەوەی توركیا هاتە بەغدا و هەولێر تەنیا حیزبە توركمانە شیعەكانی بینی، بەرەی توركمانی نەیهێشت هیچ لایەنێكی دیكە ببینێ”.

سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی ئاماژە بەوە دەكات كە بەرەی توركمانی دۆسیەی توركمانەكانیان لە عێراق و باشووری كوردستان تەنیا لە كەركووك قەتیس كردووە و دەڵێ‌: “بەرەی توركمانی بۆ ئەوەی پاڵپشتییە سیاسیی و ماددییەكانی بەردەوام بن، پرسی توركمانەكانی قۆرخ كردووە، ئێمە راشكاوانە لە رێگای كەناڵی دیبلۆماسی و میدیاكانی توركیاوە گوتوومانە هەرێمی كوردستان بەهێزترین هاوپەیمانی توركیایە لە ناوچەكە، ئەگەر سەربەخۆییش رابگەیەنێ‌ دیسان بەهێزترین وڵات و هاوپەیمان دەبێت”.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی رۆژی گشتپرسی، هەڕەشەكانی ئەنقەرە و لێدوانی بەرپرسانی بەرەی توركمانی توندتر دەبوو، ئەگەرچی زۆرترین جوگرافیا و خاڵی هاوبەش لە نێوان توركمان و كورد هەیە، بەڵام لە مەسەلەی گشتپرسیدا، دیارترین گردبوونەوەی توركمانی كە خۆی لە بەرەی توركمانیدا دەبینێتەوە، لە نێوان هەولێر و بەغدا، دووەمی هەڵبژارد.

عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی لە كەركووك رەخنە لە بەرپرسانی بەرەی توركمانی دەگرێ و دەڵێت زانیاری هەڵە دەدەنە توركیا. كەركووكی بە (رووداو)ی گوت: “لە رۆژی گشتپرسی چەندین لێدوانی ئاگرین و توندیان لە بەغدا و ئەنقەرە دا، كەچی 25ی ئەیلول هێمنترین و ئاساییترین رۆژی كەركووكییەكان بوو، زۆربەی توركمانەكان بەشداری گشتپرسییان كرد و دەنگیان بە بەڵێ‌ دا، چونكە بەرژەوەندی گەلی ئێمە لەگەڵ كوردستانە نەك لەگەڵ بەغدا”.

دوای بەرێوەچوونی گشتپرسی، رێوشوێنەكانی بەغدا دژی باشووری كوردستان، بە داخستنی فڕۆكەخانەكان دەستی پێكرد، توركمانەكان كە زیاتر لە پارێزگای هەولێر و كەركووك نیشتەجێن، ئەوانیش زەرەرمەندی ئەو بڕیارەی بەغدان، بەو پێیەی بەشێكیان بازرگانی لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام بەرەی توركمانی لە بەرامبەر ئەو سزا بە كۆمەڵە هەڵوێستی نەبوو، بەڵكو سزای ئەو كەس و ئەندامانەی خۆشیدا كە رۆڵیان لە گشتپرسی باشووری كوردستاندا هەبوو. ئازاد كوورەچی، بەرپرسی لقی هەولێری بەرەی توركمانی و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەهۆی بەشداریكردنی لە گشتپرسی، بە فەرمانی ئەرشەد ساڵح، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە ریزەكانی ئەو بەرەیە دوورخرایەوە.

عیماد رەفعەت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە لیستی هەولێری توركمانی بە (رووداو)ی راگەیاند “ئێمە پێمانوایە نزیكبوونەوەی گەلی توركمان لەگەڵ كوردستان سەردەمی زێڕینی توركمانە، سەربەخۆیی كورستانیش لە بەرژەوەندی توركمانە”.

هەرچەندە حیزبە توركمانییەكان بەرەی توركمانی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە زانیاری هەڵەی داوەتە توركیا لەبارەی رەوشی توركمانەكان و گشتپرسی، بەڵام  ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی رەتیكردەوە زانیاری و لێدوانی سەركردەكانی بەرەی توركمانی كاریگەری لەسەر خراپیی هەڵوێستی توركیا لە گشتپرسی هەبێت و گوتی “توركیا پەیوەندی ناخۆش بوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان، دوایی ئاسایی كردەوە و توندوتۆڵی كرد و پرسی بە ئێمە نەكرد، ئێستاش كە پەیوەندییەكانیان تێكچووە پرسی بە ئێمە نەكردووە”.

Tu dikarî ev nûçe ji çavkaniya xwendin , Rudaw

عن مصدر الخبر

قناة رووداو Rudaw

قناة رووداو Rudaw

أضف تعليقـك